حكوومەتی هەرێم كار بۆ دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرهەمی جووتیاران دەكات

هەولێر-KDP.info- بریكاری وەزارەتی كشتوكاڵ و ئاودێریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، بە مەبەستی نەفەوتانی بەرهەمی تەماتەی جووتیاران و دۆزینەوەی بازاڕ بۆیان، ئەمڕۆ وەزارەتی كشتوكاڵ یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنی لەگەڵ دوو كارگەی بەرهەمهێنانی دۆشاوی تەماتە واژۆ كرد.
كەریم سلێمان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بە هۆی زۆریی بەرهەمی تەماتە، ساڵانە لە كاتی پێگەیشتنی بەرهەمی تەماتەی جووتیاران نرخی تەماتە زۆر دادەبەزێت و جووتیارانیش گرفتی بەبازاڕكردنی بەرهەمەكانیان دەبێت، كە بەو هۆیەشەوە زیانی زۆر دەكەن، بۆیە ئێمە وەك وەزارەت كار دەكەین بۆ ئەوەی ساڵی داهاتوو ئەم گرفتە دووبارە نەبێتەوە".
سلێمان گوتیشی: "ئەمڕۆ وەزارەت لەگەڵ هەریەكە لە كارگەی دۆشاوی تەماتەی هەریر و شارەزوو یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنی واژۆ كرد بە مەبەستی كڕینی بەرهەمی جووتیاران لە ساڵی داهاتوودا و كارگەكانیش لەگەڵ جووتیاران رێككەوتنامە دەكەن بۆ كڕینەوەی بەرهەمی تەماتە بە نرخێك كە لە كاتی پێگەیشتنیدا دیاری دەكرێـت".
بریكاری وەزارەتی كشتوكاڵ و ئاودێری دەشڵێ، ئەو نرخەی كە كارگەكان دیاری دەكەن، گونجاو دەبێت و جووتیارانیش سەرپشكن لەوەی تەماتەكانیان بە كارگەكان بدەن یان خۆیان بیفرۆشن.
هێدی كاكەیی




