مەسروور بارزانی: حكوومه‌ت زیاتر له هه‌موو كه‌سێك له به‌ره‌ی گه‌لە.. ئه‌ركی حكوومه‌ته سه‌قامگیری بپارێزێ

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ چوارشەممە 9-12-2020، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ساز کرد و لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، مەسروور بارزانی رایگەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێک بۆ رێککەوتن لەگەڵ حکوومەتی عێراق دەدات.
مه‌سروور بارزانی سه‌ره‌تا سه‌ره‌خۆشیی له قوربانییانی ڕووداوه‌كانی ئه‌م دواییه و ئه‌و كه‌سانه كرد، كه به هۆی په‌تای كۆرۆناوه گیانیان له ده‌ست داوه.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ دوو بابه‌تی گرنگ کۆ بووەوە، کە ڕووداوه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی هه‌رێمی كوردستان و گفتوگۆی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدایە.
مەسروور بارزانی جەختی لەوە کردەوە، کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هه‌موو هه‌وڵی بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ گرفتنه‌كان و راستکردنەوەی ئه‌م دۆخه ناله‌بارە، داوە، ”هه‌مو هه‌وڵێكیش ده‌ده‌ین له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق بگه‌ین به ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر مافه ده‌ستوورییه‌كانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان“.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانیی خۆی و حکوومەتەکەی بۆ ئازادیی ڕاده‌برین و داواکردنی ماف لەلایەن هاووڵاتیانەوە دەربڕی و رایگەیاند، ”به‌ڵام ته‌عه‌دا له مافی كه‌سی تریش نه‌كرێ، ئه‌ركی حكوومه‌ته سه‌قامگیری هه‌رێمی كوردستان بپارێزێ، ئه‌و هاووڵاتییه‌ی داوای مافی خۆی ده‌كا، پێویسته بزانێ داوای ماف له كێ بكا، داوا له‌و كه‌سانه ده‌كه‌ین كه مافی هه‌رێمی كوردستانیان پێشێل كردووه، مافه ده‌ستوورییه‌كان جێبه‌جێ بكه‌ن“.
هەروەک مەسروور بارزانی رایگەیاند، ئه‌و رووداوانەی ئەم دواییە مه‌به‌ستی تری له پشته‌وه بووه، ”خه‌ڵكانێک خزاونه‌ته ناو خۆپیشانده‌ران و ڕه‌وته‌كه‌یان گۆڕیوه و په‌لاماری فه‌رمانگه حكوومییه‌كان و باره‌گا حزبییه‌كانیان داوە“.
له به‌شێكی دیكه‌ی گوته‌كانیدا، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان داوای كرد هه‌مووان پشتیوان بن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و دۆخه ناله‌باره تێبپەرێت و كێشه‌كان چارەسەر بکرێن، ”حكوومه‌ت له ده‌نگی ئیوه‌یە و بۆ ئێوه دروست بووه، بۆیه پێش هه‌موو كه‌سێك خه‌مخۆری خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانه و له پێناو خزمه‌تی خه‌ڵك كار ده‌كا و زیاتر له هه‌موو كه‌سێك له به‌ره‌ی گه‌لە“.
مەسروور بارزانی راشیگەیاند، ئێستا دوو به‌ره دروست بووه، به‌ره‌ی پارێزه‌رانی كوردستان و به‌ره‌ی ناحه‌زان، كه ده‌یانه‌وێ ئه‌و قه‌واره‌ی هەرێمی کوردستان تێک بده‌ن، ”زۆربه‌ی خه‌ڵكی كوردستان كه قوربانییان داوه، نایانه‌وێ ئه‌م ئه‌زموونه له بار بچێ و زیانی به‌ر بكه‌وێ، ئه‌وانه‌ی داوای مافی خۆیان ده‌كه‌ن، حكوومه‌ت پێشوازی له داواكانیان ده‌كات، له هه‌مان كاتدا قبووڵ ناكه‌ین كه‌سانێك هێرش بكه‌ن و په‌لامار بده‌ن و پێش هه‌موو كه‌س مافی خۆپیشانده‌ران پێشێل بكه‌ن“.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داواشی لە هه‌مووان کرد به لۆژیک و ژیری، رووبه‌رووی ئه‌و دۆخه ببنه‌وه و چاره‌سه‌ری بۆ بدۆزرێته‌وه، ”چونكه په‌لاماری هه‌موو لایه‌ك دراوه و پیلانێكه بۆ تێكدانی قه‌واری هه‌رێمی كوردستان یان بچوككردنه‌وه‌ی، كه به خوێنی هه‌زاران شه‌هید هاتووه‌ته دی و ئه‌ركی هه‌مووانیشه به‌رگری لێ بكه‌ن“.
مەسروور بارزانی هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند، په‌لاماردانی برا و كه‌سوكاری شه‌هیدان و سووتاندن و تێكدانی قوتابخانه، كێشه‌ی مووچه چاره‌سه‌ر ناكا، داواشی له خۆپیشانده‌ران كرد ڕێگه نه‌ده‌ن گێره‌شێوێنان ئه‌و هه‌له بقۆزنه‌وه و له ژێر ناوی ئه‌واندا ئامانجه‌كانیان خۆیان به دی بێنن.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، کە خه‌ڵكانێك له ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستانەوە هاتوون و كێشه‌یان دروست كردووه، ”پێشمه‌رگه به گوله‌ی قه‌ناس شه‌هید كراوه و به ئاڕ پی جی هێرش كراوه‌ته سه‌ر باره‌گاكان، كه‌واته ئه‌وانه خۆپیشانده‌ر نین و كه‌سانێكن ده‌یانه‌وێ په‌لاماری ده‌ستكه‌وته‌كان بده‌ن“.
لەبارەی کێشەکانی هەولێر و بەغدا، مەسروور بارزانی رایگەیاند، ”بڕیارمان دا شاندی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی به‌غدا بكا تا گفتوگۆ بۆ به‌ده‌ستهێنانی شایسته داراییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان بکات.
هەرێمی کوردستان تووشی چه‌ندین قه‌یران بوون، كه وەک مەسروور بارزانی رایگەیاند، ”ده‌ستكردی ئێمه نین، وه‌ك بڵابوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا، كه له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حكوومه‌ت بوون، دابه‌زینی نرخی نه‌وتیش خه‌تای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نه‌بووه، كه دابه‌زینی نرخه‌كه‌ی داهاتی كه‌م كردووینه‌ته‌وه، سه‌ره‌ڕاتی ئه‌وه‌ی شانمان به به‌ر به‌رپرسیاریه‌تی داوه بۆ چاره‌سە‌ركردنی كێشه‌كان“.
هەروەک مەسروور بارزانی رایگەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هه‌وڵی داوه هه‌موو ئه‌ركه‌كانی سه‌ر شانی جێبه‌جێ بكات، به‌ڵام ده‌بێ حكوومه‌تی عێراقیش ئه‌ركه‌كانی خۆی به‌رامبه‌ر ئێمه جێبه‌جێ بكا، ئه‌مساڵ تا ئێستا 6 مانگ بودجه‌یان ناردووه، ئه‌ویش به لێبڕینه‌وە“.
لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانەوە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەگەرچی هەولێر و بەغدا رێککەوتبوون لەسەری، بەڵام حکوومەتی عێراق لە مانگی 8ـەوە تەنیا دوو جار بڕی 320 ملیار دیناری بە لێبڕینەوە ناردووە.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، كه به پێی ڕێككه‌وتنی نوێ له‌سه‌ر ئه‌وه ڕێككه‌وتین مانگانه 320 ملیار دینار بۆ هه‌رێمی كوردسنان بنێردرێ و ئه‌وی دیكه له هه‌رێمی كوردستانه‌وه پڕ ده‌كرێته‌وه.
بەپێی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا، هەروەک مەسروور بارزانی رایگەیاند، دەبوایە تا دابینكردنی بودجه‌ی ساڵی داهاتوو، مانگانه بڕی 320 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرایه.
داواشی لە حكوومه‌تی عێراق کرد پابه‌ندی ده‌ستوور بێت و مافه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان بدات.
مەسروور بارزانی هەروەها رایگەیاند، ده‌بوو ئه‌وانه‌ی به‌ناوی خه‌ڵكی كوردستان چوونه‌ته په‌رله‌مانی عێراق، داكۆكیی له مافی خه‌ڵكی كوردستان بكه‌ن و بەرگریی له‌و شایسته داراییانه‌ی ئه‌ركی حكوومه‌تی عێراقه بۆ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانی بنێرێت، بکەن.




