٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فەرماندەیەك: نەگەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركووك، هۆكاری زیادبوونی كردەوە تیرۆریستییەكانە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- فەرماندەیەكی پێشمەرگە، هۆكاری زیادبوونی كردەوە تیرۆریستییەكانی داعش لە ناوچەكانی كەركووك و دەوربەری ئاشكرا دەكات و دەڵێت، تا ئێستا داعش هەڕەشەیەكی جیدییە بۆ سەر ئارامیی ناوچەكە. روونیشی دەكاتەوە كە دروستبوونی بۆشایی ئەمنی و نەگەڕانەوەی پێشمەرگە و نەبوونی هێزێكی هاوبەشی تۆكمە لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق، هۆكاری سەرەكییە بۆ زیادبوونی كردەوە تیرۆریستییەكان.

عیرفان حەمەخان دارا، فەرماندەی یەكەی 50ی گەرمیان، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: " ئێستا بەراورد بە ڕابردوو جموجۆڵی تیرۆریستانی داعش لە سنووری ناوچەكانی كەركووك، سنووری مەخموور، چیای قەرەچووغ و جەلەولا، ڕوو لە زیادبوونە، داعش هەمیشە لەو ناوچانە كردەوەی تیرۆریستی ئەنجام دەدات كە بۆشایی ئەمنییان هەیە، بە تایبەت كە هێزی پێشمەرگە تێیدا باڵادەست نەبێت، بۆیە هەماهەنگی و بوونی هێزی نیزامیی هاوبەش لە نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە، تاكە چارەسەرە بۆ بنەبڕكردن و سنوورداركرنی چالاكییە تیرۆریستییەكان، كە بەداخەوە لە ئێستادا ئەم هەماهەنگییە نییە".

فەرماندەكەی پێشمەرگە دەشڵێت: "بە هۆی فراوانیی سنووری جوگرافیی ناوچەكەوە، سوپا و پۆلیسی عێراقی لە ئێستادا بە تەنها ناتوانن ئەمنییەتی ئەو ناوچانە دابین بكەن، ئەوان تەنها ئەو جێگایانە دەپارێزن كە ڕەبیە و خاڵی سەربازیی خۆیانیانی تێدایە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی دڵەڕاوكێ و ترسێكی زۆر لای دانیشتووانی سنوورەكە، بە تایبەت هاووڵاتیانی كوردی دانیشتووی ناوچەكە".

رێكخراوی تیرۆریستیی داعش، لە مانگی حوزەیرانی ٢٠١٤ـدا دەستی بەسەر تەواوی پارێزگای مووسڵ، سەڵاحەددین و ئەنبار و بەشێكی پارێزگاكانی دیالە و كەركووكدا گرت، كە دواتر هێزە عێراقییەكان ئۆپەراسیۆنیان بۆسەر رێكخراوە تیرۆریستییەكە دەست پێكرد و لە نۆی كانوونی یەكەمی ٢٠١٧دا، سەرۆكوەزیرانی پێشووتری عێراق، حەیدەر عەبادی، سەركەوتنی بەسەر داعشدا راگەیاند.

 

ئەرسەلان ئەحمەد

 

هەواڵی پەیوەندیدار