٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

گوتەبێژی پارتی: هەوڵی ئەوە دەدەین چارەسەر بدۆزینەوە.. ئه‌مڕۆ بڕیاری باش دەدرێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیێنێت، زانیارییان هەیە کە خەڵکێک لە دەرەوە دەیەوێت دەست لە دۆخی هەرێمی کوردستان وەربدات و "ئامانجی لاوازکردنی هەرێمی کوردستانە". دەشڵێت، وەکو پارتی لەگەڵ ئەوەدان لە چوارچێوەی یاسا خەڵک داوای مافی خۆیان بکەن. 

مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەرنامەی لەگەڵ رەنجی تۆڕی میدیایی رووداو باسی دۆخی هەرێمی کوردستان، رای پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی خۆپێشاندانەکان و کۆبوونەوەی سێقۆڵیی لایەنەکانی پێکهێنەری حکوومەتی کرد کە بڕیارە ئه‌مڕۆ سێشەممە کۆببنەوە.

مەحموود محەممەد گوتی، بەلای پارتییەوە بابەتی خۆپێشاندان و داواکردنی ماف رەوایە و خەڵک دەتوانێت بەپێی یاسا داوای مافەکانی بکات و "تەنانەت داوای هەندێک بابەت بکات کە لە چوارچێوەی گۆڕانکاریدا دەخوێندرێنەوە".

لەبارەی رۆڵی میدیاکان لە رووماڵکردنی خۆپێشاندانەکان، گوتەبێژی پارتی رایگەیاند، "میدیا وەک شمشێرێکی دووسەرە، ئەگەر باش بەکاری نەهێنی، خراپ دەتبڕێت". بە گوتەی ئەو بەشێک لە میدیاکان "بەبەرپرسیارێتییەوە" مامەڵەیان لەگەڵ رووداوەکاندا کردووە، بەشێکیشیان کە ئامانجدارن، "لەوانەیە بە لاڕێیدا ببەن". 

مەحموود محەممەد دەڵێت، بەتێکدانی ئارامیی کۆمەڵگەی کوردستان، "باوەڕناکەم دەستکەوت بۆ کەس دروست ببێت.. بۆیە دەبێت هەم حیزبەکان و هەم میدیا بەشێوەیەک مامەڵە بکەن کە لێکتێگەیشتن لەنێو خۆیاندا دروست بکەن". 

گوتەبێژی پارتی پێی وایە، دەبێت وا لە بابەتەکە بڕوانرێت کە ئەو بابەتانە بەشێکی لە دەسەڵاتی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانە و بەشێکی لە دەرەوەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانە. "ئەوەی لە دەرەوەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانیشە گفتوگۆی زۆری بۆ کراوە و هەوڵی زۆری بۆدراوە.. ئۆفەری جیا جیاش پێشکەشکراوە بۆ چارەسەر".   

مەحموود محەممەد بە پێشکەشکاری بەرنامەکەی گوت، "ئەمە زانیارییە.. خەڵکێک هەیە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان کە دەیەوێت ئەم دۆخە بقۆزێتەوە، دەستبخاتە ناوی و بەشێوازێک لە شێوازەکان کۆی قەوارەی هەرێمی کوردستان لاواز بکات". 

گوتەبێژی پارتی پێی وایە دەبێت حیزبە سیاسییەکان خوێندنەوەیەکی "واقعییان" لەڕووی سیاسی و ئابوورییەوە بۆ دۆخەکە هەبێت "چونکە دۆخێکی هەستیارە".  

مەحموود محەممەد هەر لە چوارچێوەی وەڵامەکەیدا گوتی "ئەوە تێگەیشتنێکە دروستکراوە بۆ دژایەتیی حیزبی سیاسی بەتایبەتی پارتی. "پارە ئەگەر هەبێت، نە پارتی و نە حکومەت نایانەوێت دژایەتی بۆ خۆیان دروست بکەن". 

لەبارەی سووتاندنی بارەگاکان لە خۆپێشاندانەکاندا، گوتەبێژی پارتی گوتی "بارەگاکان مەدەنی و جەماوەرین و دەسەڵاتی چارەسەری کێشەکانی وەک مووچەیان نییە. "بە بارەگا سووتاندن و ئیدارە سووتاندن هیچ شتێک چارەسەر ناکرێت". 

ئه‌مڕۆ سێ لایەنی پێکهێنەری حکوومەت کۆدەبنەوە، مەحموود محەممەد لەبارەی ئەو پرسانەی تاوتوێی دەکەن گوتی، "دەبێت ئەجێندایەک دابنێین کە لەگەڵ دۆخی ئێستا گونجاو بێت. ئەوەش بۆ چۆنییەتی چارەسەری دۆخی مووچە و بژێویی ژیانی خەڵک. لەلایەکی دیکەوە لێکنزیککردنەوەی پەیوەندییەکان تەوەرێکی دیکە دەبێت". 

گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتیشی، "هەوڵی ئەوە دەدەین چارەسەر بدۆزینەوە.. پێم وایە ئه‌مڕۆ بڕیاری باش دەدرێت".

 

فایزه‌ كۆیی

هەواڵی پەیوەندیدار