نەجات شەعبان بۆ KDP: پێویستە حكوومەت و پەرلەمانی كوردستان چاودێریی رەوشی بازاڕ بكەن

هەولێر-KDP.info- گۆڕانكاریی بازاڕی دراو لە عێراق و ھەرێمی كوردستان، كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر بازاڕ كردووە و جێگری سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتیش دەڵێ، پێویستە حكوومەت و پەرلەمانی كوردستان چاودێریی رەوشی بازاڕ بكەن بۆ ئەوەی دەرفەتەكە بۆ گرانفرۆشی بەكار نەھێنرێت.
نەجات شەعبان، جێگری سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار كاریگەری لەسەر ژیان و گوزەرانی ھاووڵاتیان دەبێت، بە تایبەتی چینی ھەژار زەرەرمەندی یەكەمن لەو بڕیارە، چونكە بازاڕی ھەرێمی كوردستان تێكەڵاوە و زۆرێك لە كاڵاكان بە دۆلار مامەڵەیان پێوە دەكرێت، بەڵام بەشی سەرەكیی كڕین و فرۆشتنی كەلوپەل بە دیناری عێراقییە، ئەوەش وادەكات دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمەریكی بەھای خۆی كەمتر بكاتەوە و زیاتر لەسەر ھاووڵاتیان بكەوێت، دراوی عێراقی پەیوەندیی راستەوخۆی بە دۆلارەوە ھەیە و ئەوەش گوزەرانی ھاووڵاتیان قورس دەكات".
جێگری سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی گوتیشی: "بڕیاری بانكی ناوەندیی عێراقی بۆ بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی، دوو جار زیان بە ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان دەگەیەنێت، چونكە سەرەڕای بڕینی مووچە و بودجەی خەڵكی كوردستان لەلایەن بەغداوە، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلاریش كاریگەریی نەرێنیی دەبێت".
ناوبراو هەروەها روونی كردەوە: "پێویستە حكوومەت و پەرلەمانی كوردستان چاودێریی بازاڕ بكەن، چونكە ئەو كەلوپەلانەی كڕین و فرۆشتنیان بە دۆلارە، ھیچ گۆڕانكارییان بەسەردا نایەت و دەبێت ھاووڵاتیانیش هۆشیار بن لەوەی نرخی ئەو كەلوپەلانە بە نرخی گرانتر لە پێشتر نەكڕن، كە بە دۆلارە".
قائید میرۆ




