فارس نەوڕۆڵی: دوو بارەگامان سووتاون

سلێمانی-KDP.info- لە ئەنجامی خۆپیشاندانەکەی دوێنێی سنووری پارێزگای سلێمانی دوو بارەگای پارتی سووتێندراون و گوتەبێژی سەرکردایەتیی سلێمانیش دەڵێت، هیچ هێزێک لە هەولێرەوە نەهاتووە بۆ پارێزگاریکردن لە بارەگاکانیان.
فارس نەوڕۆڵی، گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی سلێمانی- هەڵەبجەی پارتی بە مالپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە ئەنجامی هێرشی خۆپێشاندانەکەی دوێنێ دوو بارەگای پارتیمان سووتێندراون، ئەوانیش لیژنەی ناوچەی سەیدسادق و پیرەمەگروونن، بارەگانی دیکە تا ئێستا سەلامەتن و ئێمە دوای سووتانی، بارەگای ناوچەی پیرەمەگروونمان داوەتە دەست حکوومەت".
گوتەبێژی پارتی لە سلێمانی دەشڵێت: "ئەمڕۆ تا ئێستا ڕەوشەکە ئارامە و ئێمەیش چاوەڕێی ئەنجامی کۆبوونەوەی سێقووڵی دەکەین لە نێوان پارتیمان و یەکێتی و گۆڕان".
لەبارەی ڕەوانەکردنی هێز بۆ سلێمانی، فارس نەوڕۆڵی جەختی کردەوە: "پارتی هیچ هێزێکی نەناردووە بۆ سلێمانی، تەنیا پاسەوان و کادیرانمان بارەگای خۆیان دەپارێزن و 10 ساڵە هەر ئەو هێزانەن لەنێو بارەگاکانمانن و هیچ هێزێکی نوێ نەهاتووە بۆ سلێمانی".
قائید میرۆ




