٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

قایمقامی كۆیە: ۱۳ ملیار و ٦۰۰ ملیۆن دینار بۆ چاككردنەوەی رێگاكان خەرج كراوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- سەرەڕای قەیرانی ئابووری بە هۆی نزمبوونەوەی نرخی نەوت و بڵابوونەوە و تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا، حكوومەتی هەرێم لە ساڵی۲۰۲۰ـدا چەندین پڕۆژەی ئەنجام داون، یەكێك لەم شوێنانەی پڕۆژە و نۆژەنكردنەوەی ڕێگاوبانەكانی بۆ دەرچووە، قەزای كۆیە و دەوروبەری بووە، قایمقامی كۆیەش دەڵێت، گوژمەی ۱۳ ملیار و ٦۰۰ ملیۆن دینار بۆ چاككردنەوەی رێگاكان خەرج كراوە.

یوسف حەسەن، قایمقامی قەزای كۆیە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە سنووری قەزای كۆیە و دەوروبەری، لە ساڵی ۲۰۲۰ و كۆتاییەكانی ۲۰۱۹ كۆمەڵێك پڕۆژەی چاككردنەوەی ڕێگاوبان بۆ ئەم ناوچەیە دەرچوو لە كار و پڕۆژەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، یەكێك لەوانە، پڕۆژەی نۆژەنكردنەوەی ڕێگای كۆیە بۆ هەولێر بوو بە گوژمەی ٤ملیار و ۷۰۰ ملیۆن دینار جێبەجێ كرا، لە ئێستادا تەنیا هێڵی سپی ڕێگاكە و هۆیەكانی هاتووچۆ ماون، بۆیە ئێستا پێنج ترافیك لایت لە پڕۆژەدان لەگەڵ سپیكردن و هۆیەكانی هاتۆچۆی ڕێگای كۆیە - هەولێر و لەم پێنج ترافیك لایتە دانەیەكیان بۆ ناحیەی تەق تەق دادەنرێت كە لە مێژووی دروستبوونیەوە تەق تەق ترافیكلایتی نەبووە."

قایمقامی كۆیە، گوتیشی: "نۆژەنكردنەوەی ڕێگای كۆیە بۆ تەق تەق، بە دوو قۆناغ جێبەجێ كرا، قۆناغێكیان دووسەد و پەنجا ملیۆن دیناری بۆ سەرف كرا، قۆناغی دووەم ، هەشت سەد ملیۆن دیناری دیكەی بۆ خەرج  كرا، هەر لە چوارچێوەی ئەم پڕۆژانە، ڕێگای دەشتی كۆیە كلكەسماق ـ دوكان، بە گوژمەی شەش ملیار و سێ سەد ملیۆن دینار، جێبەجێ كرا، ئەم پڕۆژەیە گۆرانكاری تێدا كرا و، ب گوژمەی یەك ملیار و سێ سەد ملیۆن دیناری دیكەی بۆ زیاد كرا، هەروەها ڕێگای سكتان بە گوژمەی دووسەدووپەنجا ملیۆن  دینار، جێبەجێ كرا، جگە لەوەی كە لە ناوشار كۆمەڵێك پڕۆژە لە جێبەجێكردندان، لە ئێستاشدا دووسایدی ۳۰مەتری لە نۆژەنكردنەوە و جێبەجێكردندایە، ئەم پڕۆژانە هەندێكیان لە كاردان و هەندێكیان تەواو بوون، لەوانە ڕێگای كۆیە بۆ دێگەڵە تەواو بووە و هەروەها ڕێكای كۆیە بۆ ناحیەی ئاشتی و كلكەسماق بۆ دوكان كۆتایی پێهاتووە."

ناوبراو زیاتر گوتی: "لە ئێستادا ڕێگای گوندی قۆریتان قیر كراوە، ڕێگای بۆگد و كڵێسە لە قیركردندایە، كۆیە بۆ گوندی شەوگێر ئامادەی قیرتاوكردنە، ئەم پڕۆژە و نۆژەنكردنەوانە گشتی لەسەر ئەرك و كارەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە."

 

فایزە كۆیی

 

هەواڵی پەیوەندیدار