٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

بەرپرسی دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگــــــــەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان: خەڵكێك هەیە دەیەوێت بودجە بـــكاتە وەسیلەیەكی ڕاگەیاندن بۆ ڕێكلامكردن

سەرچاوە: KDP.info


دیمانە: هاوده‌نگ فاروق
بەشی دووەم و کۆتایی


بەرپرسی دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان مەحموود محەممەد لە چاوپێكەوتنێكی بەرنامەی "لە كوردستانەوە"ـی كوردستان تیڤیدا، کە پێشکه‌شکاری به‌رنامه‌که‌ هاوده‌نگ فاروق له‌ گه‌ڵیدا سازی کردبو و ڕۆژنامه‌ی هەولێر- یش دەقەكەی وەرگرتووە.

ڕایگەیاند "ئێمە وەك پارتی زۆر جار باجی هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانمان داوە، بەڵام ئەمە خەسڵەتی دیاریكراوی پارتی دیموكراتی كوردستان و ڕێبازی بارزانییە كە لەسەر ئەو هەڵویستە نیشتمانیانە باجمان داوە و لەمەودوایش ئامادەین باج بدەین."

* لە ماوەی ڕابردوودا چەند كۆبوونەوەیەكتان لەسەر ئاستی باڵا لەگەڵ هەر سێ لایەنی ئۆپۆزسیۆندا كرد، ئایا ئەم پڕۆسەیە گەییشتووەتە كوێ و لەسەر چی كۆكن و لەسەر چی ناكۆكن؟

ـ لە ڕاستیدا لە كۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو مەكتەبی سیاسیدا بڕیار درا كە بەڕێزان نێچیرڤان بارزانی و كاك بەرهەم سەردانی هەر سێ لایەنی ئۆپۆزسیۆن بكەن، پاش ئەوەی كە جەنابی سەرۆك بارزانی لەگەڵ هەر سێ لایەندا كۆ بووەوە، چەند خاڵێكیان دەستنیشان كردبوو كە ئەوانە لای ئەوان گرنگن، بۆ بەدواداچوونی ئەمانە ئەو دوو هەڤاڵە سەردانیان كردن پاش گفتوگۆ لەگەڵیاندا ئێستا چاوەڕوانی وەڵامی ئەوانین، ئەوان چۆن ڕێك دەكەون لەناو خۆیاندا لەگەڵ ئەوەی كە چۆن گفتوگۆ لەگەڵ ئێمەدا بكەن.

* لە كاتێكدا چەند مانگێكی ماوە بۆ هەڵبژاردن و ئەوانیش ڕایانگەیاندووە كە ئۆپۆزسیۆنن، بەڵام ئێوە داوایەكتان لەوان كردووە كە بێن بەشداریی حكوومەتی بنكەفراوان بكەن؟

_ من دەمەوێت ئەوە ڕوون بكەمەوە بە ڕاستی مەسەلەی حكوومەتی وەحدەی وەتەنی یان بنكەفراوان ئەوەی كە باسی لێ دەكرێت ئەوە لەوێوە هاتووە كە ئەوان ئەجێندایەكیان هەیە و لە چەند پاكێجێكدا دیاریان كردووە كە ئەوە بەلای ئەوانەوە گرنگە جێبەجێ بكرێت، ئێمە وەكوو پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەجێندای تایبەتی خۆمانمان هەیە و لە كارنامەی لیستی كوردستانیدا ڕامانگەیاندووە، لە كارنامەی حكوومەتدا ڕامانگەیاندووە، بۆیە ئەجێندای ئێمە لەگەڵ ئەجێندای ئەوان لەوانەیە لە هەندێك شوێندا جیاوازیی تێدا هەبێت، ئەگەر ئەوان بیانەوێت بەشێك لە ئەجێنداكەیان جێبەجێ بكرێت دەبێت بێن لەگەڵماندا بەشدار بن لە بەڕێوەبردنی وڵاتەكە و لە جێبەجێكردنی ئەو ئەجێندایەی كە بەشێك لە ئەجێندای ئەوان كە دێتە ناو ئەجێندای لیستی كوردستانییەوە، ئەگەرنا ئەوان لە دەرەوەی حكوومەت بن و ئەجێندا بنووسن و ئەجێندایەكانیش ئێمە بۆیان جێبەجێ بكەین، ئەی هەڵبژاردنمان بۆچی كردووە.

* بۆ بۆیان جێبەجێ ناكەن و ئەوان ئۆپۆزسیۆن بن لە دەرەوە؟

ـ دەبێت لەسەر جێبەجێكردنی ڕێك بكەوین، چونكە شەرت نییە هەرچی ئەوان گوتیان ئێمە بتوانین جێبەجێ بكەین یان ئەسڵەن بە ڕاستی بزانین، چونكە كۆمەڵێك شت هەیە بەرنامەی خۆمان لە هیی ئەوان بە ڕاستتر دەزانین.

* ئاخر ئەوان دەڵێن گەندەڵی هەیە و كەموكوڕیی یەكجار زۆرە ئێمە نابین بە شەریك لەو كەموكوڕیانەدا، بۆیە نایەنە ناو دەستەڵاتەوە؟

ـ باشە با نەیەنە ناو دەستەڵاتەوە و با ئەجێندایشیان نەبێت و چاوەڕوان بن تاوەكوو هەڵبژاردن دەبێت كە لە هەڵبژاردنیش متمانەی زیاتر خەڵكیان بە دەست هێنا با حكوومەت دروست بكەن و ئەوەی كە ئەوان پێ دەڵێن گەندەڵی نەیهێڵن. بە شێواز و بە سیستەمێكی دیكە ئەم وڵاتە بەڕێوە بەرن.

* زۆر جار لە میدیاكانی ئەوەی كە گوایە ئەهلییە یان ئۆپۆزسیۆن، دەگوترێت كە پارتی بە تەنیا لە گۆڕەپانی كوردستاندا ماوەتەوە، جا پرسیار ئەوەیە پارتی لە چی
مەوقیعییەتێكی تەنیاییدا ماوەتەوە؟

ـ پارتی بە تەنیا نییە، یارتی لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانی لە هاوپەیمانیەتیی ستراتیژیدایە و بە بێ یەكتری هیچ كارێك ناكەین. هەروەها كۆمەڵێك پارتی دیكەی دەرەوەی ئەم سێ حزبە هەن، ئەگەر لەم حزبە ئۆپۆزسیۆنانە هەبێت چوار كورسی هەبێت خەڵكی تریش هەن لە ناو پەرلەمان كە دوو كورسییان هەیە چەندین دوو كورسی و چوار كورسی و پێنچ كورسی لەناو پەرلەماندا هەن كە لەگەڵ پارتیدا هاوپەیمانن، یان ئەو بۆچوون و تەرحانەی كە پارتی هەیەتی بە باشی دەزانن ئەمە لە لایەك، لە لایەكی ترەوە پارتی ڕێزی بۆ هەموو ئەو بۆچوونە جیاوازانە هەیە كە لە كوردستاندا بوونیان هەیە و ئەوانەی كە بەناوی ئۆپۆزسیۆنەوە تەرح دەكرێن، بەڵام بۆچوونی تایبەتی خۆیشی بۆ چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی ئەم وڵاتە هەیە، سوورە لەسەر ئەو بۆچوونانەی خۆی كە هەیەتی، چونكە ئەو بۆچوونانە بە ڕاست دەزانێت، لە پڕۆگرامی خۆیشیدا دیاری كردووە، كەواتە ئەمە مەسەلەی بەتەنیامانەوە و نەمانەوە نییە.

* لەسەر هەڵوێستەكانییەتی؟

ـ بە تەئكید لەسەر هەڵوێستەكانییەتی و ئێمە زۆر جار باجی ئەو هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتیمانیانەمان داوە، بەڵام ئەمە خەسڵەتی دیاریكراوی پارتی دیموكراتی كوردستان و ڕێبازی بارزانییە كە لەسەر ئەو هەڵویستە نیشتیمانیانە باجمان داوە و لەمەودوایش ئامادەین لەسەر ئەو هەڵوێستە نیشتمانی و نەتەوەییانە باج بدەین.

* دەمەوێت نزیك ببینەوە لە دۆخی گفتوگۆكانی نێو پەرلەمان، ماوەیەكە دەبینیت بودجە لە نێو پەرلەماندا لە گفتوگۆدایە و لە هەمان كاتدا بووەتە كەرەستەیەكی میدیایی بەرفراوان لەسەر ئاستی كوردستان، بە تایبەت لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە، پرسیار ئەوەیە كە ئاستی گفتوگۆكانی ناو پەرلەمان لە نێوان ئۆپۆزسیۆن و دەستەڵات و لەسەر میدیا چۆن دەبینیت؟

ـ لە ڕاستیدا بودجە دەتوانین بڵێین شتێكی پسپۆڕییە و پێویستە ئەو كەسانە قسەی لەسەر بكەن و بابەتی لەسەر بنووسن و لە میدیاكان دەركەون كە شتێك لە بواری بودجەدا دەزانن و سێكتەرەكانی بودجە لەلایەن ڕوونە و خوێندوویانەتەوە یان شتی باشتر شك دەبن یان خراپتر شك دەبەن ئینجا قسەی لەسەر بكەن. تەسەور دەكەین دوو بەشە، بەشێكی ئەوانەن كە بە حرسەوە قسە لەسەر بودجە دەكەن بۆ ئەوەی ساڵ بە ساڵ باشتر ڕێك بخرێت بۆ ئەوەی سوودی زیاتر لێ ببیندرێت، جا ئەوە مافی هەر كەسێكە كە باس لەوە بكات و حكوومەت و پەرلەمانیش ئەوەیان دەوێت، خەڵكی كوردستانیش ئەوەیان دەوێت كە ئەو بودجە تاكو هەیە باشتر ڕێك بخرێت. دووەم خەڵكێكیش هەیە بە ڕاستی دەیەوێت بیكاتە وەسیلەیەكی ڕاگەیاندن بۆ ڕێكلامكردن، بۆیە هیچ شتێكی دیكە نییە چونكە زۆر جار لەلایەن گرنگ نییە كە بە چی شێوەیەك باسی ئەرقام دەكەن، باسی سێكتەرەكان دەكەن، ناوهێنانەكان دەكەن، هەندێك جار نیوەی جوملەكە دەڵێن و نیوەكەی دیكەی ناڵێن بۆ ئەوەی كە مەفهومێكی دیكە بدات، بۆیە هەندێك شت دەبینیت لە ڕاگەیاندندا بە داخەوە دەیكەن، بەڵام لە هەموو حاڵەتەكاندا بودجە بۆ خەڵكە كەواتە قابیلی ئەوەیە كە موناقەشەی لەسەر بكرێت.

* هەندێك تەنگژە لە كوردستان و لە عێراقدا هەن، زۆر جار وا لێك دەدرێتەوە كە ئێران ڕۆڵی تێیاندا هەیە، هەندێك هەڵوێستی لەناكاوی میدیایەك لە كوردستان و حزبێك لە كوردستان دەبینین كە دەڵێن دیسان ئێران تەحریك دەكات، باشە ئایا هەرێمی كوردستان نەچووەتە ژێر باری ئێران یاخود ئێران داوایەكی لە هەرێمی كوردستان هەیە یان هەندێك جار لە لایەن چاودێرانی سیاسییەوە ئەوە دەگوترێت كە گوایە ئێران ناڕازییە لە هەرێمی كوردستان، بۆ نموونە بەوەی كە هەندێك كات لەگەڵ بەغدا باری خراپە یان لە توركیا نزیك بووەتەوە؟

ـ لە ڕاستیدا ئێران وڵاتێكی گرنگە لە ناوچەكەدا جا ئەم گرنگییەی ئێمە هەستمان پێ كردووە و ئەمەیش تازە نییە، جگە لەوەیش دۆستایەتیی ئێمە لەگەڵ ئێران تازە نییە و تازەیش بنیاد نانرێت، بەڵكوو ئەمە چەندین ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە و كۆمەڵێك قۆناغی سەختیشمان پێكەوە هەبووە، بەڵام هەڵبەز و دابەزیش لە چۆنیەتیی پێوەندیی نێوان ئێمە و ئێراندا هەبووە، ئەمەیش خەسڵەتی هەموو ئەو پێوەندییانەیە كە سیاسەت هەندێك جار كاریگەریی تێدا دەكات. بەڵام مەسەلەی ئەوەی كە تەدەخول دەكات لە ناو كایەی سیاسیی عێراقدا یان نا، بە نسبەت ئێرانەوە كۆمەڵێك بەرژەوەندی لە عێراقدا هەیە، ئەو بەرژەوەندیانەی ئەویش بە تەئكید هەوڵ دەدات كە پارێزگارییان لێ بكات، لەگەڵ ئەوەیشدا عێراقیش بەرژەوەندی لە هەندێك وڵات و شوێنی دیكەدا هەیە كە هەوڵ بدات پارێزگارییان لێ بكات. ئەم حاڵەتانە لە هەموو وڵاتاندا هەیە، بۆیە ئەمە بەس ئێران نییە، بەڵام ئەوەی گرنگە كە هەر شتێك بكرێت بۆ بەرژەوەندیی ئەوان و بەرژەوەندیی ئێمەی عێراقیەكانیش بێت دەبێت بە تەفاهوم بێت و بە لەیەكگەییشتن و گفتوگۆ بێت، دەكرێت ئێمە دەست نەخەینە ناو كاروباری ناوخۆی ئێرانەوە و ئەوانیش بە هەمان شێوە دەست نەخەنە ناو كاروباری ئێمەوە، بەڵام دەیشكرێت لە زۆر شتدا هاوكاری یەكتر بین و یارمەتیی یەكتری بدەین بۆ بنبڕكردنی كێشەكان و بۆ چاكتر لەیەكنزیكبوونەوە و سوودگەیاندن بە یەكتری، چونكە ئێمە پێویستمان بە یەكترییە، جا پێویستییەكان چی لە ڕووی سیاسی یان ئابووری یان كولتووری بێت. كەواتە دەكرێت ئێمە بەرژەوەندییەكانی یەكتر تەئمین بكەین، بەڵام دەبێت تەوازن ڕابگیرێت لەوەی كە لایەك دەیەوێت خۆی بەسەر لایەكی دیكەدا زاڵ بكات.

* ئەو گفتوگۆیانەی كە لە نێوان حكوومەتی توركیا و بەشێك لە سەركردەكانی پەكەكە و ئۆجەلانیش هەیە، چەندە گەشبینن پێیان و چی زانیارییەكتان لە بەرەوپێشەوەچوونی گفتوگۆكاندا هەیە؟

ـ هەنگاوێكی گرنگە و ئەمە جورئەتێكی باشی ویست لە لایەن دەوڵەتی توركیاوە بۆ ئەوەی ئەم هەنگاوە بنێت، ئەگەر لە بیرتان بێت لە كۆنگرەی پارتی داد و گەشەپێدان جەنابی سەرۆك بارزانی زۆر بە ڕاشكاوی باسی هەڵوێستی ئۆردۆغانی كرد لە هەنگاونانی بۆ چارەكردنی كێشەی كورد، هەروەها زۆرجاری تریش چ جەنابی سەرۆك چ جێگیری سەرۆك كاك نێچیرڤان هەوڵی ئەوەیان داوە كە توركیا تەشجیع ببێت بۆ ئەوەی كە هەنگاو بنێت بۆ كۆتاییهێنان بەم كێشەیە، ئەم كێشەیەیش بە ئاشتیانە چارە دەكرێت لە هەموو ڕاگەیاندنیشدا پارتی و بارزانی ڕایانگەیاندووە كە ئێمە پشتیوان دەبین بۆ چارەكردنی ئاشتیانە و دیموكراتیانەی ئەم كێشەیە لە توركیادا، ئەوەی گرنگە دەوڵەتی توركیا گەییشتووەتە قەناعەتێك كە كێشەیەك لە توركیادا هەیە بەناوی كێشەی كورد، دەبێت ئەم كێشەیە چارە بكرێت ئەگینا ئەم كێشەیە دەبێتە ڕێگر لە پێشكەوتنی توركیا، بۆیە ئەمە هەنگاوی جیددیی دەوێت و خوێندنەوەیەكی دروستی واقیعی كورد و كوردستانی توركیای دەوێت، بۆیە بە تەسەوری من بە چارەكردنی ئەم كێشەیەی توركیا هەروا بە پێشكەوتوویی دەمێنێتەوە و ئابووری زیاتر گەشە دەكات و لە ڕووی كۆمەڵایەتییەوە ئەوەندە كێشەی بۆ دروست نابێت. بۆیە كە بە شەڕ چارە نەكرا دەبێت بە ئاشتی و دیالۆگ چارە بكرێت، لەگەڵ ئەوەیشدا ئێمە پشتیوانیی ئەو چارەكردنە دەكەین.

* لە بارەی دۆخی سووریاوە هەست دەكرێت ڕژێمەكەی بەشار ئەسەد ماوە و ڕۆژانە لە سووریا خەڵك دەكوژرێت، بارودۆخی شارەكانی كوردستان ڕۆژانە بەرەو خراپی دەچێت و ژیانی خەڵك خراپە، ئێستا هەڵوێستی پارتی دیموكراتی كوردستان سەبارەت بە ڕووخان یان نەڕووخان یانیش ڕەوشی سووریا چۆنە؟

ـ لە ڕاستیدا هەڵوێستی پارتی دیموكراتی كوردستان سەبارەت بە هەموو پارچەكانی كوردستان ئەوەیە كە كورد لەو پارچانەدا هەن و هەموو مافیان هەیە وەكوو هەموو گەلێكی دیكە، بۆیە دەبێت بڕوا بە مافەكانیان بكرێت و مافەكانیان دابین بكرێت، لە چوارچێوەی دابینكردنی مافەكاندا ئێمە كێشەمان لەگەڵ هیچ كەس و لایەنێكدا نییە، هەوڵیشمان داوە بە خەڵكی خۆمان ئەوانەی كە پرسێكمان پێ بكەن چ لەلایەن دەوڵەتی ئەوانەوە چی لەلایەن هاووڵاتیانی كوردی خۆمانەوە كە ڕێگەی ئاشتیانە بگرنە بەر بۆ ئەوەی چارەی كێشەكان بكرێت كە چیی دیكە ئەو هەموو ناخۆشی و كارەساتانە لە وڵاتەكاندا ڕوو نەدات. ئەوەی كوردستانی سووریایش بە تەئكید ساڵانێكە لەژێر زەختدان، ساڵانێكە بێبەش بوون لە هەموو مافەكانیان بە تەئكید لەمەودوا بەشار بمێنێت یان نەمێنێت كوردی كوردستانی ڕۆژئاوا بەوەی پێشوو ڕازی نابن و ناچنەوە ئەو دۆخەی كە پێشتر هەیان بووە. بۆیە دەبێت چارەیەك بۆ كێشەكە بكرێت هەروەكوو ئەوەی كە ئۆپۆزسیۆنیش نیازی ئەوەی هەیە حوكمی ئاییندەی سووریا بە دەستەوە بگرێت، دەبێت كێشەی كوردیش لەبەرچاو بگرێت بۆ چارەكردن، هەر لە ئێستاوە مافەكانی كورد دیاری بكات كە باوەڕی بە چی هەیە، چونكە بە بێ كورد سووریا ئیستقرار پەیدا ناكات.

* دێینەوە عێراق و لەبارەی ڕەوشی عێراقەوە كە سەیر دەكەی دۆخی ئەمنی، سیاسی لە عێراقدا ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو خراپی دەچێت، پێوەندییەكانی بەغدا و هەولێریش هەر بە ساردوسڕی ماونەتەوە، بە بۆچوونی تۆ ئەو خۆپێشاندانانەی كە لە شارەكانی ناوەڕاستدا هەیە، ئەو ململانێ سیاسییەی كە ئێستا هەیە، دۆخی عێراق بەرەو كوێ دەبات؟

ـ لە ڕاستیدا ئەم هەموو قەیرانە دروستكراو و كەڵەكەبووانەی سەریەك ئاكامەكەی هەر بەوە دەگات كە بە ئێستا گەییشتووە و قەیران بە دوای قەیران خوڵقێنرا و چارە نەكران، ئەو قەیرانانە هەموو هۆكارەكەیشی ئەوە بووە كە قەیرانێك قەیرانێكی دیكە دابپۆشێت، هەمان ئەو سیاسەتەیە كە بە داخەوە لە ڕژێمی پێشوویش ئەو شتانەیان دەكرد وەكوو ئەوەی لە ئاكامی شكانیان بەرانبەر بە هەشت ساڵ شەڕ كە دەڵێین شكان ئەوە نییە كە بەرانبەر بە وڵاتێك شكابن، بەڵام لە بەرانبەر شەڕەكەدا شكا، ئەو هەموو شكستە لە ڕووی ئابووری و كۆمەڵایەتی كە بوونیەی ئابووریی ئەم وڵاتە تێك چوو، لە دوای ئەوە بۆ داپۆشینی ئەمە هێرشیان كردە سەر كوەیت بۆ ئەوەی كە ئەوی پێ داپۆشن، بۆ ئەوەی خەڵك لێیان نەپرسێت هەشت ساڵ شەڕتان كرد گەییشتنە كوێ. لێرەیشدا دەبینین هەمان سیاسەتی نەهج هەیە كە قەیرانێك دەخوڵقێندرێت لە جیاتی ئەوەی بێن ئەو قەیرانە چارە بكەن، دێن قەیرانێكی دیكە دەخوڵقنینن بە نیازی ئەوەی كە خەڵك قەیرانەكەی پێشووتری بیر بچێتەوە، بۆیە هەوڵەكان جیددی نین بۆ چارەكردن، ئەم جیددینەبوونەیش وای كردووە كۆمەڵێك لە هاووڵاتیانی چەند پارێزگایەك خۆپێشاندان بكەن و داوای مافەكانی خۆیان بكەن، بۆیە من تەسەور دەكەم بەشێك لەو داوایانەی كە هەیانە دەستوورین و گونجاون و دەبێت لەگەڵ ئەو ڕێككەوتنانەی كە هەیە جێبەجێ بكرێن، بەڵام لەوانەیە هەندێك داواكارییش هەبێت كە هیی هەموو ئەو خەڵكە نییە ئەو هەڵوێستەی بوێت و هیی ئەوە نەبێت كە بە جیددی وەربگیردرێن.

* چاودێران باس لەوە دەكەن كە سوننەكان پێشتر كارتی زۆریان بەكار هێناوە، بەڵام كارتەكانیان بووەتە هۆی بەهێزبوونی شیعەمەزهەبەكان وەكوو بەهێزبوونی سەرۆكوەزیرانی ئێستا، ئایا ئەم خۆپێشاندانانە پێت كاریگەرییەكی لێ بكەوێتەوە بێت؟

ـ بە تەسەوری من ئەو كار و چالاكی و جوڵەی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران وای كرد كە سوننە تەوحید ببێت، سوننە مەرجەعییەتێكی دیاریكراوی نەبوو، بەڵام ئێستا خەریكە خۆیان دەدۆزنەوە و شتێك پەیدا دەكەن بەناوی مەرجەع بۆ ئەوەی كە هەموویان پێكەوە شتێك بكەن بەرانبەر بە حكوومەتی فیدراڵی، تەسەور دەكەین هەڵەكان وایان كردووە كە ئەوان ئەوەندە موتەحید بن ئەگینا ئەوەندە یەكگرتوو نەدەبوون، لە بەرانبەریشدا شیعە یەكگرتووترە، چونكە ئەوان تابیعی فتوا و مەرجەعەكانیانن، بۆیە ئەوەی ئەم جارەیان جیاوازە لە جارەكانی دیكە.

* بۆ؟

ـ بە حوكمی ئەوەی كە زۆربەی شارەكان پێكەوە خۆیان ڕێك خستووە بۆ ئەوەی كە داواكارییەكانیان چی بێت، جاران فەلوجە تەنیا شەڕی دەكرد، مووسڵ ئاگای لە شتێك نەبوو یان دیالە، تكریت ئەمانە ئاگایان لێ نەبوو، بەڵام ئێستا لە هەموو شوێنەكان دروشمەكانیان یەكە، ناولێنانی ڕۆژەكان كە خۆپێشاندانی تێدا دەكەن یەكە، تەنیا شتێك كە تا ئێستا بە دەستی حكوومەتی فیدراڵییەوە مابێتەوە ئەوەیە كە بڵێت هەندێك لە عەناسری قاعیدە و بەعسی هاتوون تێكەڵاوی خۆپێشاندەران بوون.

* لە دوایین كۆبوونەوەی پارتی و یەكێتیدا دوو تەوەرتان باس كرد، یەكێكیان لەسەر عێراق و ئەوی تریان لەسەر ئاساییشی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم، ئایا ئێوە چ پلانێكتان هەیە هەم بۆ بەغدا و هەم بۆ كەركووك و ئەو ناوچانەی دەرەوەی هەرێم؟

ـ جارێ لە پێشەوە بەراستی دەبێت ئەوە بڵێین كە ئەم بۆشاییەی كە دروست بووە لەوەی كە تیرۆریستان دەتوانن دزە بكەنە ناو كەركووك و شارەكانی دیكەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، هۆكارەكەی دروستكردنی ئۆپەراسیۆنی دیجلەیە كە ئەم قەیرانانەی عێراقی لێ كەوتووەتەوە، لە جیاتی ئەوەی حكوومەتی فیدراڵی خەریكی دابینكردنی ئاساییش بێت خەریكی چۆنێتیی دروستكردنی ئەزمەی دیكە یان چۆنێتیی چارەسەركردنی ئەزمەیەكی ناوخۆی خۆیەتی، ئەمە وای كردووە كە كێشەكان گەورەتر ببن، بۆیە دەبینین كەركووك مەجالێكی یەكجار كراوەی هەیە بۆ دزەكردنی تیرۆریستان. ئەگەر لەبیرتان بێت تاوەكوو ئەو ماوەیەی پێشوو كردەوەی خۆكوژی لەناو كەركووكدا نەبوو، ئەمە ماوەیەكە پەیدا بووە و ئەو تەقینانەوەی كە ڕوویان داوە هەمووی كاری خۆكوژی بووە، ئەمە نیشانەی ئەوەیە كە بە ڕاستی دەروازەكان كراوەن و هاوكارییش هەیە بۆ ئەوەی دزە بە تیرۆریستان بكرێت. بۆ ئەوەی ئازار بە خەڵكی شارەكان بگەیەنن بە هەموو نەتەوەكانەوە، بۆیە ئەمەیش دەبێت چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە، هەر بۆیە لە كۆبوونەوەی ئەخیردا كە پارێزگاری كەركووكیش كە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتییە بەشدار بوو كە پێویست بەوە دەكات ڕێوشوێنی نوێ بگیرێتە بەر بۆ ڕێگرتن لە مەسەلەی دزەپێكردنی تیرۆریستان.

* پلانێك لەو بارەیەوە دانراوە؟
ـ پلانەكە بە تەئكید دەزگا ئەمنی و پولیسییەكان دەبێت دایبنێنن، چونكە ئەمە كاری تایبەتی ئەوانە.

هەواڵی پەیوەندیدار