"یاسای پەروەردە ھەموار دەكرێتەوە و گۆڕانكاریی تێدا دەكرێت"

هەولێر-KDP.info- بڕیارە یاسای پەروەردە ھەموار بكرێتەوە و ئەندامێكی لیژنەی پەروەدەش دەڵێ، دوای پەسەندكردنی پڕۆژەیاساكە، گۆڕانكاری بەسەر سیستەمی پەروەردە لە ھەرێمی كوردستاندا دێت.
گوڵستان نھێلی، ئەندامی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، فڕاكسیۆنی پارتی پڕۆژەپێشنیازی یاسای پەروەردەی ئامادە كردووە و دوای ئەوەی پێشكەشی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان كرا، خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە و رەوانەی لیژنە پەیوەندارەكان كراوە، بۆ ئەوەی كاری لەسەر بكرێت و دواتر لە دانیشتنێكی پەرلەماندا بخرێتە دەنگدانەوە.
ئەندامەكەی لیژنەی پەروەردە گوتیشی: "پڕۆژەیاسای پەروەردە مەبەست لێی بەرەوپێشبردنی كەرتی پەروەردە و بەرزكردنەوەی ئاستی خوێندنە لە ھەرێمی كوردستان، بێگومان ئەوەی هەیە ناڵیێن سیستەمێكی خراپە، بەڵام بێ كێشەش نییە و ھەرێمی كوردستان پێویستی بە یاسایەكی باشتری پەروەردە ھەیە".
نھێلی ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "بە گوێرەی پڕۆژەی نوێی پەروەردە، زیاتر گرینگی بە ئاستی قوتابیان و مامۆستایان دەدرێت، چونكە ھەموومان بەرپرسیارین لە بەردەم كەرتی پەروەردەدا، تا بتوانین سیستەمێكی پێشكەوتووی پەروەردەمان ھەبێت، ھەوڵی زۆر لایەن پێویستە و تەنیا ئەركی وەزارەتی پەروەدە نییە، بێگومان دوای دەرچوونی یاساكەش، گۆڕانكاری بەسەر كەرتی پەروەردەدا دێت".
قائید میرۆ




