٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەرپرسی ئۆفیسی (یۆنامی) و مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوە كۆبوونەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- لە مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك)، لە لایەن بەرپرس و ژمارەیەك لە ستافی مەكتەبەوە، پێشوازی لە ڕێكاردۆ ڕۆدریگێس، بەرپرسی ئۆفیسی نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەرێمی كوردستان (یۆنامی) و خاتوو ماریا كۆپەرس، بەرپرسی كاروباری سیاسیی ئۆفیسی یۆنامی لە هەولێر كرا.

لە دیدارەكەدا، هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك) سوپاسی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانی كرد بۆ هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە بوارە جیاجیاكاندا و داوای كرد ڕێكخراوە لۆكاڵییەكان بۆ دابینكردنی پێداویستیی ئاوارە و پەنابەران و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵ و بە تایبەتی كێشەكانی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكەن.

دوا وتاری خاتو جەنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عێراق لە ئەنجومەنی ئاسایش بەرز نرخێندرا كە لە وتارەكەیدا باسی زۆر لە گرفت و كێشەكانی نێوان هەریمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدراڵی كردبوو و ئاماژەی بە هەندێك لە پرسە هەڵواسراوەكان و ڕێگای چارەسەر و بە تایبەتی دوورخستنەوەی پرسە دارایی و ئیدارییەكان لە ناكۆكییە سیاسییەكان، خستبووە ڕوو.

لە بەشێكی دیكەی ئەو دیدارەدا، باس لە ڕێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخەكە و گەڕانەوەی ئاوارەكانی شنگال كرا. پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك) ستایشی ڕۆڵی نەتەوە یەكگرتووەكانی كرد لە سەرخستنی ڕێكەوتنی ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال لە نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق بە چاودێری و هاندانی  نوێنەری تایبەتی سكرتیری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق، گەییشتە ئەنجام كە لە ئێستادا هەردوو لا هەوڵی ئاساییكردنی دۆخی دەڤەری شنگال دەدەن، بە پێی ڕێككەوتنی واژۆكراوی نێوانیان.

بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك) و  بەرپرسی ئۆفیسی یۆنامی لە هەرێمی كوردستان، هیوایان خواست كە ڕێكەوتنی شنگال ببێتە بنەمای ڕێكەوتن و لێكتێگەیشتنی زیاتر بۆ چارەسەری گرفتی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم. 

لە درێژەی گفتوگۆكاندا هەردوو لا باسی هەنگاوەكانی شاندی هەرێمی كوردستانیان كرد لە بەغدا  بۆ گەییشتن بە ڕێككەوتن لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی ئاماژەی بە ئامادەیی هەرێم دا كە چەندین جار ڕێزدار سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكوومەتی ھەرێم جەختیان لێ كردووەتەوە، ئەویش ڕێككەوتنە لەسەر بنەمای دەستوور.

بەڕێز ڕێكاردۆ ڕۆدریگێس، بە ناوی نوێنەرایەتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەرێم و عێراق سوپاسی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستانی كرد كە هەمیشە هاوكار بوون و ئامادەییان پێشان داوە بۆ دانوستان و ڕێككەوتن لەگەڵ لایەنەكانی گۆڕەپانی سیاسیی عێراق و هەرێم. دەربارەی دواین گرفتی نیوان هەولێر و بەغداش، بەرپرسی ئۆفیسی نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەرێمی كوردستان جەختیان كردووە كە پێویستە هەر دوولا ڕێز لە دەستوور بگرن و گرفتەكان چارەسەر بكەن و ڕێگا نەدەن جیاوازی لە بۆچوون و كێشە سیاسییەكان، كاریگەری بكاتە سەر ژیانی خەڵك.                     

لە میانی دیداری نێوان ئوفیسی نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەرێمی كوردستان و مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك)، هەروەها ئاماژە بە خۆپیشاندانەكانی ئەم دواییەی سنووری سلێمانی كرا و هەردوولا جەختیان كردەوە كە خۆپیشاندان مافی ڕەوا و ڕەهای هەموو تاكێكە، بەڵام هەموو لایەك دەبێت خۆیان بپارێزن لە ڕووبەڕووبوونەوە و پێكدادان. پێویستە لایەنە دیارەكان لە حكوومەتی فێدراڵ و هەرێم دەستبەجێ هەوڵەكانیان چڕ بكەنەوە بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەی كە بوونەتە هۆكاری ئەو خۆپیشاندانانە، ڕێگەش نەدەن لایەنی دەرەكی دەستێوەردان بكات و خواستی ڕاستەقینەی خۆپیشاندەران بۆ مەرامی دیكە بە كار بهێنێت.

 ئاڵۆزییەكانی سەر سنوورەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، بەشێكی دیكەی ئەو دیدارە بوو، كە پێویستە ڕێز لە سەروەری و دەستەڵاتی سیاسی و یاسایی هەرێمی كوردستان بگیرێت و لایەنە ناكۆكەكان پرسەكانی خۆیان ببەنەوە مەیدانی خۆیان و لەوێ بە گفتوگۆ چارەسەریان بۆ بدۆزنەوە.

ڕیكاردۆ ڕۆدریگێس، بەرپرسی ئۆفیسی (یۆنامی) لە هەرێمی كوردستان و پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك)، جەختیان لە گرنگیی ئەم جۆرە دیدارانە كردەوە بۆ ئاگاداربوون لە پەرەسەندنەكانی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و گەیاندنی زانیاریی دروست بۆ بەردەوامیدان بە هاوكاری و هەماهەنگیی نێوانیان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.

هەواڵی پەیوەندیدار