ھەولێر.. حەوت ملیۆن و ٨٠٠ هەزار لیتر نەوت لە ناوچە شاخاوییەكان دابەش كراوە

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری سووتەمەنیی ھەولێر رایدەگەیەنێت، دابەشكردنی نەوتی سپیی ماڵان لە ناوچە شاخاوییەكان بەردەوامە و تا ئێستا حەوت ملیۆن و ٨٠٠ هەزار لیتر نەوت دابەش كراوە.
ئاری كاكەشین، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "دابەشكردنی نەوتی سپیی ماڵان بەسەر ھاووڵاتیاندا بەردەوامە و تا ئێستا لە چۆمان و مێرگەسۆر و رەواندز و ناوچەكانی خەلیفان و سۆران نەوت دابەش دەكرێت، كە ئەوانیش تەواو بوون، لە شەقڵاوە و پیرمام نەوت دابەش دەكرێت تا دەگەینە ناوشار و داواشمان كردووە حكوومەت نەوتمان بۆ دابین بكات بۆ ناوشار و چاوەڕێ دەكەین نەوتمان بۆ دابین بكرێت".
كاكەشین گوتیشی: "لە بەردەوامیی دابەشكردنی نەوتی سپیی ماڵان بۆ وەرزی زستان، تا ئێستا لە ناوچە شاخاویەكان حەوت ملیۆن و٨٠٠ھەزار لیترمان دابەش كردووە و بەردەوامیشین لە دابەشكردن تا ھەموو ناوچە شاخاوییەكان تەواو دەبن".
دەشڵێ: "ھەر كاتێك حكوومەت نەوتی بۆ دابین كردین بۆ ناوشار، ئەوكات لەناو شاریش دەست بە دابەشكردنی نەوتی سپی دەكەین".
بڵند ئیبراھیم




