٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

جەیمس کلیڤەرلی: لە ھەوڵداین ناکۆکیی نێوان ھەرێم و بەغدا چارەسەر بکەین

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ کاروباری ڕۆژھەڵاتی  ناوەڕاست گوتی، ھەرێمی کوردستان دۆستێکی دێرینی بەریتانیایە و ''ئێمەش پشتگیری لە حکوومەتی ھەرێم دەکەین و ھەوڵ دەدەین ناکۆکیی نێوان ھەرێم و بەغدا چارەسەر بکەین''.

جەیمس کلیڤەرلی، وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ کاروباری ڕۆژھەڵاتی  ناوەڕاست لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری ھەولێر گوتی: "ھیوادارین عێراق سەرکەوتوو و خۆشگوزەران بێت و ھیوادارین عێراق و ھەرێم لەسەر بوودجە بگەنە ڕێککەوتن و لە بەغدا و ھەرێم ئەو قسەمان کردووە و دەمانەوێت چارەسەریەک بۆ بوودجە و مووچە بدۆزینەوە و خۆشگوزەرانیی عێراق بەگشتی و ھەرێم بەتایبەتی دەخوازین".

وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ کاروباری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ڕایشیگەیاند: "بەریتانیا دۆستێکی دێرینی گەلی کوردە و پاڵپشتێکی بەھێزی حکوومەتی ھەرێمە و دۆستی دێرینی حکوومەتی عێراقیشین، بۆیە پێمان ناخۆشە ناکۆکی لە نێوان ھەرێم و عێراق ھەیە و گەشبینین کە ئەو ناکۆکییانە چارەسەر دەکرێن و، لە ھەولێر و بەغدا باسی چارەسەرمان کردووە و ھیوادارین بەزوویی بگەینە چارەسەر بۆ ئاسایش و خۆشگوزەرانیی عێراق و خەڵکی کوردستانیش".

وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ کاروباری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست گوتیشی: "داعش لەناو نەچووە و ھێشتا ماوە، ڕاستە لەسەر دەستی پێشمەرگە تێک شکێندرا، بەلام ھەر ماوە و ھێزەکانی بەریتانیا شانبەشانی کورد شەڕیان کرد و بەردەوام دەبین لە تێکشکاندنی تیرۆریزم و پابەندین یارمەتیی کورد بدەین لەدژی داعش و لەو شەڕەدا پاڵپشتییان دەکەین".

ڕوونیشی کردەوە: "ئێمە دەزانین کە خۆپێشاندان لە عێراق ھەبووە و ھەیە و داوای باشترکردنی شێوازی حوکمڕانییان لە عێراق کردووە و میلیشیاکان ھێرشیان کردووەتە سەریان بۆ ئەوەی کێشە بۆ پرۆسەی سیاسی دروست بێت و ئێمە لەگەڵ عێراقێکی پارێزراوین و دەمانەوێت خەڵکی کورستان و پێوەندییە بازرگانییەکانمان پارێزراو بن و لەگەڵ حکوومەتی عێراق و ھەرێم دەبین و داوا دەکەین پارێزراو بن و بەدەم داواکارییەکانیان بچن" .

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار