٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"حکوومەتی هەرێمی کوردستان دژی ناردنەوەی زۆرەملێی ئاوارە و پەنابەرەکانە"

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP. info-  لە ڕێکەوتی ٢/١٢/٢٠٢٠ ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە لەژێر ناونیشانی "عێراق بە پرۆسەى دەرکردنی خەڵک لە کەمپەکان، خێزانەکان بێ ماڵوحاڵ دەکات". بەیاننامەکە تیشک دەخاتە سەر پرۆسەى بەردەوامی داخرانی کەمپەکانی ئاوارە و پەنابەران لەو شوێنانەى کە دەکەونە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی فیدراڵ. ڕێکخراوی ناوبراو ئاماژەى بەوەش داوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش هەمان نیازی هەیە، ئەویش بە داخرانی کەمپەکانی پارێزگای هەولێر، دهۆک و سلێمانی لە کوتاییی ساڵی ٢٠٢٠.

دەربارەى ئەم بابەتە، نووسینگەى ڕێکخەرى ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئەم لێدوانەوەى خوارەوەی بڵاو کردەوە:

لە کاتی ئێستادا ٩٩٢,٧٣٢ ئاوارە و پەنابەر لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان  دەژین و پێشوازى لێ کراوە ٧٣٤,٧١٣ لەوان ئاوارەن ٢٣٨,٣٤٥ سوورین، ٨,٤٤٠ تورکن، ١٠,٥٣٤ ئێرانین، و ٧٠٠ پەنابەری فەلەستینین. بە پێچەوانەى ئەوەى کە پێشبینی دەکرێ، ژمارەى هەرەزۆری ئاوارە و پەنابەران لە کومەڵگای پێشوازی لێکراودا دەژین لە هەرێم، تەنها ڕێژەى ٢٩% لەوان لە کەمپ دەژین، ئەوانیش بەسەر ٣٥ کەمپدا دابەش کراون. نزیکەى ٣٨% لە کۆی دانیشتووی بێسەرۆشوین لە پارێزگای هەولێر دەژین، ٤١% لە دهۆک، و ٢١%یش لە سلێمانی.

وەکو ڕوون کراوە پرۆسەی ئاوارەبوون بەردەوامە بۆ هەریمی کوردستان. لە مانگی ئوکتۆبەرى ٢٠٢٠، نزیکەى ٢,٣٨١ ئاوارە و پەنابەر گەیشتوونەتە هەریمی کوردستان، ئەویش بەهۆی حاڵەتی هەژاری، کەمیی هەلی کار و خزمەتگوزاری و ناسەقامگیری و ئارامی.

ئاوارە و پەنابەران بە بەردەوامی هەوڵی گەڕانەوە دەدەن بۆ  ناو کەمپەکانی کوردستان. نزیکەى ١٧٤ خێزان و ٣١٧ تاکی ئاوارە لەم دواییەدا داخڵی ناو کەمپەکان بوونە لە پارێزگای هەولێر و لە پارێزگای سلێمانی ٢٤٥ خێزان کە دەکاتە ١٢٢٦ تاکەکەس، هەروەها ٩٢ خێزان و ٣٣٢ تاکەکەس گەیشتوونەتە پارێزگای دهۆک.

هەروەها، ژمارەى ئەو ئاوارە و پەنابەرانەى کە گەڕاونەتەوە شوێنی ڕاستەقینەى خۆیان دەکاتە ١,١٩١ خێزان و ٥,٦١٩ تاک. لە پارێزگای هەولێر، ١١٦ خێزان و ٥٧٥ تاک گەڕاونەتەوە شوینی ڕاستەقینەى خۆیان. لە پارێزگای سلێمانی، ٢٧ خێزان و ١٣٧ تاک کەمپەکانیان جێ هێشتووە و گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتی خۆیان. هەروەها لە پارێزگای دهۆک، ٦٢٣ خێزان و ٣,٨٨٦ کەس کەمپیان جێ هێشتووە.

ئێمە دووپاتی پابەندبوونمان دەکەینەوە سەبارەت بە پێشوازیکردن لە ئاوارەکان سەڕەرای ئەم بارۆدوخە سەختە. سەبارەت بە گەڕانەوەش، سیاسەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرچاو ڕوونە: بۆ پاڵپشتی و ئاسانکردنی پرۆسەى گەڕاندنەوەى ئارەزوومەندانەى ئاوارەکان بۆ شوێنی ڕاستەقینەى خۆیان، ئەوا هەرێمی کوردستان هەموو ئاسانکارییەکی کردووە بۆ زیاتر لە ٧٠٠,٠٠٠ کەس لە ساڵی ٢٠١٦وە کە گەڕاونەتەوە بۆ ناوچە ئازادکراوەکانیان. لە هەرێمی کوردستان تاکو ئێستا ٢٣ کەمپ دووبارە ڕێکخراونەتەوە بەهۆی بەتاڵکردن و گەڕانەوەى ئارەزوومەندانەى خەڵک بۆ شوێنی خۆیان. لێرەدا دووبارە پاڵپشتی خۆمان بۆ ئەم پرۆسەیە دووپات دەکەینەوە، بەڵام پێویستمان بە ژینگەیەکی گونجاوە لە ناوچە ئازادکراوەکان بۆ ئاسانکردنی ئەم پرۆسەیە.

ئەوەی شایەنی باسە ئەوەیە کە ڕێژەى هەرەزۆری ئاوارەکان دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ شوێنی ڕاستەقینەى خۆیان و ناوچە ئازادکراوەکان، بەڵام بەپێی وەرگرتنی بیرۆڕا لەلایەن ڕێکخراوە مرۆییەکانەوە ئەوا زیاتر لە ٨٠% ئاوارەکان ئامادە نین بگەڕێنەوە لە کاتی ئێستادا، ئەویش بەهۆی نالەباریی دوخەکە، وەکو نەبوونی خزمەتگوزاریی سەرەتایی، هەڵی کار، پاڵپشتی ماددی، تێکدانی ماڵەکانیان و نەبوونی ئارامی.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە بڕە پارە و سەرچاوەیەکی زۆر هەیە بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری سەرەتایی بۆ ئاوارەکان و پەنابەرى سووری لە هەرێمی کوردستانی عێراق. حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە هەوڵی پابەندبوون و جێبەجێکردنی مەرجەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و لایەنی نێودەوڵەتیی کردووە. حوکمەتی هەرێمی کوردستان دژی ناردنەوەی زۆرەملێی ئاوارە و پەنابەرەکانە.

 

هەواڵی پەیوەندیدار