بەرپرسی لیژنەی ناوچەی پارتی: دەستی ناحەزان تێکەڵ بە خۆپێشاندەران بووە

سەیدسادق-KDP.info- چەند ڕۆژێکە لە سلێمانی و دەوروبەری خۆپێشاندانە، کەسانی گێرەشێوێن تێکەڵ بە خۆپێشاندەران بوون و بارەگای حزبەکان دەسووتێنن، ئەمڕۆ لە سەیدسادق بارەگای ناوچەی پارتی و چەند حزبێکی تریش سووتێندرا.
جەلال نەریمان بەرپرسی لیژنەی ناوچەی پارتی لە سەیدسادق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاند: "زیاتر لە دووهەزار کەس هاتنە سەرمان بە تەقە و فڕێدانی ئاگر و بەرد ڕووە و ناوچەمان''.
جەلال نەریمان دەڵێت: "دەستی ناحەزان تێکەڵ بە خۆپێشاندان بووە و دەیانەوێت ڕەوشەکە بە ئاقاری خەراپدا بەرن بە هەڵکوتانە سەر بارەگا حزبییەکان و سووتاندنیان''.
ئاماژەی بەوەش کرد: "تەقەیەکی زۆر لە بارەگای ناوچەمان کرا بە چەکی کڵاشنکۆف و دەمانچە و ''هوتافی بیانکوژن'' دەوترایەوە لە هەموو لایەکیشەوە ئاگر و بەردیان بۆ فڕێ دەداین و چەندین کەسمان بریندار بوون''.
بەرپرسی لیژنەی ناوچەی پارتی زیاتر گوتی: "ئەوە خۆپێشاندان نییە، ئەوە دەستی لەپشتە بۆ تێکدانی ئاسایش و ئارامیی کوردستان، ئەگەرنا خۆ ناوچەی پارتی مووچەی تێدا دابەش ناکرێت، ئێمە خوێنی ڕۆڵەکانی خۆمان خۆش دەوێت، بۆیە هیچ کاردانەوەیەکی وامان نەبوو کە قوربانی بکەوێتەوە، بۆیەش لیژنەی ناوچەمان سووتێندرا''.
عەزیز ڕەسووڵ




