٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەھۆی پەکەکە ٨٠٠ گوند لە ھەرێمی کوردستان چۆڵ کراون

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی کوردستان گوتی، بەھۆی پەکەکەوە تاوەکو ئێستا لە ھەرێمی کوردستان ٨٠٠ گوند چۆڵ کراون و ناکرێت ئاوەدان بکرێنەوە و ھەر بە چۆڵکراوی ماون، چونکە ئەو خەڵکە مەترسی لەسەر ژیانیان ھەیە، بۆیە ناتوانن گوندەکان ئاوەدان بکەنەوە و بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان .

وەیسی سەعید وەیسی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی زەرد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتی: ''بەھۆی بوونی پەکەکە لە ھەرێمی کوردستان زیانی زۆری ماددی و گیانی بەر ھاووڵاتییانی کوردستان کەوتووە، چونکە پەکەکە دێن بۆ ناو گوندەکان لە ناوچە سنوورییەکان و تورکیاش بۆردوومانیان دەکات. پەکەکە بووەتە بەڵایەک بۆ خەڵکی ئەو ناوچانە و زەرەرمەندی ئەو کارەی پەکەکەش خەڵکی گوندەکانی سەر سنوورن، لە کاتێکدا ئەوەی پەکەکە دەیکات کە شوێنی ئەوان نییە، بەڵام ناوچە سنوورییەکان و خەڵکیش زیانیان پێ دەگات و، تا ئێستا چەندین کەس شەھید بوون و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون و زەرەری ماددیش گەلێک زۆرە" .

وەیسی سەعید وەیسی گوتیشی: "لە سەرتاوە تاوەکو ئێستا لە ھەموو ھەرێمی کوردستان، دھۆک و ھەولێر و ناوچەکانی دیکە زیاتر لە ٨٠٠ گوند بە شێوەیەکی گشتی چۆڵ کراون و خەڵکی ئەو گوندانەش ئاوارەی ناوچەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان بوون و ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ سەر گوندەکانی خۆیان بەھۆی ئەوەی مەترسی لەسەر ژیانیان ھەیە، بۆیە ھیوادارین پەکەکە واز لەو کارە بێنێت و چیتر زیان بە خەڵکی ناوچە سنوورییەکان نەگەیەنێت، چونکە ئەمە بە ھیچ شێوەیەک لە بەرژوەندیی خەڵکی کوردستان و دۆزی کورد نییە''.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار