٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سكاڵا لەسەر ئەو كەسانە تۆمار دەكرێت كە ھێرشیان كردووەتە سەر موڵكی گشتی

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- داواكاری گشتیی هەرێمی كوردستان، سەرقاڵی كۆكردنەوەی بەڵگەكانن لەبارەی ئەو كەسانەی ھێرشیان كردووەتە سەر موڵكی گشتی، بۆ ئەوەی سكاڵایان لەسەر تۆمار بكەن.

حاكم بەشدار مەجید، گوتەبێژی داواكاری گشتی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لەو ناوچانەی خۆپیشاندان كراوە، داوا كراوە كە بەڵگە كۆبكرێنەوە لەبارەی ئەو كەسانەی كە ھێرشیان كردووەتە سەر موڵكی گشتی و تاڵانیان كردووە، بۆ ئەوەی ئەو كەسانە دیاری بكرێن كە ئەو كارەیان كردووە جا لە رێگەی كامێراكانەوە بێت، یاخود رێگای دیكە، بۆ ئەوەی سكاڵایان لەسەر تۆمار بكرێت".

ناوبراو  گوتیشی: "سكاڵا لەسەر ئەو كەسانە تۆمار دەكرێت، كە دەستنیشان دەكرێن و ھێرشیان كردووەتە سەر موڵكی گشتی و تاڵانیان كردووە، چونكە ھەموو خەڵكی ئەو كارەیان نەكردووە، بۆیە ئێستا لە قۆناغی كۆكردنەوەی بەڵگەكانداین و ھەر كاتێك تەواو بوو، سكاڵا تۆمار دەكرێت".

دەشڵێ: "سەرۆكی داواكاری گشتی بڕیاری داوە بۆ تۆماركردنی سكاڵا و ئەو كارانەش زیاتر لە كاتی ئارامبوونەوەی دۆخەكە دەكرێت، كە ئەوكات رێكاری یاسایی دەگیرێنە بەر بەرامبەر ئەو كەسانەی ئەو كارەیان كردووە".

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار