٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

پێكهاتنی ئاكەپە و بەدەپە

سەرچاوە: KDP.info

 نوورای مەرد

سیاسەت چەندە مەیدان یا گۆڕەپانی ناكوكی و شەڕ بێت هەر ئەوەندەیش مەیدانی پێكهانە، چەندە مەیدانی پێكهاتنیش بێت ئەوەندە مەیدانی شەڕە. تێكۆشان بۆ بەدەستەوە هێنانی دیموكراسی، ماف و ئازادییەكان بە بێ شەڕ و ناكۆكی مومكێن نییە. یەكێك لەو خاڵە سەرەكییانە كە دەتوانین پێ سیاسەت لە یەكتر جیا بكەینەوە ئەوەیە كە بە چاوی چەپگەر و راستگەر سەیری رووداوەكان بكەین. راستگەرەكان پێیان وایە كە سیاسەت مەیدانێكە بەبێ شەر و ناكوكی بەڵام چەپگەرەكان بە پێچەوانەوە بیر دەكەنەوە دەڵێن سیاسەت مەیدانی شەڕ و ناكوكییەكانە. بەڵام كاتێك كە راستگەرەكان یا خۆ چەپگەرەكان سیاسەتەكانی خۆیانیان موتڵەق و رەئالیست كرد ئەوا دەبنە ئوتوریتە و زەمینە بۆ شتی دیكە وەكو دیكتاتوریەت فەراهەم دەكەن.

لەم رۆژانەی دواییدا سەبارەت بە چارەسەر كردنی مەسەلەی كورد و دەستووری نوێ توركیا ئاماژەكان ئەوە دەسەلمێنن كە لە نێوان بەدەپە و ئاكەپەدا پێكهاتنێكی سەرەكی لە ئارادایە و لە بەرامبەریشدا لە چەپ و راستەوە رەخنەی جوراوجۆر ئاراستەی هەر دوو لا دەكرێت. شتێك كە لەم نێوانەدا سەرنجی منی راكێشاوە ئەوەیە كە هەندێك كەس و لایەن پێیان وایە كە ئاشتەوایی لەگەڵ كورددا تەنیا لە رێگای دوور كەوتنەوە لە دیموكراسی مومكێن دەبێت. ئەمە خاڵێكی زۆر مەترسیدار و سەرسام ئاوەرە بۆ توركیا بە تایبەتی بۆ لایەنە چەپگەرەكانی توركیا.

لە راستیدا ئارمانجی ئاكەپە لەم هەنگاوانەی چەند رۆژی رابردووی خۆی ئەوەیە كە بۆ سەپاندنی سیستەمی سەرۆكایەتی لە توركیا هاوكاری و پشتگیری سیاسەتی كوردی بۆ لای خۆی رابكێشێت و بەمجۆرە سیستەمەكەی خۆی لە توركیا بەرقەرار بكات. پێشتر ئاكەپە چەندین جار باسی ئەوەی كردبوو كە ئەگەر لە رووی چارەسەر كردنی كێشەكانی دەستووری نوێ توركیاوە لەگەڵ لایەنەكانی دیكەی توركیا نەتوانێت بگاتە چارەسەرییەك ئەوا لەگەڵ بەدەپەدا هاوپەیمانی دەكات و ئەم كێشەیە چارەسەر دەكات. ئارمانجی ئاكەپە ئەوە نییە كە بە هاوكاری و پاڵپشتی بەدەپە و سیاسەتی كوردی دەستووری نوێ توركیا ئامادە بكات بەڵكۆ ئارمانجی سەرەكەی ئاكەپە ئەوەیە كە سیستەمی سەرۆكایەتی لە توركیا بەرقەرار بكات و بۆ ئەم مەبەستەیش سیاسەتی كوردی كردووەتە كارتێكی بازرگانی بۆ خۆی. بێگۆمان لێدوانەكانی حەفتەی رابردووی ئەردۆغان بۆ پێكهاتنی لەگەڵ بەدەپە لە لایەن بەدەپە و ئەو كەس و لایەنانەیەوە كە خوازیاری چارەسەری پرسی كورد و بە دەست خستنی مافەكانی گەلی كوردن زۆر بە گەرمی پێشوازییان لێوە كرا و بگرە پشتگیری و هەرجۆرە هاوكاری خۆیانیش بۆ ئەم مەبەستە دەربڕی. منیش ئەگەر هاووڵاتییەكی كورد بم، كورد بم كە چەندین ساڵە حكوومەتێك مافەكانی من پێشەل بكات و ناسنامەی من ئینكار بكات لە بەرامبەر داواكارییەكی بەمجۆرەدا بێ نەهایەت خوشحاڵ دەبم و بەو پەڕی هێزی خۆمەوە پشتگیری لە قۆناخێكی بەمجۆرە دەكەم.

لێرەدا پێویستە لە جیاتی ئەوەی كە رەخنە ئاراستەی بەدەپە بكەین و گوشار بخەینە سەر بەدەپە پێویستە چاوەڕوان بین تا بزانین كە ئایا بە راستی ئاكەپە بەڵێنەكانی خۆی دەباتە سەر و لەگەڵ بەدەپەدا كە تا ئەمرۆ وەكو یەكەمین دوژمنی خۆی لە قەڵەمی دەدات ئامادە دەبێت پێكەوە دابنیشێت و گفتووگۆ لە سەر چۆنیەتی ئامادە كردنی دەستووری نوێ بۆ توركیا بكات؟ من پێم وانییە ئاكەپە بەراستی شتێكی وا بكات چوونكە ئاكەپە بە هیچ شێوەیەك ئامادە نییە كە بۆ بە دەستەوە هێنانی مافە نەتەوەییەكانی كورد، پێكهاتەكان و پارت و لایەنە سیاسییەكانی دیكەی توركیا لە خۆی دوور بكاتەوە یا ئەوان بكاتە دوژمنی خۆی. پێویستە هەم رای گشتی گەلی كورد و توركیا و هەم پارت و لایەنە سیاسییەكانی كورد و تورك لەم راستییە تێبگەن كە چارەسەر كردنی ئاشتییانەی پرسی كورد لە رێگای مامەڵە كردن بە سیاسەتی كوردی و بەكار هێنانی سیاسەتی كوردی بۆ بەرەژوەندی پارتی دەسەڵاتە مومكێن نییە بەڵكو بەكار هێنان و مامەڵە كردن بە سیاسەتی كوردی دەبێتە هۆكاری ئاڵۆزتر كردنی پرسی كورد.

ئەو رێگایەی كە ئێستا ئاكەپە لە بەرامبەر سیاسەتی كوردیدا گرتوویەتی بەر، ناتوانێت رێگایەكی درێژخایەن و بێ كۆتایی بێت، لایەنی كوردیش پێویستە ئەمە باش بزانێت كە ئەم رێگایە بەو جۆرە كە ئاكەپە باسی لێوە دەكات نییە و بەپێچەوانەوە رێگایەكی كۆرت و خاوەن كۆتاییەكی مەترسیدارە. چوونكە ئەگەر لە سەرەتای ئەم رێگایەدا وەكو سەردەمی دامەزراندنی كۆمار ئاكەپە بەڵێن بە كورد بدات و دوای ئەوەی كە بە هاوكاری كورد گەیشتە مەبەستی خۆی پشتی خۆی لە كورد بكات و دەست بە سەركوت كردنی داواكارییەكانی كورد بكات ئەوا ئەمجارە نە ئاكەپە و نە بەدەپە بە هیچ شێوەیەك ناتوانن كە رێگە لە پارچە بوونی توركیا و هەڵگیرسانی شەڕی كورد و تورك لە توركیادا بگرن. من باسی هیوا و ئاواتی خۆم بۆ ئەم قۆناخە ناكەم بەڵكو باسی راستی و ئەزموونی مێژوو دەكەم. بەر لە دامەزراندنی كۆماری توركیا سڵتانەكانی عوسمانی بۆ ئەوەی كە مەترسییە دەرەكییەكان لە خۆیان دوور بكەنەوە بە سەدها بەڵێنیان بە كورددا تا كورد ناچار بوو لەگەڵ عوسمانییەكاندا شەڕی ئەم لا و ئەولا بكات، بەڵام كە مەترسی لە ناوبرا عوسمانییەكان دەستیان بە سەركوت كردنی كورد كرد، لە سەردەمی كۆماریشدا هەر بەمجۆرە بووە، ئاتاتورك بە كوردەكان دەستی پێكرد و یەكێك لە بنەما سەرەكییەكانی كۆماری توركیایش كورد بوون بەڵام دوای جێگیر بوونی سیستەم، كۆمار وردە وردە دەستی بە نكۆڵی كردنی هەبوون و ناسنامە و مافەكانی گەلی كورد كرد و بەمجۆرە توركیا گەیشتە قۆناخی ئەمرۆ، بەڵام ئەگەر لەمەو بەدواوە فێڵێكی بەمجۆرە لە كورد بكرێت ئەوا دابەش بوونی توركیا و شەڕی كورد و تورك دەبێتە فەرزێكی حەشا هەڵنەگر بۆ توركیا و كەسیش ناتوانێت پێشی لەم رووداوە دڵتەزێنە بگرێت.

لە توركیای نوێدا كە پارتییەك وەكو ئاكەپە دەسەڵات بێت و سیستەمی بەرێوە بردنی توركیایش سیستەمێكی سەرۆكایەتی بێت ئەوا زۆر ناخاینێت كە تێكۆشانی كورد بۆ بە دەستەوە هێنانی ماف و ئازادییەكانی رووبەرووی هەڵوێستی توندی سیستەم دەبێتەوە و دووبارە كورد بە تیرۆریست و جیایخواز تاوانبار دەكرن.

ئارمانجی ئاكەپە لە هینانی سیستەمی سەرۆكایەتی بۆ توركیا لە مەرحەلەی یەكەمدا كونترۆڵ كردنی هەر سێ دەسەڵاتی ئەنجومەنی وەزیران، دادوەری و پارلەمان لە لایەن سەرۆكەوەیە و لە مەرحەلەی دووەمیشدا ئیدارە كردنی توركیا لە لایەن یەك كەسەوەیە كە ئەویش سەرۆكە. ئایا سیستەمێكی بەمجۆرە چەندە دەتوانێت دان بە ماف و ئازادییەكانی گەلی كورددا بنێت؟.......

من لەو باروەرەدام كە سیاسەتی كوردی راستی مەسەلەكە بە باشی دەزانێت و لەوە تێدەگات كە رێگای ئاشتەوایی لەگەڵ كورددا بە سیاسەتی ئاكەپە كە بە دوای دەسەڵات و ئوتوریتەی موتەڵقدا دەگەرێت هەموار ناكرێت بەڵكو ئەم رێگایە دشوارتر دەكرێت.

سەرچاوە: بیرگوون

هەواڵی پەیوەندیدار