کێ ئاستەنگی بەردەمی رێککەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدایە؟

هەولێر-KDP.info- هه‌ولێر و به‌غدا ده‌یانه‌وێت بگه‌ن به ڕێككه‌وتن، هه‌نگاوی باش له‌وبارەیە‌وه نراوه، به‌ڵام گرفتێكی نوێ له نێوان هه‌ردوولا سه‌ری هه‌ڵداوه، ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان له ڕێگای ڕاپۆرتێكه‌وه ورده‌كاریی ئه‌و گرفته ئاشكرا ده‌كات. لەوبارەیەوە جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌ڵێت: "یه‌كێك له گریمانه‌كان دروستبوونی شه‌ڕی ناوخۆیه".
گفتوگۆی هه‌ولێر و به‌غدا دەر‌باره‌ی پرسی بوودجە، پێشمه‌رگه، ناوچه‌ی جێناكۆكەکان و، نه‌وت به‌رده‌وامه. له ماوه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا تا ئێستا 11 جار شاندی كوردستان چووه‌ته به‌غدا، به‌شێك له‌و شاندانه سیاسی بوون و به‌شێكیان هونه‌ری، هۆكاری چوونی ئه‌م شاندانه بۆ ئه‌وه بووه هه‌ولێر و به‌غدا بگه‌نه ڕێككه‌وتنی كۆتایی بۆ چاره‌سه‌ری گرفته‌كانیان، یه‌كێك له گرفته گه‌وره‌كانی نێوانیان، پرسی بوودجە‌یه كه حكوومه‌تی عێراق له دوای ساڵی 2014ه‌وه بوودجە‌ی بۆ كوردستان نه‌ناردووه تا ساڵی 2019، ئه‌وكاتەی عادل عه‌بدولمه‌هدی بووه سەرۆکوەزیرانی عێراق، هه‌ولێر و به‌غدا ڕێك كه‌وتن به‌وه‌ی مانگانه عێراق 320 ترلیۆن دینار ڕه‌وانه‌ی كوردستان بكات، حكوومه‌تی عێراق پابه‌ندیی پێوه كرد تا ناوه‌ڕاست و كۆتایی ئه‌مساڵ كه دوای ده‌نگدان به یاسایی قه‌رزی عێراق ئه‌م ڕێككه‌وتنه له‌لایه‌ن به‌غداوه جێبه‌جێ نه‌كرا و تا ئێستا مووچه‌كانی مانگی 10 و 11 و 12ی نه‌ناردووه، ئه‌م گرفته نوێه وای كرد كه شاندی باڵای كوردستان به سه‌رۆكایه‌تیی قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌ت سه‌ردانی به‌غدا بكات بۆ ڕێككه‌وتن، به‌ڵام گرفتی هه‌ولێر و عێراق ته‌نیا له‌مه‌دا كۆ نه‌كراوه‌ته‌وه، هه‌ر جاره وه له شوێنێكه‌وه گرفت بۆ گفتوگۆكان پەیدا دەبێت د. به‌شیر حه‌داد، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌ره‌و ڕێككه‌وتن ده‌رۆین و ڕێككه‌وتن ده‌كه‌ین، ئه‌مه‌ش ڕه‌نگه ئاسان نه‌بێت، ده‌بێت هه‌ردوولا پابه‌ند بن؛ هه‌م حكوومه‌تی هه‌رێم و حكوومه‌تی به‌غدا. له‌وبارەیە‌وه حكوومه‌تی هه‌رێم ئاماده‌ییی ده‌ربڕیوه بۆ پابه‌ندبوون به ڕێككه‌وتنه‌وه و ده‌بێت به‌غداش ته‌واوی شایسته داراییه‌كان بدات و ئه‌م ڕێككه‌وتنه له‌سه‌ر مووچه نییه به‌ته‌نیا به‌شێكی بۆ مافه ده‌ستوورییه‌كانی كوردستانن، له‌وانه مادده‌ی 140 تایبه‌ته به ناوچه جێناكۆكه‌كان، چاره‌سه‌ری گرفتی زه‌ویوزار له‌و ناوچانه ئه‌مه‌ش كاتی زۆری ده‌وێت".
گرفته نوێیه‌كه‌ی هه‌ولێر و به‌غدا ئه‌وه‌یه كه ئاراسته‌ی سیاسیی گرووپه چه‌كداره‌كان باڵی بەسه‌ر سیاسه‌تی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقدا كێشاوه، ئه‌مه وای كردووه كه هێزه ڕه‌سه‌نه‌كانی عێراق له پرۆسه‌كه بكشێنه‌وه، ئه‌مه‌ش كه‌شوهه‌وای گفتوگۆكانی خراپ كردووه. د. به‌شیر حه‌داد، ده‌ڵێت: "له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گرووپه چه‌كداره‌كان و حه‌شد به‌شێك له سیسته‌می به‌رگریی عێراق، له هه‌مان كاتدا ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه حكوومه‌ت كۆنترۆڵیان له‌سه‌ر ناكه‌ن، چونكه ده‌سه‌ڵاتی میلیشیاكان له حكوومه‌ت زیاتره و ئه‌وان گڵۆپی سه‌وز بۆ حكوومه‌ت هه‌ڵ ده‌كه‌ن و له په‌رله‌مان زاڵن به‌سه‌ر پرسه‌كانه‌وه به‌تایبه‌ت بۆچوونیان دیار بوو له پرسی یاسای قه‌رز و بابه‌تی دارایی و سیاسی، ئه‌مه گرفتی نوێیه له نێوان هه‌ردوولا، ڕه‌نگ بێت ڕه‌زامه‌ندیی كۆی پرسه‌كان له عێراقدا وابه‌سته‌ی سیاسه‌تی گرووپه چه‌كدراه‌كان بێت، به‌تایبه‌ت حه‌شدی شەعبی".
رایشیگه‌یاند: یه‌كێك له به‌ڵێنه‌كانی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئه‌وه بوو كه هێزه چه‌كداره‌كان له چوارچێوه‌ی هێزی نیشتمانی كۆ بكاته‌وه، ئارامی فه‌راهه‌م بكرێت و بۆ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ش پێویست به‌وه ده‌كات كه ئارامی دروست بكرێت، كۆنترۆڵی ئه‌م چه‌كانه بكرێت و ئه‌م به‌ڵێنه تا ئێستا جێبه‌جێ نه‌كراوه، خۆ ئه‌گه‌ر دۆخه‌كه ئاوا بڕوات دوور نییه شەڕی ناوخۆیی دروست بێت، مه‌حاڵه له كه‌شێكی ئاوا هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ش بكرێت".
حه‌داد ئاماژه به‌وه ده‌كات، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق توانای چاره‌سه‌ری گرفته‌كانی نییه، چونكه حزبی له پشت نییه، فراكسیۆنی نییه، له هه‌مان كاتدا به ڕێككه‌وتن هاتووه‌ته سه‌ر حوكم، هه‌موو بڕیاره‌كان به‌سراوه به‌و لایه‌نانه‌وه کە دایانناوه و ناتوانێت به‌بێ ڕه‌زامه‌ندیی ئەوان هیچ كارێك بكات، له لایه‌كی دیكەوە ڕۆژانه هێزی هاوپه‌یمانان كه‌متر ده‌بنه‌وه، ئه‌وه‌یشی ده‌مێنێته‌وه ئه‌وه‌یه كه میلیشیاكان ڕه‌زامه‌ندن له‌سه‌ر ئه‌و به‌شه‌ی ده‌مێننه‌وه یان نا. ئه‌گه‌ر بكشێنه‌وه به‌شێكیان ده‌كشێنه‌وه به‌شێكی دیكه به ناوی ڕاهێنان ده‌مێننه‌وه، به‌ڵام هێشتاش مه‌ترسی هه‌یه له‌لایه‌نی میلیشیاكانه‌وه بكرێنه ئامانج".
هاوكات د. سه‌لام خۆشناو، مامۆستای زانكۆ و بریكاری پێشووی وه‌زیری خوێندنی باڵای عێراق، له‌باره‌ی گرفته نوێیه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غداوە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "به‌داخه‌وه ئاراسته‌ى سه‌ربازی له عێراق كه خۆی له حه‌شد و گرووپه‌كاندا ده‌بینێته‌وه بووه‌ته ئاراسته‌ی سیاسی و ته‌حه‌كوم به عێراق ده‌كات، ئه‌و گرووپه چه‌كدارانه، هه‌موویان به‌شێكن له‌وه‌ی كه ناجێگریی سیاسی له عێراق دروست ده‌كه‌ن, هه‌ر ده‌وڵه‌تێك كه سیسته‌می دامه‌زراوه‌ی هه‌بێت، ده‌بێت یه‌ك سوپا بێت، ئه‌ویش پۆلیسی ناوخۆ و سوپا بۆ پاراستنی سنووره‌كان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له عێراق هه‌یه به ناوی حه‌شده‌وه به ده‌یان گرووپن و مه‌رجه‌عیه‌تی باڵای شیعه حه‌شدیان پێ پیرۆزتر و گه‌وره‌تره له پۆلیس و سوپا و ئاسایش، لای ئه‌وان حه‌شد هه‌موو شتێكه و حه‌شد له عێراق په‌ره ده‌سێنێت، حه‌شدی عه‌شایه‌ری پێک دێنن له ناوچه‌ی سوننه، حه‌شدی پیرۆزی حوسێنی و ئیمامی عه‌لییە و گومانم هه‌یه كه په‌كه‌كه‌ش هه‌ر سه‌ر به ئه‌وان بن، بۆچی؟ چونكه چالاكییان له‌ناو توركیا نه‌ماوه، هه‌مووی له كوردستانه، ده‌یانه‌وێت زه‌ربه له‌و كوردستانه بده‌ن و گه‌له‌كۆمه هه‌یه بۆ دژایه‌تیی حكوومه‌تی هه‌رێم، له‌م ڕوانگه‌وه ده‌یانه‌وێت هه‌ولێر و به‌غدا ڕێك نه‌كه‌ون، له‌و حاڵه‌ته‌دا هانده‌ریش هه‌یه، ڕه‌نگه خه‌ڵكێك هه‌بن له‌ناو خۆمان پشتیوانیی ئه‌و پرۆژانه بكه‌ن، ئه‌وه‌ش زۆر خراپه، قووڵتربوونه‌وه‌ی گرفته‌كه ئه‌وه‌یه كه هاوپه‌یمانیی شیعه كه ئێران ڕۆڵی سه‌ره‌كیی هه‌یه، عێراق و سووریا و لوبنان و یه‌مه‌نیان به هی خۆیان حساب كردووه و به‌شێك له‌م حه‌شدانه‌ی لێره هه‌ن وه‌ك سوپای قودس مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت".
له‌باره‌ی ڕۆڵی هاوپه‌یمانانیشه‌وه ڕایگه‌یاند: "ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا ڕاست بكات ده‌توانێت ئه‌و دۆخه چاك بكات، به‌ڵام به‌داخه‌وه ڕۆڵیان نییه، یان نایانه‌وێت دۆخه‌كه چاك بكه‌ن، ئه‌وه‌ی گرنگه ده‌بێت ئێمه چاكسازی بكه‌ین، ئه‌گه‌ر توانیمان هه‌نگاوی به‌هێزی ئابووری بنێن، قۆناغی باش تێ ده‌په‌ڕێنین".
گوتیشی: "ئه‌گه‌ر وا نه‌كه‌ین موئامه‌ره‌یه‌كی زۆر له‌سه‌ر كورد هه‌یه، به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆیه ده‌بێت سه‌ركردایه‌تیی كورد به‌تایبه‌ت پارتی بیری ڕشت له‌و پرسانه بكاته‌وه، به‌داخه‌وه ده‌ركه‌وت هاوپه‌یمانان باكیان به كورد نییه، ده‌نا له 16ی ئۆكتۆبه‌ر بۆ به‌جێیان هێشتین، ده‌بوو ڕێگایان نه‌دابایه ئه‌و حه‌شدانه بهاتنایه‌تە كه‌ركووك، ئه‌و دۆخه ڕووی نه‌ده‌دا تا ئێستا یه‌ك ئه‌ندامی سوپای هاوپه‌یمانان و ئه‌مه‌ریكا له كوردستان نه‌كوژراوه و له كوردستان پارێزگاری‌یان لێ ده‌كرێت، به‌ڵام له هه‌موو شوێنه‌كانی دیكه مووشه‌كباران ده‌كرێن، بۆیه ده‌بێت قیاده‌ی كورد به ڕاشكاوی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا قسه بكات، بڵێت ناتوانین ئاوا به‌و شێوەیە له‌گه‌ڵ عێراق بژین و ئه‌گه‌ر ئاوا بڕوات كورد ده‌بێت بریاری خۆی بدات، ده‌بێت ئه‌مه‌ریكا ڕاستگۆ بێت له‌گه‌ڵمان، به‌داخه‌وه نه‌مانبینی نوێنه‌ریان هه‌بێت له كۆبوونه‌وه‌كان، ده‌بوو ئه‌وان لایه‌نگریی كوردستانیان بكردبایه، چونكه له كوردستانه‌وه هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر ئه‌مه‌ریكا نییه".
د. سه‌لام خۆشناو گوتیشی: "به‌داخه‌وه خۆفرۆش په‌یدا بووه له كوردستان كه ده‌یانه‌وێت دۆخه‌كه تێك بده‌ن، ده‌بێت كورد دۆخه‌كه له به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی یه‌كلا بكاته‌وه".
هه‌ر لەباره‌ی ئه‌وه‌ی كه گرفتی نوێی هه‌ولێر و به‌غدا چین، ڕایگه‌یاند: "به‌داخه‌وه ئه‌و سیاسییانه‌ی كه به هه‌ڵكه‌وت له عێراق په‌یدا بوون، ده‌یانه‌وێت كورد بچووك بكه‌نه‌وه و سیاسییه كۆنه‌كان بێده‌نگن، ڕه‌نگه عێراق به‌هۆی پاره‌ی یه‌ده‌گ و فرۆشتنی نه‌وت دۆخی باش بێت، به‌س لای ئێمه ناڵێن، جیا له‌وه‌ش، ئه‌گه‌ر هات و نرخی به‌رمیلی نه‌وت گه‌یشته 70 دۆلار عێراق بەبێ گرفت مووچه و بوودجە‌ی خۆی ده‌بێت، ئه‌گه‌ر 50 دۆلاریش بوو هه‌ر ئیداره‌ی ده‌كات، به‌ڵام گرفت ئه‌وه‌یه كه به‌شی كوردستان ناده‌ن".
ئه‌وەیشی خسته ڕوو: "پێشمه‌رگه له عێراق مووچه‌ی نییه، په‌رله‌مانتاری ئێمه له سه‌ره‌تاوه تا ئێستا پرۆژه‌یان پێشكه‌ش نه‌كردووه كه مووچەی پێشمه‌رگه وه‌ك سوپای عێراق خه‌رج بكرێت، به‌غداش بیانوویان هه‌یه ده‌ڵێن ژماره‌ی پێشمه‌رگه زیاتره له‌وه‌ی ئێمه ته‌خمینمان كردووه، ئێمه ده‌بوو به‌وه ڕازی بین كه ئه‌وان قه‌ناعه‌تیان پێی هه‌یه، ئێمه قازانجمان ده‌بوو ، ئێستاش په‌رله‌مانتاره‌كانمان له به‌غدا كه‌مته‌رخه‌من كه دانیشتن ته‌واو بوو یه‌كسه‌ر ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ كوردستان, له هه‌موو خوله‌كانی په‌رله‌مان وا بووه، ده‌بوو ئه‌وان لۆبی دروست بكه‌ن، ئه‌و هه‌موو داگیركارییه له سه‌رگه‌ڕان و په‌لكانه هه‌یه، بۆ قسه ناكرێت؟ ده‌زانم ئه‌و دۆخه‌كه گه‌یه‌نراوه‌ته هاوپه‌یمانان، به‌س بۆ په‌رله‌مانتاری ئێمه بێده‌نگن له په‌رله‌مانی عێراق؟ ده‌بوو له په‌رله‌مان ئه‌و دوو ڕۆژه ده‌نگی كورد دلێر بووایه و له‌سه‌ر مادده‌ی 140 قسه بكرابایه و ده‌بێت له په‌رله‌مانی عێراقه‌وه ڕێگری له هاتنی ئه‌و سوپایه بۆ كه‌ركووك بكرێت".
ڕاپۆرتی شیكاری: كارزانی سه‌باح هه‌ورامی




