٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە: شوقە لەسەر کەمدەرامەتان دابەش دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info-  دوای ئەوەی لە قەلادزێ یەکەکانی نیشتەجێبوون بەسەر خەڵکی کەمدەرامەتدا دابەش کران، بڕیارە لە ڕاپەڕینیش شوقە دابەش بکرێت و گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەش دەڵێت، لە زۆربەی شارەکان یەکەی نیشتەجێبوون دروست دەکەن.

مەریوان مەلا حەسەن، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای تەوابوونیان لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا لە قەلادزێ ئەو یەکانەی لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دروست کرابوون بەسەر خەڵکی کەمدەرامەتی سنورەکە دابەش کران و بڕیارە لە قەزای ڕاپەڕینیش شوقە دابەش بکرێت و پڕۆژەی دروستکردنی شوقەکانی ڕاپەڕین کۆتاییی ھاتووە.''

گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە گوتیشی: "لە قەزای زاخۆش پڕۆژەی دروستکردنی شوقە بۆ خەڵکی کەمدەرات قۆناغی باشی بڕیوە و بڕیارە لە ھەولێر و زۆربەی شار و شارۆچکەکان یەکەی نیشتەجێبوون دروست بکرێت، بەڵام بەھۆی قەیرانی دارایی لە ھەندێ ناوچە کارکردن تێیاندا ڕاگیراوە."

لەبارەی ئەو کەسانەی سوودمەند دەبن، مەریوان مەلا حەسەن ڕوونی کردەوە: "چەندین مەرج دیاری کراوە لە ڕێگەی پڕکردنی فۆڕمێکەوە لەوانەش بەشێکیان بۆ فەرمانبەرانی حکوومەت و ئەوانی دیکەش ئەو خێزانانە سوودمەند دەبن کە یەکەی نیشتەجێبوونیان نییە و داھاتیان سنووردارە، لە ڕێگەی ئیدارەی ھەر ناوچەیەک فۆڕم پڕ دەکرێتەوە."

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار