"هه‌وڵی نه‌زۆكی گرووپی عێراقچییه‌كانی كوردستان له به‌غدا"

هەولێر-KDP.info- چاودێران و په‌رله‌مانتاران و سیاسه‌تمه‌داران نیگه‌رانن له‌وه‌ی به‌شێكی به‌ناو نوێنه‌رانی كورد له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئه‌وه‌نده‌ی كار بۆ دژایه‌تیی كوردستان ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌نده ناتوانن ببنه كارتی فشار له‌سه‌ر حكوومه‌تی عێراق، له كاتێكدا ئه‌و په‌رله‌مانتارانه به ده‌نگی خه‌ڵكی كوردستان چوونه‌ته به‌غدا و بۆ داكۆكی له خه‌ڵكی كوردستان بووه، نه‌ك ببنه نوێنه‌ری به‌غدا له هه‌رێمی كوردستان.
د. مه‌حموود عوسمان، سیاسه‌تمه‌داری كورد و په‌رله‌مانتاری پێشووی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ده‌ڵێت: "به‌شێك له په‌رله‌مانتارانی كورد له به‌غدا كاریگه‌رییان هه‌بوو له‌سه‌ر به‌لاڕێدابردنی گفتوگۆكانی هه‌ولێر و به‌غدا، به‌ڵام ئێستا ئه‌وه نه‌ماوه، قسه‌ی ئه‌وان گرنگیی نه‌ماوه، قسه‌كانیان واده‌رنه‌چوو، كوردستان و حكوومه‌تی كوردستان قسه‌ی هه‌مووانی بڕیوه، ئاماده‌ییی ڕێككه‌وتنی به هه‌موو شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ به‌غدا دەربڕیوە".
قسه‌كانی د. مه‌حموود عوسمان، له كاتێكدایه كه به‌شێك له په‌رله‌مانتارانی كورد له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به ناوی گه‌لی كوردستانه‌وه خه‌ریكن كه‌شوهه‌وای گفتوگۆكانی هه‌ولێر و به‌غدا خراپ ده‌كه‌ن، ئه‌و په‌رله‌مانتارانه بە دەنگی خه‌ڵكی كوردستان چوونه‌ته په‌رله‌مانی عێراق بۆ داكۆكیكردن له مافی گه‌لی كوردستان، به‌ڵام له ته‌واوی دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق نه‌یانتوانیوه فشار بخەنە سه‌ر حكوومه‌تی عێراق کە پابه‌ندی ڕێككه‌وتنه‌كان بێت، به‌شێكیان به‌پێچه‌وانه‌وه ده‌یانه‌وێت به لێدوان و نووسراوه‌كانیان كه ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی عێراقی ده‌كه‌ن گرفت بۆ كوردستان دروست بكه‌ن و مووچه و بوودجه له به‌غداوه بۆ كوردستان ڕابگیرێت تا له‌و ڕێگایه‌وه شكست به ئیداره‌ی كوردستان بهێنرێت، ئه‌مه له كاتێكدایە کە به‌شێكیان پرۆژه‌یان داوه‌ته‌وه حكوومه‌تی عێراق بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك پارێزگایه‌كی عێراق مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كوردستان بكرێت، جگه له‌وه‌ی کە ئه‌م پرۆژه‌یه ناده‌ستوورییه، له هه‌مان كاتدا هه‌وڵێكه بۆ سڕینه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان و جۆرێكه له هاندانی حكوومه‌تی عێراق بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگای جۆراوجۆری نیشان بدرێت كه ده‌ست وه‌ربداته ناو سه‌روه‌ریی هه‌رێمی كوردستان، به‌شێكی دیكه‌ی ئەو ڕه‌خنانەی ڕووبه‌ڕووی ئه‌م په‌رله‌مانتارانه ده‌كرێته‌وه ئه‌وه‌یه كه نه‌یانتوانیوه داكۆكیكارێكی سه‌رسه‌ختی ئه‌و شایسته داراییانه بن له به‌غداوه بۆ كوردستان بنێردرێت، له‌وانه پاره‌ی گه‌نمی جووتیاران و پشكی پێشمه‌رگه و بوودجه‌ی په‌ره‌پێدانی پارێزگاكان. د. مه‌حموود عوسمان، زیاتر له‌و بارەیەوه قسه ده‌كات و ده‌ڵێت: "ئه‌و په‌رله‌مانتارانه بێده‌نگن و ئێستا گله‌یییان بۆ به‌غدایه و ده‌ركه‌وت قسه‌كانیان بێبنه‌ما بوو، له كاتێكدا ده‌بێت كورد له به‌غدا یه‌كگرتوو بێت، خۆشحاڵانه ئه‌م شانده‌ی چووه جۆرێك له كۆده‌نگیی دروست كردووه و پشتیوانیی لێ ده‌كرێت".
ڕایشیگه‌یاند: "ده‌بێت چاوه‌ڕوانی ده‌ره‌نجام بین بزانین به‌غدا چی ده‌كات ئه‌مڕۆ پرۆژه‌بوودجه‌ی 2021 ده‌چێته په‌رله‌مانی عێراق و ده‌رده‌كه‌وێت نیه‌تی عێراق چییه، به‌ڵام هه‌ندێك لایه‌ن هه‌یه، به‌تایبه‌ت شیعه‌كان، گرفت دروست ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش به فشاری وڵاتێكی دراوسێ بۆ ئه‌وه‌ی فشار له‌سه‌ر كوردستان بكه‌ن".
هاوكات شاخه‌وان ڕه‌وف به‌گ، هه‌ڵسووڕاوی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و ئه‌ندامی په‌رله‌مانی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه له په‌رله‌مانی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئه‌وه‌ی گرنگه كۆده‌نگی دروست بكرێت له به‌غدا، گرنگه ئه‌م گرفتانه‌ی هه‌ولێر و به‌غدا چاره‌سه‌ر بكرێن، چونكه هه‌موو ئه‌و كێشه و گرفتانه په‌یوه‌ندیی هه‌یه به ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵكه‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه كاتێك گرفت هه‌یه له نێوان هه‌ردوو حكوومه‌ت، خه‌ڵك زه‌ره‌ر ده‌كات، كاتێك په‌یوه‌ندییه‌كان ئاسایی ده‌بنه‌وه خه‌ڵك و حكوومه‌ت سودی لێ وه‌رده‌گرێت، بۆیه پێمان باشه په‌یوه‌ندییه‌كان ئاسایی بكرێنه‌وه و ئه‌و دۆخه‌ی هه‌یه له به‌رژه‌وه‌ندیی هیچ لایه‌نێك نییه، ده‌بێت پێش هه‌موو شتێك حكوومه‌ت هه‌نگاوی جددی بنێت بۆ ئه‌م پرسه، دواتر حكوومه‌تی عێراق هه‌ماهه‌نگ و هاوكار بێت، دواجار بگه‌ن به خاڵێكی كۆتایی و خه‌ڵك سوودمه‌ند بێت له‌م ڕێككه‌وتنه".
گوتیشی: "په‌رله‌مانتارانی كوردستان له به‌غدا كاریان كردووه و جێگای ڕێزن، به‌تایبه‌ت هه‌وڵه‌كانیان، به‌ڵام له پرسی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی ده‌بێت هه‌موو لایه‌كمان پارێزگاری لێ بكه‌ین، چونكه به‌داخه‌وه حكوومه‌تی عێراق له‌سه‌ر ئه‌م ڕێككه‌وتنانه هه‌ست ده‌كرێت فشار ده‌كات و حه‌ق وایه ئه‌و ئه‌ندامانه چۆن له‌سه‌ر حكوومه‌تی كوردستان تێبینییان هه‌یه و قسه ده‌كه‌ن، ئاواش له‌سه‌ر حكوومه‌تی عێراق به نه‌فه‌سی توندتره‌وه قسه بكه‌ن، چونكه دواجار ئه‌وان نوێنه‌ری خه‌ڵكی كوردستانن".
ڕایشیگه‌یاند: "ده‌بێت لێژنه‌ی شاندی دانوستاندن له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی كورد له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران هه‌ماهه‌نگییان هه‌بێت و یه‌كگرتووییی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان به‌لای ئێمه‌وه گرنگه، خاڵێكی دیكه ده‌بێت ئه‌وان فشار بكه‌ن بۆ به‌ده‌ستهێنانی قووتی خه‌ڵكی كوردستان''.
جیا له‌و ڕه‌خنانه‌ی له ئه‌و گرووپی په‌رله‌مانتارانه هه‌یه له به‌غدا، له هه‌مان كاتدا له‌لایه‌ن خودی حزبه‌كانیشیانه‌وه ڕه‌خنه‌یان له‌سه‌ره، چونكه پێیان وایه ئه‌مانه له به‌رنامه و په‌یڕه‌و و پرۆگرامی ئه‌وان لایان داوه، ته‌نانه‌ت پایه‌ندی بڕیاره‌كان نین، كاروان ساڵح، په‌رله‌مانتاری سه‌ربه‌خۆی خولی ڕابردووی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ ماڵپەڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "به‌داخه‌وه مۆدیلێكی بیركردنه‌وه‌ی شۆڤێنییه‌ت لای به‌شێك له په‌رله‌مانتاره كورده‌كانی به‌غدا دروست بووه، بۆیان بكرێت به یه‌ك دانیشتنی په‌رله‌مانی عێراق كۆتایی به قه‌واره‌ی كوردستان ده‌هێنن، ئه‌مه‌ش درێژكراوه‌ی مه‌شروعیه‌تی له‌ناوبردنی كوردستانه، ئه‌م گرووپه به‌قه‌ت ئه‌وه‌ی عێراقچیه‌تی ده‌كه‌ن نیو ئه‌وه‌نده له كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران نه‌یانوێراوه له به‌رانبه‌ر عه‌ره‌به شۆڤێنییه‌كان ده‌نگ هه‌ڵبڕن و قسه بكه‌ن، له كاتی ده‌نگدان له‌سه‌ر یاسای قه‌رز له په‌رله‌مانی عێراق ئه‌مانه ده‌بوو هۆڵی په‌رله‌مانیان بهه‌ژاندیانه نه‌ك دوای ده‌نگدان له‌سه‌ر یاساكه په‌نجه‌ی تۆمه‌ت بۆ كوردستان درێژ بكه‌ن، به‌داخه‌وه ئه‌م گرووپه بوونه‌ته نوێنه‌رانی به‌غدا له كوردستان، نه‌ك نوێنه‌ری كوردستان له به‌غدا، به‌شێكیان به پاساوی مووچه و خه‌ڵه‌تاندنی ده‌نگده‌ری كورد ده‌یانه‌وێت هه‌رچی له ده‌ستیان بێت له دژی كوردستان بكه‌ین، له به‌غدا كه درێغییان نه‌كردووه له‌و بارەیەوه، به‌شێكیان پرۆژه‌یان هه‌یه كه هه‌یمه‌نه و ده‌سه‌ڵاتی عێراق بهێننه‌وه كوردستان و پێیان خۆشتره به پۆستالی حه‌شد ده‌سه‌ڵاتی كوردستان به‌ڕێوه ببرێت، نه‌ك كورد ئیداره‌ی كوردستان بكات، ئه‌م عه‌قڵیه‌ته درێژكراوه‌ی هه‌مان ئه‌و پیلانه‌یه كه بۆ داگیركردنی كه‌ركووك و له‌ناوبردنی كوردستان هه‌یه".
ڕایشیگه‌یاند: ''دوو پرسیاری جه‌وهه‌ری هه‌یه، ده‌بێت خه‌ڵكی كوردستان له‌و گرووپه په‌رله‌مانتارانه‌ی بكه‌ن؛ یه‌كه‌م: چی‌یان كردووه بۆ ئه‌وه‌ی دانیشتووانی گونده‌كانی په‌ڵكانه و سه‌رگه‌ڕان له‌ژێر ئه‌و فشاری ته‌عریبه ڕزگاریان ببێت، كامیان توانیی یەخه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران و سه‌رۆكی په‌رله‌مان بگرێت و ئاگاداریان بكاته‌وه له‌و ته‌عریبه، دووه‌م: كامیان توانی به ده‌نگی دلێر به به‌غدا بڵێت بۆچی مووچه و قووتی هاووڵاتییانی كوردستان ده‌بڕێت، له كاتێكدا ئه‌وان بۆ كۆكردنه‌وه‌ی لایكی فه‌یسبووك و كه‌وتنه ژێر باری قه‌ره‌باڵغیی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی خه‌ریكه وڵاته‌كه‌شیان هه‌ڕاجفرۆش ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ی ئێستا ئه‌وان ده‌یكه‌ن له سه‌رده‌می سەددامیش نه‌كراوه، كه ئاماده بوو به پاره جه‌یش و جاش له‌ناو كوردان دروست بكات، ئێستا خه‌ریكه به‌بێ پاره‌ش به‌غدا كۆمه‌ڵێك له‌و خه‌ڵكانه ده‌كڕێت و ده‌یانخاته ژێر ڕكێفی خۆیه‌وه".
هه‌رله‌م بارەیەوه، نووری حه‌مه عه‌لی، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ماڵپەڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئه‌وه‌ی به‌شێك به ناوی په‌رله‌مانتاری كورد له په‌رله‌مانی عێراق ده‌یكه‌ن، هیچ شۆڤێنی و دوژمنێكی كورد نه‌یكردووه، جا ئه‌وان ناوه‌كه‌شیان به شۆڤێنی ڕۆیشتووه و ئه‌مانیش به نوێنه‌ری كورد، ده‌نا له شێوه‌ی بیركردنه‌وه و ڕه‌فتاریان جیاوازییان نییه و ئێمه له ناوخۆی خۆمان هه‌رچییه‌كمان كردبێت و گله‌ییمان هه‌بێت، له ناوخۆی خۆمانه و به‌س ناكرێت ئه‌مه پێناسه بكرێت بۆ دژایه‌تیی قه‌واره‌ی كوردستان و مووچه‌خۆرانی كوردستان، ئه‌وه‌ی ده‌كرێت جگه لە لێدانی خه‌نجه‌ری ژه‌هراوی له پشتی كورد له‌لایه‌ن كورد خۆیه‌وه پێناسه‌یه‌كی دیكه‌ی نییه، ئاخر له كوێ ڕەوایە داوا له به‌غدا بكه‌یت بێت سه‌روه‌ریی كوردستان پێشێل بكات و خۆی ڕاسته‌وخۆ وه‌ك پارێزگایه‌ك مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كوردستان بكات" .
ڕاپۆرتی كارزانی سه‌باح هه‌ورامی




