ھەنگاوەکانی کشانەوەی ھێزەکانی عێراق لە کەرکووک دەستی پێ کرد

کەرکووک-KDP.info- بەرپرسی میحوەری ھێزی پێشمەرگەی کەرکووک _ پردێ گوتی، دوای بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کشانەوەی ھێزە داگیرکەرەکان لە کەرکووک کە ھێزەکانی پۆلیسی ناوخۆیی شوێنی ئەوان بگرنەوە، ئەمڕۆ ھەردوو وەزیری بەرگری و ناوخۆ سەردانی کەرکووکیان کرد و ھەنگاوەکان بە شێوەی کرداری دەستی پێ کرد و پێویستە ھەنگاوەکانیش بە ھەماھەنگی لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بن، لای خۆیشییەوە لیوا عەبدولخاڵق تەڵعەت گوتی، ئەمڕۆ لە کەرکووک ٢٨ بازگەی ھێزە عێراقییەکان ڕادەستی ھێزەکانی پۆلیس کران .
نووری حەمە عەلی، بەرپرسی میحوەری ھێزی پێشمەرگەی کەرکووک _ پردێ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لیوای ٦١ی سوپای عێراق کە ھاتبوون بۆ کەرکووک کشاونەتەوە بۆ سەربازگەی کەیوەن و ھێزێکی پۆلیس ڕەوانەی ناو کەرکووک کراون، ئەمڕۆش وەزیری بەرگری و ناوخۆ و چەند بەرپرسێکی ئەمنی سەردانی کەرکووکیان کرد بۆ ھەنگاونانی کرداری و بەنیازن ئەمنیەت و بازگەکانی کەرکووک بدرێن بە ھێزەکانی پۆلیس".
نووری حەمە عەلی گوتیشی: "ئەو ھێزانەی وەکو داگیرکاری ھاتبوون بۆ کەرکووک دەکشێنەوە و ھێزەکانی پۆلیسی ناوخۆ شوێنی ئەوان دەگرنەوە" .
حەمەعەلی باسی لەوەش کرد: "ھاتنی بەرپرسانی عێراق بۆ کەرکووک و وەفدی ئێمە بەردەوام لەگەڵ ئەوان لە گفتوگۆدان بێگومان چارەسەرێک بۆ دۆخەکە دەدۆزرێتەوە، ئەمە ھەر وا نابێت و ھێزی داگیرکاری لە کەرکووک نەمینێت و ھێزێکی خەڵکپارێز لە کەرکووک جێگیر بکرێت، ئەمەش بە ھەماھەنگی لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کودستان بێت نەک لەگەڵ حیزبێک".
بە بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق ھێزەکانی ناو کەرکووک دەکشێنەوە و ھێزەکانی پۆلیسی ناوخۆ شوێنی ئەوان دەگرنەوە و ھەنگاوەکانیش بە شێوەی کرداری دەستی پێ کردووە''.
نوێنەری ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ لە ژووری ئۆپراسیۆنی ھاوبەشی عێراق، لیوا عەبدولخاڵق تەڵعەت، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە میانەی سەردانی ئەمڕۆی بەرپرسانی عێراق بۆ کەرکووک ٢٨ بازگەی کەرکووک و دەوروبەری کە لەلایەن ھێزە عێراقییەکانەوە بەرێوە دەچوون دراون بە پۆلیسی فیدراڵی و ھێزەکانی دیکەی لێ کشاونەتەوە و مەلەفی ئەمنیش ڕادەستی ھێزەکانی پۆلیس دەکرێت''.
لیوا عەبدولخاڵق تەڵعەت گوتیشی، ئەمە ھەنگاوێکی باشە، چونکە ھێزەکانی پۆلیس لە ھەموو پێکھاتەکان لە کەرکووک ھەن کە کوردیشی تێدایە .
بڵند ئیبراھیم




