٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

قوناغی یەکەمی شەقامی ١٥٠ مەتری بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەت دەکرێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- گوتەبێژی شارەوانیی ھەولێر گوتی، بڕیارە لەم مانگە قۆناغی یەکەمی شەقامی ١٥٠ مەتریی شاری ھەولێر بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەت لە ڕێوڕەسمێکی تایبەت بکرێتەوە کە درێژییەکەی ٩کم دەبێت.

گوتەبێژی شارەوانیی ھەولێر، سیامەند کەریم، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "کۆمپانیا ئەمەی ئاگادار کردووەتەوە کە تا کۆتاییی ئەم مانگە قۆناغی یەکەمی شەقامی ١٥٠ مەتری کە ٩کم لە جادەی بەحرکە تا شەقلاوە تەواو دەبێت و بە ڕووی شوفێران دەکرێتەوە".

گوتەبێژی شارەوانیی ھەولێر گوتیشی: "ئێستا زیاتر لە٩٣ % شەقامەکە لەو قۆناغە تەواو بووە و بەشێکی کەمی ماوە تەواو بکرێت و دواتر بکرێتەوە".

سیامەند کەریم ڕوونیشی کردەوە: "بەشی یەکەمی شەقامی ١٥٠ مەتری لە مەراسیمێکی تایبەتدا بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مەسروور بارزانی دەکرێتەوە".

شەقامی ١٥٠ مەتریی بازنەییی خێرا لە ھەولێر، یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە جێبەجێ دەکرێت کە درێژییەکەی ٧٠ کیلۆمەترە و شەقامەکە بە شێوەیەکی بازنەییی خێرا کە ھیچ وەستانێکی تێدا نییە باوەش بە ھەولێردا دەکات و بە دەیان شەقامیش لەگەڵ ڕێگەی سەرەکیی دەروازەکانی شاری ھەولێر بەستراوەتەوە، ئەمەش درێژەپێدەری ئەو تۆڕە ڕێگەوبانە جاڵجاڵۆکەییەیە کە بووەتە بەشێک لە ناسنامەی نەخشەی شارەکە.

کۆی پڕۆژەکە بەسەر ٥ قۆناغدا دابەش بووە، قۆناغی یەکەم کە زیاتر لە ١٤٠ ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان کراوە، بە دوو بەش تەواو دەبێت، بەشی یەکەم، لە ڕێی شەقڵاوە بۆ ڕێی بەحرکە لە ٨ی ئەیلوولی ٢٠١٩ دەستی پێ کردووە کە درێژییەکەی ٩کمە.

 

بڵند ئیبراھیم

 


 

هەواڵی پەیوەندیدار