حکوومەتی هەرێم ئامادەیە لێکۆڵینەوە لە هەر پێشێلکارییەکی مافی مرۆڤ بکات

ھەولێر-KDP. Info- لە ڕێکەوتی 13/12/2020، ڕێکخراوی ''هیومان ڕایتس ۆوتچ'' بەیاننامەیەکی لەژێر ناوی "عێراق: هەنگاوێک بەرەو دادپەروەری بۆ گومانلێکراوانی نەوجەوانانی داعش" بڵاو کردەوە.
بەیاننامەکە ستایشی هەوڵەکان دەکات لە دابینکردنی دادپەروەری بۆ منداڵانی سەر بە داعش لە هەرێم و عێراق. لە هەمان کاتدا، لە پاڵ تۆمەتەکان بۆ لایەنەکانی تر، بەیاننامەکە پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە گوایە نەوجەوانانی داعش لە هەرێم ڕووبەڕووی ئەشکەنجە دەبنەوە لە یەکە چاکسازییەکان، هەروەها مەترسیی دووبارە دادگاییکردنەوەیان لەسەرە لەلایەن دادگا فیدڕاڵییەکانەوە دوای تەواوکردنی خزمەتی بەندینخانەیان.
لەم بارەیەوە، د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێم، گوتی: "بارودۆخی یەکە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە چاودێری دەکرێت، لەوانەش ''کۆمیتەی خاچی سووری نێودەوڵەتی'' و ''نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق- یونامی''، کە ئەمیان سەر بە ''نووسینگەی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان''ە."
د. دیندار زێباری ڕوونی کردەوە کە "ڕێکخراوی ناوبراو زانیاریی وردی لەم بارەیەوە نەداوە، وەک ناو و ناونیشان و زیانی قوربانییەکان". هەروەها، گوتی "دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێم ئامادەن لێکۆڵینەوە لە هەر پێشێلکارییەک یان ئەشکەنجەدانێکی جەستەیی و دەروونی بکەن، ئەگەر زانیاری پێویست لە بەردەست بێت".
بۆ دەستنیشانکردنی قوربانییەکان، بەڕێز زێباری ڕوونی کردەوە کە "یاسا و ڕێسای تایبەت هەیە لەم ڕووەوە و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان پێیانەوە پابەندن. قوربانییەکان دەتوانن سکاڵانامەیەک پێشکەش بە دادوەری لێکۆڵینەوە بکەن، ئەمیش وتەیان لێ وەردەگرێت و ڕەوانەی نەخۆشخانەیان دەکات بۆ پشکنینی پزیشکی. دواتر تۆمەتەکە دەسەلمێندرێت".
لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بەم پرسە زێباری گوتی: "بەپێی ماددەی (333)ی یاساى سزادانى عێراقى ژمارە (١١١)ی ساڵی ١٩٦٩ی هەموارکراو، هەر تۆمەتبارێک لە کاتى لێکۆڵینەوە ئەشکەنجە درابێت لە ڕووی یاساییەوە پاڵپشت بە ماددەى (19/ سێیەم)ی دەستوورى عێراقى فیدڕاڵ مافى هەیە سکاڵا دژی ئەو کەسە تۆمار بکات کە ئەشکەنجەی داوە، هەروەها هەر بەندکراوێک هەر داواکارییەکى هەبێت دەتوانێت لە ڕێگاى ئیدارەى بەندیخانە، داواکارى گشتى، کەسوکارى کاتێک سەردانى دەکەن، یاخود لە ڕێگاى ڕێکخراوەکانى تایبەت بە مافى زیندانیان وەک ڕێکخراوى خاچى سوورى نێودەوڵەتی بەرزى بکاتەوە. بێگومان هەر دانپێدانانێک کە لەژێر ئەشکەنجە درابێت ڕەت دەکرێتەوە و بکەرەکانی دووچاری سزای یاسایی دەکرێنەوە ".
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان نیگەرانیی خۆی پێشان دا سەبارەت بەو چارەنووسە نادیارەی تاوانبارەکانی داعش لە دوای ئازادبوونیان لە گرتووخانەکانی هەرێم تووشی دێن و گوتی: "هەڵوێستە دڵسۆزەکەی ڕێکخراوی ''هیومان ڕایتس ۆوتچ'' سەبارەت بەم پرسە بەرز دەنرخێنین. دەزانین کە بەندکراوەکان دوای ئازادبوونیان لە شوێنەکانی تری عێراق مەترسیی دووبارە دادگاییکردنەوەیان لەسەرە. حکوومەتی هەرێم هەردەم ئامادەیە قوربانییەکان لەخۆ بگرێت و دژی ڕاپێچکردەنەوەی زۆرەملێیە".
د. دیندار زێباری جەختی کردەوە کە "حکوومەتی هەرێم تەواو پابەندە بە یاسا و بەندەکانی ''نەتەوە یەکگرتووەکان'' و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی تر لە پرسی مافەکانی مرۆڤ. هەروەها، حکوومەتی هەرێم ئەوە لە بەرچاو دەگرێت کە هاووڵاتییانی هەرێم و پێکهاتەکانی تر، خۆیان قوربانیی ڕاپێچکردنەوەی زۆرملێ بوونە و یادگارییەکی تاڵیان لەگەڵ هەیە، بۆیە ئەم ڕەفتارانە بە یەکجاری ڕەت دەکاتەوە و بەردەوام دەبێت لە دابینکردنی شوێنی مانەوە و هاوکاری و پەروەردە بۆ ئاوارە و پەنابەرەکان، بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ".
لە کۆتاییی لێدوانەکەیدا، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێم ڕایگەیاند کە "ئەو کەسانەی کە تەمەنیان لە ١٨ ساڵ کەمترە و گومانیان لێ دەکرێت پێشتر پەیوەندییان بە داعشەوە ھەبووبێت، ئەوا وەک قوربانیی دەستی داعش مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت نەوەک تاوانبار. ئەو مێردمنداڵانە ھەمان مافی ڕاگیراوانی دیکەیان ھەیە وەک بوونی پارێزەر، بەڵام ئەگەر نەیتوانی ئەوا لەسەر دادگا پێویستە پارێزەری بۆ دابین بکات و لەم ڕووەوە ڕێکخراوی یونیسێف بەم دواییە پارێزەرێکی ڕاسپاردووە بۆ بەدواداچوونی کەیسەکانی ڕاگیراوان لە چاکسازیی ھەولێر و لایەنە پەیوەندیدارەکان ھاوکارییەکی زۆری ئەو پارێزەرە دەکەن و بەم دواییە شەش لە گیراوان لە ڕێگای پارێزەرەکەوە ئازاد کراون، ھەروەھا دەتوانن پەیوەندی بە کەسوکاریانەوە بکەن بە شێوەیەکی ئاسایی".




