٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

خەسرۆ گۆران بۆ KDP: ھۆكاره‌كانی دواخستنی ھەڵبژاردنی عێراق ئاشكرا ده‌كات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت، پێویستە بودجە بۆ ھەڵبژاردنی داھاتوو تەرخان بكرێت، بەڵام ئەستەمە لە وادەی خۆیدا ھەڵبژاردنەكە ئەنجام بدرێت و رەنگە لێكتێگەیشتن لە نێوان لایەنەكاندا ھەبێت، بۆ ئەوەی چەند مانگێك دوابخرێت و لە مانگی ١٠ی ساڵی داھاتوودا بكرێت.

خەسرۆ گۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئەو وادەیەی بۆ ھەڵبژاردن دیاری كراوە ٦/٦/٢٠٢١ـە، بەڵام لەبه‌ر هۆكاری تەكنیكی و ھەندێك ھۆكاری دیكە، ئەستەمە لەو وادەیەدا ھەڵبژاردن بكرێت، چونكە جۆرە لێكتێگەیشتنێك لە نێوان لایەنەكاندا ھەیە، كە ھەڵبژاردنەكە چەند مانگێك دوابخرێت تا مانگی ١٠ی ساڵی داھاتوو".

گۆران گوتیشی: "لە رووی دابینكردنی بودجەوە، پێویستە حكوومەتی عێراق بودجە بۆ ھەڵبژاردن دابین بكات و مەرج نییە ھەموو بودجەكەش تەرخان  بكرێت، بەڵام پێویستە بەشێكی تەرخان بكرێت بۆ ئەوەی كۆمسیۆن كارەكانی پێ ڕایی بكات بۆ ئامادەكاریی ھەڵبژاردن لە ڕووی لۆجستی و ھەنگاوەكانی دیكە".

دەشڵێ: "كۆمسیۆن راستە شەش مانگی بەسە بۆ ھەڵبژاردن لە دۆخێكی ئاسایی و لە وڵاتێكی ئارامدا، بەڵام جارێ كۆمسیۆن نوێیە و زۆرینەیان دادوەرن و ئەزموونی تەكنیكی ھەڵبژاردنیان نییە، بۆیە پێویستیان بە كاتی زیاتر ھەیە و لە لایەكی تریشەوە قەیرانی كۆرۆنا ھەیە، ئەمە جگە لە قەیرانی دارایی، بۆیە كۆمەڵێك ھۆكار ھەن كە چەند مانگێك ھەڵبژاردن دوابخرێت، چونكە رەنگە تا مانگی ١٠ی ساڵی داھاتوو دۆخەكە لە ڕووی سیاسی و ئەمنییەوە ئاسایی ببێتەوە و كۆرۆناش سوكتر بێت و ڤاكسین بگاتە عێراق و دۆخی ئابووریش باشتر بێت".

بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی ڕوونیشی كردەوە: "بۆ ناوچە كوردستانییەكان پێویستە لێكتێگەیشتن و رێككەوتن ھەبێت و متمانە لە نێوان ھەرێم و بەغدادا ھەبێت، چونكە لە ٢٠٠٣ـوە تا ١٦ی ئۆكتۆبەر كورد شەریكی راستەقینە بوو لە شنگال تا مەندەلی، بەڵام ئێستا بەو شێوەیە نییە و ئومێدەوارین جۆرێك رێككەوتن ھەبێت، بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە بۆ ئەو ناوچانە و رێككەوتنی فەرمیی ھاوشێوەی شنگال بكرێت و دۆخەكە ئاسایی بكرێتەوە".

 

بڵند ئیبراھیم   

هەواڵی پەیوەندیدار