لیوا عەبدولخالق: تەنھا بە هێزی ھاوبەش دەتواندرێت ناوچە کوردستانییەکان بپارێزرێن

بەغدا-KDP.info- نوێنەری ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ژووری ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشی عێراق گوتی، دروستکردنی ھەردوو ژووری ھاوبەشی ھەولێر و بەغدا، کۆتایی پێھاتووە و دەستبەکار بوونە، بڕیاریشە دەست بە دروستکردنی ژووری ھاوبەشی ناوچە کوردستانییەکان بکرێت، چونکە ھێزی ھاوبەش نەبێت، ناتواندرێت ناوچە کوردستانییەکان بپارێزرێن.
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی موکراتی کوردستان گوتی، دروستکردنی ژوورە ھاوبەشەکانی ھەولێر و بەغدا تەواو بووە و دەستبەکاریش بوونە، لە ئێستاشدا بڕیارە دەست بە دروستکردنی ژوورە ھاوبەشەکانی ناوچە کوردستانییەکان بکرێت و سەرەتا لە خانەقین دەست پێدەکات و دواتر لە مەخموور و سحێلا و کەرکووک دەست پێدەکرێت.
تەڵعەت گوتیشی, ھۆکاری زیادبوونی جموجۆڵی داعش ئەوەیە، کە یەک ھێز بە تەنھا ناتوانێ ئەو ناوچانە بپارێزێت و پێویستە ھێزی ھاوبەش ھەبێت، کە تەنیا ئەو هێزە هاوبەشە دەتوانن ئەو ناوچانە بەباشی لە داعش بپارێزن و رێگری لە جموجۆڵی تیرۆریستان بکەن.
بڵند ئیبراھیم




