٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پۆلیسی هاتوچۆ: ئەوە لە ڕاستییەوە دوورە.. فۆڕم نابێت بە پارە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر، ڕەتی دەكاتەوە لە دوای ساڵی نوێ فۆڕمی مۆڵەتی شوفێری گران بێت و بە پارە دابەش بكرێت، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتییەكەش دەڵێت، هەنگاوی باشیان بۆ بەئەلیكترۆنیكردنی سیستمی هاتوچۆ ناوە، كە كارئاسانییەكی زۆر بۆ شوفێران دەكات.

فازڵ حاجی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو دەنگۆیە ڕەت دەكەینەوە كە گوایە بەشی پێدانی مۆڵەتی شوفێری لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر فۆڕمی مۆڵەتی شوفێری دابەش ناكات لە دوای سەری ساڵی نوێ و فۆڕم دەبێت بە پارە و باجی دێتە سەر، ئەوەی لەوبارەیەوە دەگوترێت، لە ڕاستییەوە دوورە".

ناوبراو گوتیشی: "بەشی مۆڵەت لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر بەردەوام دەبێت لە پێدانی فۆڕم بە هاووڵاتیان بەخۆڕایی، تا ئێستاش هیچ نووسراو و بڕیارێكی فەرمی لەوبارەیە ئاڕاستەمان نەكراوە، تاكو بڕیاری فەرمیشمان بۆ نەنێردرێت، هیچ گۆڕانكارییەك روو نادات، بۆیە ئەو دەنگۆیەی هەیە بۆ بەشێك لە نووسینگەكانی فێركاری لێخورینی ئۆتۆمبێل دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لە رووی ماددییەوە سوودی زیاتر بكەن".

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر روونیشی كردەوە: "بە گرینگەوە دەڕوانینە گرێبەستی نێوان وەزارەتی ناوخۆ و كۆمپانیا ئەڵمانییەكە بۆ بەئەلیكترۆنیكردنی سیستمی هاتوچۆ، كە لەو رووەوە هەنگاوی باشمان ناوە و لە هەوڵەكانمان بەردەوامین، هەر كاتێكیش داوامان لێ بكرێت، ئامادەین بۆ حكوومەتی ئەلیكترۆنی، كە ئەم پڕۆسەیە خزمەتێكی بەرچاو و گرینگ بە هاووڵاتیان و شوفێران دەكات لە كاتی ڕاییكردنی مامەڵەكانیان".

 

هۆزان سەمەد

هەواڵی پەیوەندیدار