٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی كارەبا دەست بە كاركردن بە پێوەری زیرەك دەكات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكوومەتی ھەرێمی كوردستان گوتی، تا ئێستا لە ھەرێمی كوردستان زیاتر لە ٤٠٠ هەزار پێوەری زیرەكی كارەبای ماڵان گرێ دراوە و دەشڵێ: "دەستمان بە كاركردن بەو پێوەرانە كردووە، بۆ ئەوەی بتوانین بارگرانیی سەر كارەبا كەم بكەینەوە".

ئومێد ئەحمەد، كە ھاوكات بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای ھەرێمی كوردستانە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "لە ھەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی گشتی پرۆسەی گرێدانی پێوەری زیرەكی ماڵان بەردەوامە و تاوەكو ئێستا زیاتر لە ٤٠٠ھەزار پێوەر گرێ دراون و بەردەوامیش دەبین تا وەكو پێوەری زیرەكی كارەبا بۆ سەرجەم ھاوبەشكانمان گرێ دەدەین، كە ملیۆنێك و٦٠٠ھەزار ھاوبەشن".

ئەحمەد گوتیشی: "بۆ كەمكردنەوەی بارگرانیی سەر كارەبا و زیادكردنی سەعاتەكانی كارەبا، دەستمان كردووە بە كاركردن بە پێوەری زیرەكی كارەبا لەو ماڵانەی بۆیان گرێ دراوە و لە ئێستادا قۆناغ بە قۆناغ كاریان پێ دەكەین، تاوەكو ھەمووان دەكەونە كار، بۆیە لە سەنتەری كۆنتڕۆڵ كاركردن لێی بەردەوامە، ئەمەش وا دەكات گرفتی ئۆڤەرلۆد چارەسەر ببێت".

ناوبراو دەشڵێ: "جیاوازیی سەعاتی كارەبا لەگەڵ پێوەری زیرەك زۆرە، چونكە پێوەری زیرەك بە وردی كارەبا دیاری دەكات چەندی بەكار دێت و وەكو سەعات نییە و بەكارھێنانی كارەباش سنووردارە و ناتوانن بە ئارەزووی خۆیان بەكاری بێنن، چونكە چەند بەكار بێنن، پارەی زیاتریان بۆ حیساب دەكرێت و جگە لەوەش كەس ناتوانێ كە پێوەری زیرەكی گرێ دا، سەرپێچی بكات، بۆیە ئەمە وادەكات بتوانین كارەبا بە شێوەیەكی یەكسان و باشتر بەسەر ھاوبەشانماندا دابەش بكەین".

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار