د. سۆران نابینا: پێویستە ئه‌نجومه‌نی باڵای خاوه‌ن پێداویستییە تایبه‌ته‌كان دابمەزرێت

هەولێر-KDP.info- سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی ئه‌نجومه‌نی باڵای لاوانی كوردستان و به‌رپرسی په‌یمانگای كوردی-ئه‌مەریكی بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی نیشتمانی دەڵێت، ''ته‌مه‌ننا ده‌كه‌ین هه‌موومان هۆكار بین بۆ ڕه‌خساندنی زه‌مینه‌یه‌كی گونجاو بۆ ئه‌وه‌ی یه‌ك به یه‌كی ئه‌و مافانه‌ی كه وەک هه‌قێكی ڕه‌وا پێمان دراوه و له به‌ندی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كاندا دیاری كراوه، به ده‌ستی بهێنین و ڕۆڵمان له دامه‌زراوەگەلی مه‌ده‌نی و یاسایی و جێبه‌جێكردنه‌كاندا زیاتر بكه‌ین و توانا مرۆییه‌كانمان په‌ره پێ بده‌ین''.
دكتۆر سۆران نووری ئیبراهیم، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''دەبێ پاڵپشتی هه‌ر ڕوئیایه‌كی سه‌ركه‌وتوو بین بۆ به‌حزبینه‌كردنی ماف و حه‌قی ئێمه وه‌ك خاوه‌ن پێداویستییە تایبه‌ته‌كان، پێم وایه ئێمه ئه‌گه‌ر یه‌كگرتووییی خۆمان بسه‌لمێنین و به ئه‌ركێكی نیشتمانییانه واجباته‌كانمان جێبه‌جێ بكه‌ین و به نه‌فه‌سێكی هاوڕێیانه هاوكار و پاڵپشتی یه‌ك بین، زۆر باشیش ده‌توانین حكوومه‌ت و دامه‌زراوه‌كان ڕازی بكه‌ین کە هاوكارمان بن له جێبه‌جێكردن و به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانماندا''.
گوتیشی: ''بۆیه داواكاری من لێره‌وه وه‌ك لاوێكی كوردستانی ئه‌وه‌یه کە یه‌كه‌م ئه‌نجومه‌نی باڵای خاوه‌ن پێداویستییە تایبه‌ته‌كان دابمەزرێت به سه‌رۆكایه‌تیی وه‌زیری كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی و، به ئه‌ندامییه‌تیی کەسانی چالاک''.
''به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش زۆر خه‌ڵكێكی ئاستبه‌رز و ڕۆشنبیر په‌روه‌رده بوون و به سه‌ركه‌وتوویی زانكۆ ته‌واو ده‌كه‌ن و زیاتر له زمانێك ده‌زانن، موئه‌سه‌سه‌كان به‌ڕێوه ده‌به‌ن و چۆكیان بۆ هێزه‌كان دانه‌داوه، ئه‌مه مایه‌ی دڵخۆشییه بۆ هه‌مووان، بۆیه به ڕای من باشترین شت کە حكوومه‌ت له‌م بارودۆخه‌ی ئێستادا بۆ ئێمه‌ی بكات به‌دامه‌زراوه‌ییكردنی موئه‌سه‌سه‌كانی خاوه‌ن پێداویستییە تایبه‌ته‌كانه، بۆیه به‌وپه‌ڕی دڵنیاییه‌وه من پێم وایه هیچ شتێك دره‌نگ نییه بۆ ئه‌وه‌ی مافه‌كانی ئێمه‌ی تێدا زامن ببێت، هه‌موومان ئه‌گه‌ر به كۆی ده‌نگ و له‌سه‌ر یه‌ك ئامانج كار بكه‌ین کە ئه‌ویش پاراستنی خاوه‌ن پێداویستییە تایبه‌ته‌كان و مافه ڕه‌واكانه، زۆر باشتر له‌وه‌ی هه‌یه ده‌توانین به مه‌هامه‌كانمان بگەین.'' د. سۆران لە کۆتاییدا وای گوت.
کــاروان بـــاعەدری




