٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە ھەرێمی كوردستانەوە كەلوپەل ھەناردەی ئێران دەكرێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی نێوان ھەرێم و ئێران گوتی، بڕیارە ھەردوو ژووری بازرگانیی ئێران و ھەرێمی كوردستان كۆ ببنەوە و تێیدا ڕێككەوتن بكرێت هەروەك چۆن لە ئێرانەوە كەلوپەل ھاوردەی ھەرێم دەكرێت، بە ھەمان شێوە لە ھەرێمی كوردستانیشەوە كەلوپەل ھەناردەی ئێران بكرێت، ئەمەش ھەنگاوێكی نوێیە و كارێكی زۆر باشیشە.

عەبدوڵڵا ئاكرەیی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "دوای كەمبوونەوەی حاڵەتەكانی كۆرۆنا، ئێستا جووڵەی بازرگانی لە نێوان ھەرێمی كوردستان و ئێران زۆر زیادی كردووە و خێراتر بووە، بەڵام ڕێكارە تەندروستییەكان وەكو پێشوو دەگیرێنە بەر و بەردەوامن، چونكە حاڵەتەكان ھێشتا ھەر ماون".

ئاكرەیی گوتیشی: "بڕیارە ھەنگاوێكی نوێی بازرگانی لە نێوان ھەرێم و ئێران بھاوێژرێت، كە هەروەك چۆن ئێران كەلوپەل ھاوردەی ھەرێم دەكات، لە ھەرێمی كوردستانیشەوە كەلوپەل ڕەوانەی ئێران بكرێت، بۆ ئەو مەبەستەش ھەردوو ژووری بازرگانیی ھەرێم و ئێران لەسەر جۆری ھەناردەكردنی ئەو كەلوپەلانەی بۆ ئێران ڕەوانە دەكرێن، ڕێككەوتن دەكەن".

دەشڵێت: "ئەمە ھەنگاوێكی گرنگە و زۆریش باشە بۆ ھەرێمی كوردستان و ئێرانیش، چونكە جووڵەی بازرگانی زیاد دەكات".

 

بڵند ئیبراھیم 

 

هەواڵی پەیوەندیدار