٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

حکوومەت ئەمڕۆش نەیتوانی پڕۆژەیاسای بوودجە پەسەند بکات

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا -KDP.info- بڕیاردەری لیژنەی داراییی پەرلەمانی عێراق گوتی، بڕیار بوو ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەی خۆیدا پڕۆژەیاسای بوودجە پەسەند بکات بۆ ئەوەی ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت و پەسەند بکرێت، بەڵام بەھۆی ئەوەی لەسەری ڕێک نەکەوتوون پەسەند نەکرا و ھۆکارەکەیشی ھیچ پەیوەندیی بە ھەرێمی کوردستانەوە نییە.

دکتۆر ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی داراییی پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بڕیار بوو ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەی ئاساییی خۆیدا پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراق پەسەند بکات، بەڵام ئەمڕۆ بەھۆی ڕێکنەکەوتن لەسەری پەسەند نەکراوە و ئێمەش چاوەڕێ دەکەین پەسەند بکرێت و ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت بۆ پەسەندکردن".

دکتۆر ئەحمەد سەفار گوتیشی: "پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراق پێویست بوو زووتر پەسەند بکرێت و ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت، بەڵام باس لەوە دەکرێت کە کورتھێنانی ھەیە و تا نەگاتە دەستی ئێمە نازانین ڕێژەی کورتھێنانەکەی چەندە".

سەفار باسی لەوەش کرد: "ئەوەی باس لەوە دەکات ھۆکاری دواکەوتنی ڕەوانەکردنی پڕۆژەیاسای بوودجەی ساڵی داھاتوو ڕێککەوتنی ھەرێمی کوردستانە ڕاست نییە، چونکە دەتوانن ڕەوانەی بکەن دواتر ڕێککەوتن بکرێت، چونکە ھەموو جار ڕێککەوتنی ھەرێم و ئەوەی پەیوەندیی بە ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە دەکەوێتە کۆتاییی پەسەندکردنی بوودجە، بۆیە ھۆکارەکەی لای حکوومەت خۆیەتی و پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە و داواکارین بەزوویی پڕۆژەیاسای بوودجە ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت، بۆ ئەوەی هیچی دیکە دوا نەکەوێت و پەسەند بکرێت".

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار