قایمقامی شەقڵاوە: لە ئایندەکی نزیکدا پڕۆژەی تەلفریکی چیای سەفین جێبەجێ دەکرێت

شەقڵاوە-PDK.info- بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیدا پڕۆژەی تەلفریکی چیای سەفین جێبەجێ بکرێت و قایمقامی شەقلاوەش دەڵێت، چەندین پڕۆژەی دیکەش ئامادە کراون.
ئیبراهیم شێخەڵڵا، قایمقامی شەقڵاوە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە ئایندەیەکی نزیکدا پڕۆژەیەکی ستراتیژی لە سنووری قەزای شەقلاوە جێبەجێ دەکرێت، کە تەلفریکی چیای سەفینە و لە ڕۆژانی داهاتوو لەلایەن دەستەی گشتیی وەبەرهێنان بە چەند کۆمپانیایەک دەدرێت بۆ جێبەجێکردن و دەسپێکردنی پڕۆژەکە".
قایمقامی شەقڵاوە دەشڵێت: "پرۆژەی تەلفریکی سەفین دەبێتە هۆی ڕاکێشانی زیاتری گەشتیار بۆ شەقڵاوە و دوای تەواوبوونی قەزای شەقڵاوە دەبێتە خاوەن دیمەن و پڕۆژەیەکی گرینگ و کاریگەریی خۆی دەبێت".
ئیبراهیم شێخەڵڵا ڕوونی کردەوە: "چەندین پڕۆژەی دیکەش لە پلانی حکوومەتدان بۆ قەزای شەقڵاوە و داوامان لە پارێزگای هەولێر کردووە سێ ملیار و 400 ملیۆن دینار بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانمان خەرج بکات.
قائید میرۆ




