٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ھەولێر پاكترین شاری عێراقە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی شارەوانیی ھەولێر رایگەیاند، بەپێی رووپێوێكی مەیدانی، كە لە ھەموو شارەكانی عێراق ئەنجام دراوە بۆ ئەوەی بزانن پاكترین و پیسترین شارەكانی عێراق كامانەن، دەركەوتووە كە ھەولێر پاكترین شارە و بەسڕاش پیسترین شارە.

سیامەند كەریم، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "بەپێی رووپێوێكی مەیدانیی كەناڵێكی ئاسمانیی عێراقی جیھانی بە ناوی "یو تی ڤی" كە رووپێوەكەیان لە ھەموو شارەكان ئەنجام داوە، پاكترین شار ھەولێر و پیسترین شاریش بەسڕا بووە، چەند ھۆكارێكیش بوونەتە ھۆی ئەوەی ھەولێر پاكترین شار بێت، ئەوانیش بریتین لەوەی، لە ھەولێر رۆژانە زبڵ و خاشاك كۆدەكرێتەوە و شار پاك دەبێتەوە، ئەمە ھۆكاری سەرەكییە و خاوێنكردنەوەی شەقامەكانیش یەكێكی دیكە لە ھۆكارەكانە، هەروەها هۆكارێكی تریش ئەوەیە، كە ئێمە جیا لە ھەموو شارەكانی دیكە، ھەولێرمان بەسەر شەش زۆندا دابەش كردووە، كە شەش شارەوانیی ھەیە".

كەریم گوتیشی: "ھەر شارەوانییەك تیمێكی تایبەت بە خۆی ھەیە و رۆژانە گەڕەك و كۆڵانەكانی شار پاك دەكەنەوە و رێگە نادەن پیس بێت و بەردەوام بە خاوێنی رایدەگرن و ناهێڵن لە یەك شوێن زبڵ و خاشاك كەڵەكە بێت و كۆی دەكەنەوە".

ناوبراو باسی لەوەش كرد: "خەڵكی شاری ھەولێر ھۆشیار بوونەتەوە و خەڵك گەشت دەكات و سوود لە وڵاتان وەردگرن، بۆیە ئەمە وای كردووە كە ھەولێر ببێتە پاكترین شاری عێراق، كە ئەمەش دەستكەوتێكی باشە و رووپێوەكەش ئێمە ئەنجاممان نەداوە و كەناڵێكی عێراقی ئەنجامی داوە".

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار