شاخەوان رەئووف: لە وەزارەتی ناوخۆ ھەنگاوی باش بۆ چاكسازی نراون

هەولێر-KDP.info- دوای پەسەندكردنی یاسای چاكسازی لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە، حكوومەت دەستی بە ھەنگاوەكانی چاكسازی كردووە و سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ و ئەنجوومەنە خۆجێیەكانیش لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای كرد، لە وەزارەتی ناوخۆ ھەنگاوی باش بۆ ئەنجامدانی چاكسازی نراون.
شاخەوان رەئووف بەگ، سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەو چاكسازیانەی پەیوەستن بە وەزارەتی ناوخۆوە، ھەنگاوی باش نراون بۆ ئەنجامدانی چاكسازی، لەبەر ئەوەی پڕۆسەی چاكسازی درێژە و قۆناغ بە قۆناغ جێبەجێ دەكرێت، بە تایبەتی لە رابردوودا لەبارەی پرسی رێكخستنی یەكەی پاسەوانی كاری باشیان ئەنجام داوە".
سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ دەشڵێت: "لیژنەی ناوخۆ چاودێریی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی دەكات و ئەوەیشی پەیوەندی بە وەزارەتی ناوخۆوە ھەیە، كار لەسەر جێبەجێكردنی ئەو بڕگانەی یاسای چاكسازی دەكرێت، ئەوانەی پەیوەستن بە ھێزەكانی ناوخۆوە".
ناوبراو جەختیشی كردەوە: "وەزارەتی ناوخۆ جددییە لە جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی و ھەمیشە بۆ ئەنجامدانی كارەكانی پرس و را بە لیژنەی ناوخۆ و ئەنجوومەنە خۆجێیەكان لە پەرلەمانی كوردستان دەكات، ئەوەش مانای ئەوەیە چاكسازی دەستی پێكردووە و كاری تێدا دەكرێت".
قائید میرۆ




