سەفار بۆ KDP: ھەرێم و بەغدا لە یەك نزیك بوونەتەوە.. تهنیا ھەندێك وردەكاریی ماوە

بەغدا-KDP.info- بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ھەرێم و بەغدا لە یەك نزیك بوونەتەوە و گەیشتوونەتە رێككەوتن، تەنھا ھەندێك وردەكاریی تەكنیكی ماوە لەسەری بگەنە رێككەوتن و بڕیارە شاندەكە لە بەغدا بێت تا رێككەوتن دەكرێت.
دكتۆر ئەحمەد سەفار، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "شاندی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ حكوومەتی عێراق و لایەنەكان بەردەوامن لە گفتوگۆكردن و لێكنزیكبوونەوەی باش لە نێوان ھەردوولا ھەیە و گەیشتوونەتە رێككەوتن، بەڵام ھەندێك وردەكاری ماوە لەسەری بگەنە رێككەوتن، ئەو وردەكاریانەش زیاتر تەكنیكین".
سەفار گوتیشی: "دانوستانەكان بەردەوام دەبن تاوەكو دەگەنە رێككەوتنی كۆتایی و بڕیارە شاندی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیش لە بەغدا بمێنێتەوە و نەگەڕێتەوە بۆ ھەرێمی كوردستان تاوەكو ئەمجارە دەگەنە رێككەوتنی كۆتایی".
دەشڵێ، جارێ وردەكارییەكان ماون یەكلا بكرێنەوە لە نێوان ھەردوولا و ھەر كاتێك گەیشتنە رێككەوتنی كۆتایی، ئەوكات بە فەرمی رایدەگەیەنن.
شاندێ حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ماوەی چەند رۆژێكە لە بەغدایە و بەردەوام گفتوگۆ لەگەڵ حكوومەتی عێراق و لایەنە سیاسییەكانی عێراق دەكات، بۆ ئەوەی لەبارەی كێشەكانی نێوانیان بگەنە رێككەوتن، بە تایبەت كێشە داراییەكان و شاندەكەش بڕیاری داوە لە بەغدا بمێنێتەوە تا دەگەنە رێككەوتن.
بڵند ئیبراھیم




