پێویستە لە ماوەی ١٥ رۆژدا كێشەی گوندی پەلكانە چارە بكرێت

سەرگەڕان-KDP.info- بەڕێوەبەری ناحیەی سەرگەڕان رایگەیاند، لیژنەیەك لە پەرلەمانی عێراق دروست كراوە، بۆ ئەوەی كێشەی گوندی پەلكانە چارە بكات و مۆڵەتی ١٥رۆژیشیان پێ داوە كە پێویستە لەو ماوەیەدا چارەسەری بكەن.
لوقمان حوسێن، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لە پەرلەمانی عێراق لیژنەیەك لە ھەموو پێكھاتەكان دروست كراوە بۆ ئەوەی كێشە سنووری ناحیەی سەرگەڕان و بە تایبەت كێشەی گوندی پەلكانە چارەسەر بكەن و جووتیارەكانیش سەردانی ئێمەیان كردووە و داوایان كرد پەلە بكرێت لە چارەسەركردنی ئەو كێشانە و ئێمەش بەڵێنمان پێ دان ئەوەی لە دەستمان بێت لەگەڵ حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆیان ئەنجام بدەین".
حوسێن گوتیشی: "بەپێی بەدواداچوونی ئێمە، لیژنەكەی پەرلەمانی عێراق ١٥رۆژ مۆڵەتیان پێ دراوە كە پێویستە لەو ماوەیەدا كێشەكە بە تەواوی چارەسەر بكەن و كۆتایی بەو كێشەیە بێنن، چونكە عەرەبی ھاوردە ھاتوون و دەیانەوێت بە زۆر زەویی كورد داگیر بكەن و پێش چەند رۆژیش ماڵی كوردیان تاڵان دەكرد، بۆیە پێویستە ئەو كێشەیە بە تەواوی چارە بكرێت".
بڵند ئیبراھیم




