پرۆسەی خوێندن تا مانگی یەکی ساڵی داھاتوو وەک ئێستا دەمینێتەوە

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا بڕیار درا کە پرۆسەی خوێندن بەو شێوەیەی ئێستا ھەیە بەردەوام بێت تاکو ٧/١/٢٠٢١ی ئەمساڵ دواتر بەپێی دۆخەکە بڕیاری نوێ دەدرێت.
دکتۆر جووتیار عادل، گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ڕوبەڕووبوونەوەی نەخۆشیی کۆرۆنا ڕایگەیاند: "ھەمان ئەو بڕیارانەی پێشتر درابوون لەبارەی پرۆسەی خوێندنەوە جێبەجێی دەکرێن، چونکە دۆخی کۆرۆنا ھێشتا باش نییە، بۆیە پێویستە ڕێکارەکان بەردەوام و توندتر بن و تێمی تەندروستی بەردەوام بن لە چاودێریکردن. دوای ٧//١/٢٠٢١ دووبارە دانیشتن دەکرێت و دۆخەکە ھەڵدەسەنگێندرێت و بەپێی ڕاپۆرتی لیژنەی تەندروستی بڕیار دەدرێت" .
گوتیشی: "وەزارەتی پەروەردە ئەو ڕێکار و پلانانەی پێویستە لەبارەی خوێندنەوە دەیگرێتە بەر و ئەنجومەنی وەزارەت پلانی داناوە بۆ ئەو کاتەی دەفەوتێت و لە داھاتوودا دەیخاتە ڕوو".
جووتیار عادل گوتیشی: "حکوومەتی ھەرێم لەبارەی مووچەوە بەم زووانە کۆ دەبێتەوە و بڕیار لەبارەی مووچەوە دەدات و ھەرکاتێک بە گونجاوی زانی شاندی دانوستانکار سەردانی بەغدا دەکات".
عادل باسی لەوەش کرد: "وەزارتی تەندروستی کاری جددیی کردووە لەسەر ئاستی حکوومەتی ھەرێم و بەغدا بۆ کڕینی ڤاکسین".
گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێم ڕوونیشی کردەوە: "پێشتر ڕێککەوتن لەبارەی بوودجەی ساڵی داھاتووەوە کراوە و داوای مافی کوردمان کردووە و بەردەوامیش دەبین لە گفتوگۆ و تەئکید لەسەر شایستە داراییەکانی ھەرێم دەکەینەوە".
جووتیار عادل ئەوەیشی خستە ڕوو: "ھەر ڕێکارێک بۆ سەلامەتیی ھاووڵاتییان پێویست بێت دەگیرێتە بەر و ئەوەی پەیوەستە بە خوێندنەوە جارێ ڕێکارەکان ھەروەکو خۆیان دەمێنن".
بڵند ئیبراھیم




