٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دیاری حوسێن: مەلەفی ئەمنی دەدرێتەوە دەست كەركووكییەكان

سەرچاوە: KDP.info

كەركووك-KDP.info- بڕیار وایە ھێزە سەربازییەكانی عێراق لەنێو شاری كەركووك پاشەكشە بكەن و ھێزی پۆلیس ئەركی پاراستنی شارەكە بگرێتە ئەستۆ، بەرپرسێكی پارتیش دەڵێ: "لە ھەموو كۆبوونەوەكانماندا لەگەڵ عێراق جەخت لەسەر ئەوە كراوەتەوە، كە كەركووكییەكان خۆیان شارەكەیان بەڕێوە ببەن".

دیاری حوسێن، جێگری بەرپرسی سەركردایەتیی كەركووك – گەرمیانی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بڕیارە ھێزی سەربازی و سوپا لەنێو شاری كەركووك نەمێنێ و مەلەفی ئەمنی رادەستی ھێزەكانی پۆلیسی ئیتیحادی بكرێت، بەڵام نازانین چۆن بڕیارەكە جێبەجێ دەكرێت و بڕیارەكەش دەرچووە".

بەرپرسەكەی پارتی دەڵێت: "دەرچوونی ھێزە سەربازییەكان ھەنگاوێكی گرینگە بۆ ئەوەی سیمای سەربازی لەنێو شاری كەركووك نەمێنێ، چونكە بەداخەوە تا ئێستا خەڵكی كەركووك دڵنیا نین لە پاراستنی سەروماڵی خۆیان و دزی و تاڵانی بەردەوامە".

حوسێن ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "پێشتر نوێنەرەكانمان لە ھەموو كۆبوونەوەكان لەگەڵ بەغدا جەختیان لەسەر ئەوە كردووەتەوە، كە پێویستە ھێزە ئەمنییەكانی نێو شاری كەركووك خۆیان شارەكەیان بپارێزن و ھێزی بیانی ئەوانەی ھاتوونەتە نێو كەركووك، پاشەكشە بكەن".

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار