٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئومێد خۆشناو: کۆبوونەوەی دابێ تایبەت بە مووچە دەبێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- سەرۆکی فراکسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی کوردستان گوتی، بڕیارە کۆبوونەوەی داھاتووی پەرلەمانی کوردستان بە ئامادەبوونی شاندی دانوستانکاری حکوومەت بەڕێوە بچێت و تێیدا باسی مووچە دەکرێت و شاندی حکوومەتیش ڕوونکردنەوەی تەواو بە پەرلەمان دەدات.

ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "کۆبوونەوەی ڕۆژی دووشەممەی پەرلەمان چاوەڕوانکراو بوو، چونکە ئێمە پێشتر بڕیارمان دابوو ڕۆژی چوارشەممە کۆبوونەوەی پەرلەمان تایبەت بە مووچە بکەین و نوێنەرانی حکوومەت بێنە پەرلەمان و ڕاستییەکان بۆ ڕای گشتی ڕوون بکەنەوە کە چۆن ھەڵسوکەوت لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەکرێت، بەداخەوە لەبری ئەوەی ھەڵوێستی نیشتمانیمان ھەبێت بەرامبەر بەغدا چەند پەرلەمانتارێک سێ سەعات تەشەنوجاتیان لەناو پەرلەمان دروست کرد و بە تەپڵلێدان دەستیان بە سێلفیگرتن کرد".

ئومێد خۆشناو گوتیشی: "ئێمە لەگەڵ ئەوەی ھەر کۆبوونەوەیەکی دیکە بکرێت پێویستە مووچە باسی گەرمی کۆبوونەوە بێت نەک یاری بە ھەست و سۆزی خەڵکی کوردستان بکرێت، بۆیە لەگەڵ ھەڵوێستی خەڵکی کوردستانین و سوپاسی خەڵکی کوردستان دەکەین" .

گوتیشی: "کۆبوونەوەی داھاتوو شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کە سەردانی بەغدایان کردووە کە پێشوەچوونی ھەبووە بە فایلی دەوڵەمەند بێنە پەرلەمان و باسی مووچە بکرێت کە لە بەغدا چ عەقڵیەتێک ھەیە، بۆیە کۆبوونەوەی داھاتوو بە ئامادەبوونی حکوومەت دەکرێت".

خۆشناو ڕوونیشی کردەوە: "خەڵک تەحمولی زۆری کردووە و یادداشتێک ئاراستەی بەغدا دەکەین کە چەند ستەم لە خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەکرێت و داواش لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکەین کە کۆبوونەوەی داھاتوو بە ئامادەبوونی حکوومەت باسی مووچە بکرێت و داواش لە ئۆپۆزسیۆن دەکەین بە تەپڵلێدان کێشەکان چارەسەر نابێت" .

ڕوونیشی کردەوە: "پێویستە پێداچوونەوە بە ڕێککەوتنەکاندا بکرێت، ئەوەی کرا قبووڵکراو بوو لەمەودوا قبووڵی ناکەین".

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار