كاركردن لە پڕۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی بەردەوامە

سلێمانی-KDP.info- یەكێك لەو پڕۆژە گرنگ و ستراتیژیانەی كە لە دوای چاوەڕوانییەكی زۆر و بە هەوڵی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە، پڕۆژەی شەقامی 100 مەتریی شاری سلێمانی بوو، شەقامەكە لەلایەن گرووپی كۆمپانیاكانی قەیوان و بە دوو قۆناغ جێبەجێ دەكرێت، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی قەیوان گرووپیش دەڵێت، كاركردن لە شەقامەكە بەردەوامە و تا ئێستا توانراوە لە 18%ی تەواو بكرێت.
ئەلەند مەحوی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی قەیوان گرووپ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دروستكردنی (پڕۆژەی ئۆتۆبانی بابان) شەقامی 100 مەتریی سلێمانی، یەكێكە لەو پڕۆژە ستراتیژی و گرنگانەی كە لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری جێبەجێكردنی درا، پڕۆژەكە بە دوو قوناغ جێبەجێ دەكرێت و قۆناغی یەكەم بڕی 400 ملیۆن دیناری بۆ تەرخان كراوە، كە لە ئیستادا توانراوە 18%ی تەواو بكرێت، كە لەلایەن تیمی ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی شارەوانی، لیژنەی پەیوەندیدار لە پەرلەمان چاودێری دەكرێت و لە نزیكەوە سەردانی پڕۆژەكەیان كردووە، تاڕادەیەكی زۆر باش لە هەنگاوەكانی بەرەوپێشچوونی كارەكانمان ڕازین".
پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی، پڕۆژەیەكی نەوعی و جیاوازە و بە دیزاینێكی سەردەمیانە جێبەجێ دەكرێت، كە بە تەواوبوونی، قۆناغی گەشەی ئابووری و بازرگانی لە پارێزگاكە دەباتە ئاستێكی پێشكەوتوو و گرفتی هاتوچۆ و لۆدی سەر شەقامەكان بە تەواوی كەم دەكاتەوە.
مەحوی گوتیشی: "لە ئێستادا كۆمپانیاكان تەنها تەواوكردنی قۆناغی یەكەمی شەقامەكەیان لە ئەستۆ گرتووە و هیچ زانیارییەكیان نییە سەبارەت بە دەستپێكردنی قۆناغی دووەمی ئۆتۆبانی سلێمانی، ئەو بابەتە پەیوەندی بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمەوە هەیە و ئەوەی گرنگە كارەكان لە قۆناغی یەكەم بە شێوەیەكی بەرفراوان بەڕێوە دەچن، چاوەڕوانیش دەكرێت بە كەمتر لە وادەی خۆی شەقامەكە تەواو بكرێت، كە سێ ساڵی بۆ دانراوە".
هاوكات هەر سەبارەت بە گرنگیی پڕۆژەكە و چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی كارەكانی شەقامەكە لەلایەن كۆمپانیای جێبەجێكارەوە، ڕزگار محەمەد، ئەندامی لیژنەی گەشتوگوزار لە پەرلەمانی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "شەقامی ئۆتۆبانی بابان یەكێكە لە كارە گرنگ و باشەكانی كابینەی نۆیەم كە لەسەر بڕیاری سەرۆكی حكوومەتی هەرێم كەوتووەتە بواری جێبەجێكردنەوە و كاركردن لە پڕۆژەكەش بە باشی بەڕێوە دەچێت، لە ئێستادا هیچ گرفتێكی ئەوتۆ نییە كە ببێتە هۆی ڕاگرتن یان وەستانی پڕۆژەكە و بێگومان وەك لیژنەی تایبەتمەندی پەرلەمان لە داهاتووشدا بەردەوام دەبین لە چاودێریكردنی پڕۆژەكە".
11/7/ 2020، بەڕێز مەسروور بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكوومی و حزبی، بەردی بناغەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی دانا، لە میانی پێشكەشكردنی وتارێكیشدا ڕایگەیاند: "پڕۆژەكە یەكێكە لە پڕۆژە گرنگەكانی حكوومەت و خەڵكی سلێمانی شایەنی پڕۆژەی زیاترن، كابینەی نۆیەم بە بێ جیاوازی كار بۆ ئاوادانكرنەوەی ناوچە جیاوازەكان لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان دەكات".
ئەرسەلان ئەحمەد




