"لە ناحیەی سیدەکان 118 گوند و لە ناحیەی وەرتێش سێ گوندی دیکە چۆڵ کراون"

ھەولێر-KDP.info- قایمقامی ڕواندز ڕایگەیاند، لە سنووری قەزای ڕواندز بەھۆی نائارامیی ناوچە سنوورییەکانەوە چەند گوندێک چۆڵ کراون، پێویستە ھاووڵاتییانیش خۆیان بپارێزن لەو ناوچانە، چونکە مەترسیی بۆردومانیان لەسەر ھەیە .
ئەحمەد قادر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەو گوندانەی پێشتر چۆڵ کراون ژمارەیان سێ گوندە لە سنووری ناحیەی وەرتێ کە بەھۆی نائارامیی ناوچە سنوورییەکانەوە ساڵانە ھاووڵاتییانی مەدەنی دەبنە قوربانی".
ھاوکات لە سنووری ناحیەی سیدەکانیش ڕێژەیەکی زۆری گوند چۆڵ کراون، بەھۆی چەکدارانی پەکەکە لە سنوورەکە، ئەمەش وای کردووە ھاووڵاتییان ببنە قوربانیی ئەم ملمڵانێیسەربازییەی ناوچە سنوورییەکان. لەم بارەیەوە ئیحسان چەلەبی، بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەداخەوە لە ماوەی چەندین ساڵی ڕابردوودا بەھۆی شەڕ و ئاڵۆزیی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا تا ئێستا 118 گوند چۆڵ کراون، ھاووڵاتییانیش بەردەوام داوا دەکەن، کە دەیانەوێت بچنەوە گوندەکانیان، بەڵام نزیکەی 30 ساڵ دەبێت ئەم ناوچانە ئارامییان بەخۆوە نەبینیوە و بەردەوام لەژێر مەترسیی بۆردوومان و تۆپباراندان".
بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکان ئەوەیشی ڕاگەیاند: "لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوو، بەھۆی بۆردوومانەکانەوە ھەشت ھاووڵاتی شەھید بوون و ژمارەیەکی تریش بریندار بوون، ھەروەھا مڵملانێی سەربازی لەو ناچەیە بەردەوامە، چونکە ژیانی ھاووڵاتییانی گوندەکانی نزیک سنوورەکان لەژێر مەترسیدایە ."
سیروان سابیر




