قاچاخ: پەکەکە خۆی حەشار داوە.. ئەوەی لە شنگال دەکرێت ''پڕوپاگەندەی''هەڵبژاردنە

شنگال-KDP.info- بەرپرسی لقی شنگال پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، پەکەکە هیچ بارەگاکانیان لە شنگال ڕادەستی حکوومەتی عێراق نەکردووە، تەنیا هەندێک بارەگای پچووک نەبن، ئەویش بۆ ڕاگەیاندن.
قادر قاچاخ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ئێستاش بارەگاکانی لە سەنتەری شنگال ماون، ڕاستە هەندێک لە چەکدارەکانی لە تۆنیلەکاندا خۆیان حەشار داوە و، ئێستاش گەورەترین بارەگای پۆلیس لەنێو شنگالدا لە دەست پەکەکەدایە".
گوتیشی: ''ئەو بەناو ئاسایشەی لە شنگال دروست کرابوو، هەموویان ماون بە ئیدارەکەیشییەوە، هەندێکیشیان خۆیان ئاوێتەی حەشد و پۆلیس و هەندێکیشیان لەنێو سوپا کردوون".
بۆچوونی قاچاخ وایە، ئەوەی لە شنگال ئێستا دەکرێت تەنیا بۆ ئەوەیە خەڵک بگەڕێتەوە شنگال، پێش هەڵبژاردن و بۆ ئەوەی لە شنگال بە دڵی خۆیان کاندیدە عەرەبەکان دەربچن و دواتر بڵێن عەرەب نوێنەرایەتیی شنگال دەکات.
"تا نوێنەری یوئین و حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ یەک هەنگاوەکانی شنگال جێبەجێ نەکەن بڕوامان بەو پروپاگەندەیە نییە کە لە شنگال دەکرێت، چونکە دەبێ ئەو هێزانە هەر لە شنگالدا نەبن''. قاچاخ وای گوت.
کــاروان بــاعەدری




