٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پارێزگاری دهۆک: بەونزیکانە گۆڕانکاریی لە قایمقامەکانیش دەستپێدەکات

سەرچاوە: KDP.info

دهۆک-KDP.info- پارێزگاری دهۆک دانیشتووانی سنووری پارێزگاکەی بە "زەرەرمەندی یەکەم" دەزانێت لە شەڕی نێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە، بۆیە داوادەکات ئەو هێزانە "شەڕ ببەنەوە نێو ماڵ و خاکی خۆیان".

عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا دوای دەستبەکاربوونی سێ بەڕێوەبەری گشتیی (کارەبا، تەندروستی و ئەوقاف) باسی گۆڕانکارییە کارگێڕییەکانی پارێزگاکەی کرد و لەوبارەیەوە رایگەیاند، بەڕێوەبەرانی گشتیی رۆشنبیری و کشتوکاڵ و گەشتوگوزاریش لە چەند رۆژی داهاتوو دەگۆڕدرێن، لە داهاتووشدا دوو بەڕێوەبەری گشتیی دیکە (رێگەوبان و مین) دەگۆڕدرێن. گۆڕانکارییەکانیشی بە کارێکی ئاسایی و ئیداریی ناوبرد و گوتی: "کاتێک دەبێتە شتێکی نائاسایی کە بەڕێوەبەرێک زیاتر لە 10 ساڵ لە پۆستەکەی بمێنێتەوە".

لەبارەی گۆڕانکاریی لە پۆستی قایمقامەکانیش. پارێزگاری دهۆک رایگەیاند، بەونزیکانە گۆڕانکاریی لە قایمقامەکانیش دەستپێدەکات، "چونکە هەندێک لە قایمقامەکان گەیشتوونەتە تەمەنی خانەنشینی". ئەوەشی خستەڕوو کە بەربژێری قایمقام هەر لە بەڕێوەبەری ناحیە و بەڕێوەبەرە گشتییەکان هەڵدەبژێردرێن.

لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسان لەبارەی بۆردوومانەکانی تورکیا بۆ ناوچە سنوورییەکانی سنووری پارێزگای دهۆک، کە بوونەتە هۆی شەهیدبوونی هاونیشتمانیانی سڤیلی ناوچەکە، عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک دەڵێت: "بەداخەوە بوونی پەکەکە و هاتنی سوپای تورکیا بەیانووی لێدان لە پەکەکە بووەتە هۆکاری ماڵوێرانی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان".

پارێزگاری دهۆک دەشڵێت: "داواکارین ئەو دوو لایەنە بە دیالۆگ کێشەکانیان چارەسەر بکەن، بەڵام ئەگەر هەر بڕیاری شەڕیان داوە، ئەوا ئێمە داوادەکەین ئەو شەڕە ببەنەوە نێو ماڵی خۆیان، بۆچی شەڕەکەیان دەبەنە وڵاتی دیکە و دەبنە هۆی ماڵوێرانی بۆ خەڵی دیکە، خەڵکی ئێمە ماندوو بووە، ئەوە 32 ساڵە خەڵکی ناوچەی ئێمە لە زەویوزاری باب و باپرانیان دابڕاون بەهۆی ئەو شەڕەوە، سەرکۆنەی ئەو شەڕە دەکەین لەناو خاکی هەرێمی کوردستان".

هەواڵی پەیوەندیدار