لە شێلادزێ ٤٠ پڕۆژە كەوتنە بواری جێبەجێكردنەوە

ئامێدی-KDP.info- قایمقامی قەزای ئامێدی رایگەیاند، دوای رەزامەندیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و تەرخانكردنی پارە، لە ناحیەی شێلادزێی سەر بە قەزای ئامێدی، ٤٠ پڕۆژەی جۆراوجۆر كەوتوونەتە بواری جێبەجێكردنەوە، كە ئەمەش خزمەتێكی باشی خەڵكی ئەو ناوچەیە دەكات.
ئیسماعیل مستەفا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، لە سنووری قەزای ئامێدی بە گشتی رەزامەندی لەسەر ١٤٧ پڕۆژە دراوە بە گوژمەی ٨١ ملیار دینار و پارەش بۆ هەموو ئەو پڕۆژانە تەرخان كراوە، لە ئێستاشدا دەست بە جێبەجێكردنیان دەكرێت و بەشێك لەوانەش پێویستیان بەوە ھەیە بكرێنە تەندەر و بدرێن بە وەبەرھێنەر، بۆ ئەوەی ئەنجامی بدەن، بۆیە بەردەوام پڕۆژەكان دەكرێنە تەندەر و دەدرێنە وەبەرھێنەر تا سەرجەمیان جێبەجێ دەكرێن.
مستەفا گوتیشی، لە كۆی ئەو پڕۆژانە، ٤٠ پڕۆژە لە سنووری ناحیەی شێلادزێ دەست بە جێبەجێكردنیان كراوە، كە پڕۆژەی جۆراوجۆرن.
دەشڵێ، پڕۆژەكان بریتین لە پڕۆژەی ئاو و كارەبا و شەقام و چەند بوارێكی دیكە، كە لە ئێستادا كار بۆ جێبەجێكردنیان دەكرێت، ئەمەش دەبێتە ھەنگاوێكی گرنگ بۆ خزمەتی خەڵكی ناوچەكە، چونكە پێویستیان بەو پڕۆژانە ھەبوو و ئەو كێشانەی ھەشیانە، چارەسەر دەبن.
بڵند ئیبراھیم




