جووتیار عادل: بەردەوام دەبین لە گفتوگۆ بۆ بەدەستھێنانی ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان

هەولێر-KDP.info- دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، مەسروور بارزانی بەردەوام لە ھەوڵدایە بۆ ئەوەی بەغدا شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان ڕەوانە بکات.
لە پرێسکۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، جووتیار عادل، گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا پرسی مووچە و پەیوەندییەکانی ھەولێر و بەغدا تاووتوو کران. لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیران جەختی کردەوە، حکوومەتی ھەرێم لە ھەموو کەس زیاتر پەرۆشی ژیانی خەڵکی کوردستانە و ئاماژەی بەوەش دا کە شایستە داراییەکان، مافی ڕەوای خەڵکی کوردستانە و ھەرگیز سازش لەسەر ئەو مافانە ناکەین. بەردەوام دەبین لە گفتوگۆ بۆ بەدەستھێنانی سەرجەم ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان".
گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەشڵێت: "لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو، سەرۆکوەزیران لە سۆنگەی پەرۆشیی خۆیەوە بەردەوام لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی، لەسەر ھێڵ بووە، بۆ ناردنی ٣٢٠ ملیار دینارەکە و بەڵێنیان داوە ئەو گرفتە چارەسەر بکەن. خۆتان دەزانن، ئەو بڕە پارەیە دوا کەوتووە و ئێمە وەک حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕەوشەی ھەیە، بڕیارمان دا سبەی دەست بە دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان بکرێت''.
جووتیار عادل ڕوونی کردەوە: "داھات بەشی ئەو ھەموو مووچەیە ناکات، بۆیە کورتھێنان ھەیە و حکوومەتی ھەرێم ٣٥٥ ملیۆن دۆلار کورتھێنانی ھەیە و تەنیا ٤٠٠ ملیۆن دۆلاری وەک داھات ھەیە و بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتھێنانە نزیکەی ٢٠٥ ملیۆن دۆلار قەرز دەکات و کاتێک پارە لە بەغداوە ھات، دەدرێتەوە بە خاوەن قەرزەکان و ئەو پارەیەی دەنێردرێت، ٢٦٥ ملیۆن دۆلارە و ٢٠٥ی دەدرێتەوە بە قەرز و ٦٠ ملیۆن دۆلاری دەمێنێتەوە و مانگی داھاتوو دادەنرێتە سەر داھاتی ھەرێم بۆ دابەشکردنی قەرز و، بە ڕێژەی (%٧٩)یش تەموویلی مووچە دەکرێت''.
قائید میرۆ




