٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"سیڤیی كۆمپانیای ئه‌مه‌ریكیه‌كان گه‌یشته‌ كوردستان و بۆ ساڵی داهاتوو بڕیار له‌سه‌ر پێنج ترلیۆن دینار وه‌به‌رهێنان ده‌درێت"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ژماره‌یه‌كی زۆری پرۆژه‌ له ‌كوردستان ده‌كرێت، به‌های ئه‌و پرۆژانه‌ بۆ ساڵی داهاتوو زۆر زیاد ده‌كات، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان له‌ كوردستان ورده‌كاریی سه‌رجه‌م ئه‌و پرۆژانه‌ باس ده‌كات كه‌ له ‌كابینه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕه‌زامه‌ندیی له‌سه‌ر دراوه‌ و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ته‌نیا ئه‌و پرۆژانه‌ی له‌ 2020 ڕه‌زامه‌ندییان له‌سه‌ر دراوه‌ به‌هایان دوو ترلیۆن و نیو دینار بووه‌.

به‌پێی به‌دواداچوونێكی ماڵپەڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌شێكی زۆری كارنامه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و هێڵه‌ گشتییه‌كانی حكوومه‌ت كاریان له‌سه‌ر ده‌كرێت، چاكسازیی باش له‌ سیسته‌می كارگێڕی و ڕێكخستنه‌وه‌ی بواری پیشه‌سازی كراوه‌، ژماره‌یه‌كی زۆری پرۆژه‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌ كه‌ به‌شێكی زۆریان له‌ سێكته‌ری پیشه‌سازی بوون، له‌ بواری كشتوكاڵ و ئاودێری، حكوومه‌ت پلانی هه‌یه‌ به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ وڵاتانی ئه‌ورووپا چاكسازی له‌و سێكته‌ره‌ بكات و په‌ره‌پێدان و پلانی درێژخایه‌ن له‌و باره‌وه‌ بخرێته‌ به‌رنامه‌ی كاره‌وه‌، به‌تایبه‌ت دوای به‌شداریی سه‌رۆكی حكوومه‌ت له‌ كۆنفرانسی ''ئابووریی كوردستان دوای كۆرۆنا''، كه‌ دواتر حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند، 1055 پرۆژه‌ ڕاده‌گه‌یه‌نێت بۆ ئه‌و كۆمپانیا و سه‌رمایه‌دارانه‌ی ده‌یانه‌وێت كاریان تێدا بكه‌ن، به‌پێی هه‌مان به‌دواداچوونی ماڵپەڕی فه‌رمیی پارتی، ئێستا به‌شێك له‌و كۆمپانیایانه‌ ناونیشان و بواری كاركردنی خۆیان ناردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئاماده‌كاری بكرێت بۆ وه‌رگرتنی پرۆژه‌، به‌شێكی زۆری پرۆژه‌كان پیشه‌سازین، ئه‌مه‌ش له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و به‌رنامه‌دایه‌ كه‌ سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان باسی له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ ده‌بێت ئابووریی كوردستان هه‌مه‌چه‌شن بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی ته‌نیا پشت به‌ سێكته‌ری نه‌وت نه‌به‌سترێت، د. محه‌مه‌د شوكری، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان، بۆ ماڵپەڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: زیاتر له‌ دوو ترلیۆن و نیو دینار به‌س ئه‌مساڵ وه‌به‌رهێنان كراوه‌ له‌ كوردستان، ساڵێكی دیكه‌ قه‌باره‌ی ئه‌و بوودجه‌یه‌ ده‌گه‌یه‌نینه‌ 5 ترلیۆن دینار و ئێستا جه‌ختمان له‌سه‌ر سێكته‌ری كشتوكاڵ كردووه‌ته‌وه‌، گرنگیدان به‌ پرسی پیشه‌سازی و وه‌به‌رهێنان ئه‌وله‌ویه‌تی كارمانه‌ و 462 پرۆژه‌مان له‌و سێكته‌ره‌ هه‌یه‌، به‌شێك له‌و پرۆژانه‌ ستراتیژین وه‌ك پرۆژه‌ی به‌بازاڕكردنی گه‌نمی جووتیاران، كارگه‌ی گه‌وره‌ و ناوچه‌ی پیشه‌سازی.

گوتیشی: "به‌شێك له‌ كۆمپانیا ئه‌مه‌ریكییه‌كان پرسیاریان ناردووه‌ و وه‌ڵامان داوه‌ته‌وه‌، داوای پلانیان كردووه‌، كارئاسانییان ده‌وێت، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت كۆمپانیا ئه‌مه‌ریكییه‌كان بێن و له‌گه‌ڵ كونسووڵی هیندیش گفتوگۆمان كردووه‌ وه‌به‌رهێنه‌ری هیندی ده‌یانه‌وێت له‌ كوردستان وه‌به‌رهێنان بكه‌ن، بڕیاره‌ له‌ چه‌ند ڕۆژی داهاتوو كۆنفرانسێك له ڕێگای ئۆنلاینه‌وه‌ بكه‌ین ئه‌گه‌ر زانیمان دۆخه‌كه‌ گونجاوه‌ به‌ شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ له‌ مانگی یه‌كی ساڵی داهاتوو ئه‌نجامی ده‌ده‌ین".

ئه‌وه‌یشی خسته‌روو: "وەكو لە وتارەكەی بەڕێز سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنفڕانسی ئابووریی هەرێمی كوردستان دوای كۆرۆنا هاتووە، ژینگەی هەرێمی كوردستان لەبارە لە ڕووی سەقامگیری و پێشكەشكردنی ئاسانكارییەوە و چەندین هەلی گەورە و باشی هەیە تاوەكو وەبەرهێنانی تێدا بكرێت. لە هەموویشی گرنگتر خەڵكی كوردستان و نەوەی نوێ چاویان لە كرانەوەی ئابوورییە بەرەو ڕۆژئاوا و، گرێدانی كاری هاوبەش لە نێوان كۆمپانیا نێوخۆییەكان و كۆمپانیا بیانییەكان، ئەوەش ئامانجێكی سەرەكیی كۆنفڕانسەكە بوو".

د. محه‌مه‌د شوكری ده‌شڵێت: "ئێمە لە دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان لەسەر بنەمای كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و لەسەر ڕاسپاردەی بەڕێز سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەركی سەرەكیمان دۆزینەوەی دەرفەتی كارە بۆ هەمووان و بە یەكسانی و ئاراستەكردنی بزنس و وەبەرهێنەرانی نێوخۆیی و بیانییە بەرەو كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی، هەر لە ڕووی كرداریشەوە هەنگاوەكانی فرەچەشنكردنی ئابووریمان دەست پێ كردووە و، زۆرترین هەلی كاری وەبەرهێنانیش لەلایەن كۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی ناوخۆوە ئەنجام دراون، لە دەستەی وەبەرهێنان بەدەیان وەبەرهێنەری ناوخۆیی و بیانی پڕۆژەیان پێشكەش كردووە، تەنیا ئەو پرۆژانەی ڕەزامەندیمان لەسەر داوە، بە بەهای دوو ملیار دۆلار زیاترە، ئەوەیشی پێشكەش كراوە، زۆر لەو بڕە پارەیە زیاترە، خۆ ئەگەر كێشەی كۆرۆنا و قەیرانی دارایی و گرفتی نەبوون و كەمیی زەویمان نەبووایە، بە سەدان پرۆژەی دیكە مۆڵەتی دەدرایە، كاركردنی كۆمپانیاكان ڕووی لە زیادبوونە".

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا: "ئەو پڕۆژانەی لە كوردستان لە بواری بەخێوكردنی مریشك و بەرهەمهێنانی هێلكە دامەزراون، توانای نەك دابینكردنی پێداویستیی ناوخۆیان هەیە، بەڵكو توانای دابینكردنی پێداویستییەكانی عێراقیشیان هەیە. لە داهاتووشدا هاوشێوەی ئەو پڕۆژانە لە پارێزگاكانی دیكەی كوردستان و ئیدارە سەربەخۆكان ئەنجام دەدرێت. من لە پەنێڵێكی ''كۆنفڕانسی ئابووریی هەرێمی كوردستان لەدوای كۆرۆنا'' بەشدار بووم، كە تایبەت بوو بە بواری وەبەرهێنان و هەمواركردنەوەی یاسای وەبەرهێنان، تێیدا ئاماژەم بەوە كرد، یاسای وەبەرهێنانی كوردستان ئەوەندەی ئاسانكاریی بۆ وەبەرهێنەرانی تێدایە، كە بە یەكێك لە یاسا هەرەپێشكەوتووەكانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت، من و بەڕێزان وەزیری دارایی و وەزیری پلاندانان باسی ئەو گۆڕانكارییە ئابوورییە باشانەمان كرد كە لە بوارەكانی وەبەرهێنان و كەرتی تایبەت لە هەرێمی كوردستان ئەنجام دراون، گۆڕانكارییەك كە پێداویستیی خەڵك و حكوومەت ئاراستەی كەرتی تایبەت و وەبەرهێنان دەكات، لە بەرامبەردا دەیان ئاسانكاریمان پێشكەشی كەرتی تایبەت كردووە و ڕۆتینمان كەم كردووەتەوە و، سیستەمی یەك بەنچەرەمان بۆ وەبەرهێنان جێبەجێ كردووە و هەماهەنگی و پەیوەندیی وەزارەتە پەیوەندارەكانمان بەهێز كردووە، هەوڵەكانیشمان بەرەو كەمكردنەوەی زیاتری ڕۆتین دەچێت، ئێستا پڕۆژەی هەمواركردنەوەی یاسای وەبەرهێنان تەواو بووە و چاوەڕوانی ئەوەین لە پەرلەمانی كوردستان پەسەند بكرێت".

ڕاپۆرت: كارزانی سه‌باح هه‌ورامی

هەواڵی پەیوەندیدار