ئەمڕۆ ڕۆژی ئاڵای کوردستانە

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٧ی١٢ی وەک ڕۆژی ئاڵای کوردستان دەستنیشان کراوە و لە هەرێمی کوردستان و لە دامودەزگا فەرمییەکان ساڵانە یادی دەکرێتەوە و بۆنە و ڕێوڕەسمی تایبەت بەو بۆنەوە بەڕێوە دەچێت.
مێژووی ڕۆژی ناودێرکردنی ئاڵای کوردستان بۆ ساڵی ١٩٤٥ و ٣٥ ڕۆژ بەرلە دامەزراندنی کۆماری کوردستان دەگەڕێتەوە کاتێک دوایین دامودەزگای حکوومەتی پاشایەتی لە مەهاباد لابرا و لەسەر شارەوانیی مەهاباد ئاڵای کوردستان هەڵکرا، لەو کاتەوە و ١٧ی ١٢وە لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاڵای کوردستان بە فەرمی لە شۆڕشەکانی کورددا هەبووە.
دواتر ئاڵای کوردستان کە لەلایەن سەیدزادە فاتمە حوسێنی ژنە تێکۆشەری خەڵکی مەهاباد کە یەکەم کەس بووە بەدەستی خۆی ئاڵای کوردستانی دووریوە، لە ڕێکەوتی ٢٢ی ١ی١٩٤٦ و لە کاتی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان بە سەرۆکایەتیی پێشەوا قازی محەمەد و بە ئامادەبوونی بارزانیی نەمر بە فەرمی هەڵکرا و وەک شکۆ و هێمای نەتەوەیی بە فەرمی ناسێندرا.
دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان بە دەستی دوژمنانی کورد، ئاڵای کوردستان لەلایەن پێشەوا قازی محەمەدەوە ڕادەستی بارزانیی نەمر کرا و هەتا ئەمڕۆ لە شۆڕشەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک هێما و سیمبۆلی نەتەوەی کورد پارێزراوە و بە فەرمی بەکار دەهێندرێت.
هاوكات پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی ١٩٩٩ بە بڕیارێك ئاڵای فەرمیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی ناساند لە ساڵی ٢٠٠٩دا پەرلەمانی كوردستان بە فەرمی بڕیاری دا ڕۆژی ١٧ی كانوونی یەكەمی هەموو ساڵێك وەكوو ڕۆژی ئاڵا دیاری بكرێت لەو ڕۆژەدا سەرجەم ئاڵاكانی سەر دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستان بگۆڕدرێن و نوێ بكرێنەوە.
سروودی نشتیمانی:
سروودی ئەی رەقیب لەلایەن شاعیری كورد یونس رەئووف ناسراو بە "دڵدار" لەساڵی 1940 دانراوە، بووەتە بەشێك لە كولتوور و فەرهەنگی میللەتی كورد و جێگەیەكی پیرۆزی لە بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان و دڵی جەماوەرەكەیدا هەیە و سیمبۆلی خەبات و بەرخۆدانی گەلی كوردە.
مانای چوار ڕەنگەكەی ئاڵای كوردستان
سوور: هێمای شۆڕشگێڕی و خوێنی شەهیدانی میللەتی كوردە لەپێناو مافەكانیاندا.
سپی : هێمای ئاشتیی و ئاساییشە كە میللەتی كورد بەردەوام ئاشتیخواز بووە.
سەوز : لە سروشتی كوردستانەوە هاتووە و هێمای ژیانەوەیە.
زەرد: مەبەست لە ڕۆژە بیست و یەك تیشكییەكەیە كە هێمای دواڕۆژی میللەتی كورد و هاوکات وەک هێمای٢١ی ٣ یە کە دەبێتە نەورۆز ڕۆژی نەتەوەیی کوردستان.




