٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"شاندێکی سەربازیی عێراق سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکات"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ساڵی ڕابردوو ھەردوو حکوومەتی ھەرێم و فیدڕاڵ لەبارەی پێکھێنانی ژمارەیەک ژووری ھەماھەنگی لە ناوچە کوردستانییەکان ڕێک کەوتوون و بەرپرسێکی وەزارەتی پێشمەرگەش دەڵێت، بڕیارە شاندێکی سەربازیی عێراق بۆ تەواوکردنی کاری ژوورەکانی ھەماھەنگی، سەردانی ھەرێمی کوردستان بکات.

لیوا بابەکر فەقێ ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و ھۆشیاریی وەزارەتی پێشمەرگە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەنگاوی باش نراوە بۆ ھەماھەنگی و دروستکردنی چەندین ژووری ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ھەر لەو چوارچێوەیەدا ژمارەیەک لیژنەی لاوەکییش پێک هێنراون''.

بەرپرسەکەی وەزارەتی پێشمەرگە دەشڵێت: "زنجیرەیەک کۆبوونەوە لە نێوان پێشمەرگە و بەرگریی عێراق بەڕێوە چووە و بڕیارە شاندێکی سەربازیی عێراق سەردانی ھەرێمی کوردستان بکات و بەھۆی ڕەوشی ئێستای عێراقەوە سەردانی شاندەکە دوا کەوتووە".

لیوا بابەکر فەقێ ئەحمەد ڕوونی کردەوە: "ھەرکاتێک بەغدا ئامادە بێت بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی سەربازی، ئەوە وەزارەتی پێشمەرگە ئامادەیی ھەیە بۆ ئەوەی دەست بە کردنەوەی ئەو ژوورانەی ھەماھەنگی و ئۆپەڕاسیۆن بکرێت و لە ناوچە دیاریکراوەکان پێکەوە بەرەنگاری تیرۆریستانی داعش دەبینەوە''.

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار