زانكۆی دهۆك لەسەر ئاستی كوردستان پلەی یەكەمی بەدەست هێنا

دهۆك-KDP.info- سەرۆكی زانكۆی دهۆك دەڵێ، بەرەوپێشچوونی زانكۆی دهۆك لە ئاستی زانستیدا، دەگەڕێتەوە بۆ كار و چالاكییە زانستی و ئەكادیمییەكانی زانكۆكەیان، كە ئەمەش دەستكەوتێكی گەورەی زانستییە بۆ هەموو كوردستان.
بەپێی پێوەری نێودەوڵەتیی Unirank، زانكۆی دهۆك پلەی یەكەم لەسەر ئاستی كوردستان و پلەی چوارەمیشی لەسەر ئاستی عێراق بەدەست هێنا.
سەرۆكی زانكۆی دهۆك، موسڵیح دهۆكی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "زانكۆكەمان بەردەوامە لە هێنانی بەرنامە و تەكنیكی نوێی زانستی بۆ ناو پرۆگرامی خوێندن و دەركردنی توێژینەوەی زانستی و ئەكادیمی، بۆیەش بووەتە سەرچاوەیەكی گرنگی توێژینەوەكان لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق و ناوچەكەش".
دهۆكی ئاماژەشی دا، زانكۆی دهۆك، تاكە زانكۆی هەرێمە سێ بەرنامەی هاوبەشی زانستیی لەگەڵ زانكۆ بەناوبانگەكانی ئەڵمانیا هەیە، ئەویش لەسەر ئاستی بەكالۆریۆس و ماستەرە، كە زانكۆی دهۆك بەوە ناسراوە، هیچ رۆژێك لە كار و چالاكی نەوەستاوە.
ناوبراو دەشڵێ، لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆناشدا كۆنفرانسە زانستییەكان بە شێوازی ئۆنڵاین بەردەوام بوون، بۆیە بڵاووبوونەوەی ئەم پەتایە كاری لە زانكۆی دهۆك نەكردووە و بەردەوام بووە لە پشكداریكردن لە كۆنفرانسە نێودەوڵەتییەكان.
گوتیشی: "بەردەوامین لە ئەنجامدانی لیكۆڵینەوە و توێژینەوە زانستی و ئەكادیمییەكان و دەمانەوێ بەرنامەی هاوبەشی زیاتر لەگەڵ زانكۆ بیانییەكان بكەینەوە، هەروەها لە پلانیشماندایە دوو بەشی تری زانستی بە هاوبەشی لەگەڵ زانكۆ بیانییەكان بكەینەوە".
كــاروان بــاعەدری




