٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

حکوومەت پلانی داناوە ھەموو بەرھەمە کشتوکاڵییەکان لە ناوخۆ بەرھەم بێنێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پلانی داناوە لە رێگەی چەند پڕۆژەیەکەوە ھەر بەرھەمێکی کشتوکاڵی کە لە دەرەوە ھاوردە دەکرێت، لە ناوخۆ بەرھەمی بێنێت، ئەمەش ھەنگاوێکی باشی حکوومەتە بۆ ئەوەی چیتر پێویستمان بە دەرەوەی وڵات نەبێت بۆ ھاوردەکردنی بەرھەمی کشتوکاڵی.

حوسێن حەمەکەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نزیکەی ١٥٠ پڕۆژەی وەکو پلان ئامادە کردووە لە رێگەی دەستەی وەبەرھێنان و نوێنەری ئێمەشی تێدایە و رووپێوێکیان ئەنجام داوە و هەموو ئەو بەرھەمانەیان دیاری کردووە، کە ساڵانە پێویستمان پێ دەبێت لە دەرەوەی ھاوردەیان بکەین، بۆ ئەوەی ئەو بەرھەمانە لە ناوخۆی ھەرێمی کوردستان بەرھەم بێنین و چیتر لە دەرەوە ھاوردە نەکرێن و پێویستمان پێ نەبێت و جووتیارانی ئێمەش لێی سوودمەند بن".

حەمەکەریم گوتیشی: "لە ساڵی داھاتوودا دەست بە جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانە دەکرێت لەلایەن دەستەی وەبەرھێنان و ئەو پڕۆژانەش بۆ ئەو بەرھەمانە دەبن کە لە دەرەوە ھەرچی بەرھەمێک ھاوردە دەکرێت، لە ناوخۆی ھەرێمی کوردستان بەرھەم دەھێندرێن و ئیدی پێویستمان بەوە نابێت چیتر لە دەرەوە بەرھەم ھاوردە بکەین و ساڵانە بەرھەمی خۆماڵیی خۆمان دەبێت، ئەمەش ھەم بۆ ھاووڵاتیان و هەمیش بۆ جووتیارانی خۆمان قازانجی دەبێت".

لای خۆشیەوە، سەربەست خدر عەلی، بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوە و زانیاری لە دەستەی وەبەرھێنان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، دەستەی وەبەرھێنان پلانی داناوە لە رێگەی ئەو رووپێوەی ئەنجامی داوە لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ، ١٥٠ پڕۆژە ئەنجام بدات و ئەو بەرھەمانەی لە دەرەوە ھاوردە دەکرێن، لە ناوخۆ بەرھەمیان بێنین.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار