"بڕی 35ملیار دینار بۆ ژمارەیەک پڕۆژەی ڕێگاوبان لە سلێمانی تەرخان دەکرێت"

ھەولێر-KDP. info- لەسەر داواکاریی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و بە نووسراوی نووسینگەی وەزیر ژمارە (٤٩) کە لە ڕۆژی ٢٠٢٠/٩/٩ ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران کرابوو، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندیی لەسەر تەرخانکردنی بڕی (٣٥)ملیار دینار بۆ ژمارەیەک پڕۆژەی ستراتیژی لە بواری ڕێگاوبان لە سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان دەربڕی.
مەریوان مەلا حەسەن، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بە فەرمانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران لە ڕۆژی ٢٠٢٠/١٢/٨ نووسراوی ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری کردووە و تێیدا ڕەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر تەرخانکردنی بڕی (٣٥)ملیار دینار بۆ تەواوکردنی ژمارەیەک پڕۆژەی ستراتیژی لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان".
گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە گوتشی: "ئەوەش دوای هەوڵە بەردەوامەکانی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن دێت بۆ تەرخانکردنی بوودجە بە مەبەستی نۆژەنکردنەوەی ڕێگاوبانەکان و تەواوکردنی دوسایدی نێوان شارەکان".
مەلا حەسەن دەڵێت: "تەرخانکردنی ئەو بڕەپارەیە بۆ حەوت پڕۆژەی ستراتیژییە کە پێک هاتون لە؛ دروستکردنی ڕێگای دوسایدی (دووکان-چوارقوڕنە) و پردەکان و نۆژەنکردنەوەی ڕێگا کۆنەکان بە بڕی پێنج ملیار دینار. تەرخانکردنی بڕی چوار ملیار دینار بۆ دروستکردنی سایدی دووەمی ڕێگای (وارماوا-زاڕەیەن-دەربەندیخان) و نۆژەنکردنەوەی سایدە کۆنەکە. تەرخانکردنی بڕی دوو ملیار دینار بۆ دروستکردنی پردی شانەدەری ڕێگای سەیدسادق. تەرخانکردنی بڕی سێ ملیار دینار دروستکردنی ڕێگای خێران باشماخ-پێنجوێن لەگەڵ دوو یەکتربڕ (قۆناغی دوەم). هاوکات تەرخانکردنی بڕی چوار ملیار دینار بۆ دروستکردنی ڕێگای سایدی دووەمی (دووکان-چوارقوڕنە) و پردەکان و نۆژەنکردنەوەی ڕێگا کۆنەکە بە درێژیی 19کم (قۆناغی دوەم)، تەرخانکردنی بڕی حەوت ملیار دینار بۆ دروستکردنی ڕێڕەوی دوەمی ڕێگای (هەڵەبجە-سەیدسادق) بە درێژی (28.8)کم، لەگەڵ تەرخانکردنی بڕی (10)ملیار دینار بۆ دروستکردنی سایدی دووەمی ڕێگای (کەلار-کفری).
مەریوان مەلا حەسەن ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئێستا بەشێک لەو پڕۆژانە کارکردن تێیاندا بەردەوامە و لە ماوەکانی ڕابردووشدا، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، بە شێوەیەکی مەیدانی پڕۆژەکانی بەسەر کردبووەوە و بڕیاری بەگەڕخستنەوەی بۆ دەرکردبوون، لەوانەش ڕێگای دووکان-چوارقوڕنە لە ٢٠٢٠/١٠/١١ و ڕێگای باشماخ-پێنجوێن لە ٢٠٢٠/٩/٢٠ بەگەڕ خرانەوە".
قائید میرۆ




